وەزارەتی ناوخۆ بە 12 ملیار دینار بەئەلیکترۆنی دەکرێت
رووداو - هەولێر
رۆتین و زۆری فایلەکانی دامودەزگاکانی حکومەت، بڕسکی لە کارمەندان بڕیوە، بۆیە لە هەولێر بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێكدا پرۆژەی بەئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگاکانی حکومەت راگەیەنرا و یەکەم وەزارەتیش، وەزارەتی ناوخۆیە کە بەئەلیکترۆنی دەکرێت.
قەرەباڵخی و رۆتین و ونبوونی فایل و دۆسیە سەرەتاییەکان، لە کێشە هەرە دیارەکانی نێو دامودەزگا و فەرمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستانن. کارکردن بە نووسراوی سەر کاغەز لە فەرمانگەکانی حکومییەکان ملیۆنان دۆسیە و فایلی کەڵەکە کردووە.
لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ، دەبێت بۆ هەر مامەڵەیەکی ئۆتۆمبێل ئەفسەرەکان بەدوای پەڕاوی سەرەتاییدا بگەڕێن، ئەمەش ماندووبوونێکی زۆرە بۆ کارمەندەکان و بەفیڕۆدانی کاتێكی زۆرە هەم لەخۆیان، هەم لە خاوەن مامەڵەکان. مەترسی لەناوچون یاخود ئاگارکەوتنەوە لەنێو هۆڵەکانی ئەرشیڤی هەر فەرمانگەیەک، گەورەترین کێشە بۆ ئەو فەرمانگەیە و خەڵکیش دروست دەکات.
رائید محەممەد عەبدولفەتاح، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر دەڵێ "ئەگەر رووداوێکی ئاگر بکەوێتەوە و بە ئێمە کۆنترۆڵ نەکرێت، کێشەیەکی زۆر گەورەمان بۆ دروست دەبێت و، زەحمەتە بتوانین لە کێشەکە دەربچین".
کارکردن بەم جۆرە تێچوویێکی ماددی زۆری خستووەتە سەرشانی حکومەت، تەنها بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ، ساڵانە زیاتر لە 2017 ملیۆن دینار بۆ کاغەز و پەڕاو خەرج دەکەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگرتنەبەری رێگەیەکی نوێ ئەم گرفتە لەکۆڵ خۆی دەکاتەوە، خەرجیش کەمتر دەکاتەوە و سوودێکی زۆریش بە هاونیشتیمانیان دەگەیێنێت، ئەو رێگەیەش بەئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگاکانی حکومەتە.
یەکەم هەنگاوی حکومەت لە وەزارەتی ناوخۆوە دەستپێدەکات، بەگوێرەی ئەو سیستەمە ئەلیکترۆنییە ئیدی کارکردن بە کاغەز نامێنێت. هەموو کار و مامەڵەکان بە کۆمپیوتەر ئەنجامدەدرێن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بەئەلیکترۆنی دەکرێن و بوار بۆ رۆتین و گەندەڵی ناهێڵرێت، قەرەباڵخی و سەرەگرتن لە فەرمانگەکان نامێنێت، بەجۆرێک ئەگەر ئێستا مامەڵەیەک چەند رۆژێکی بووێت، بەو سیستمە بەکەمتر لە کاژیرێک تەواو دەبێت.
سامی جەلال، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ "ئەگەر ئەم سیستەمە جێبەجێبکرێت سوودمەندی یەکەم هاووڵاتیان دەبن، بە کەمترین ماوە: باشترین کوالێتی و کەمترین تێچوو خزمەتگوزارییەکانی جێبەجێدەکرێن، حکومەتیش سوودمەند دەبێت، چونکە سیستەمی کاغەز و کڕینی پەڕاو و ئیفاد نامێنێت و، تێچووی زۆر لەسەر حکومەت نامێنێت".
بەگوێرەی سیستەمەکە سەرجەم یەکە کارگیڕی و سەربازییەکانی وەزارەتی ناوخۆ لەڕێگەی کۆمپیوتەرەوە پێکەوە دەبەسترێنەوە و هەموو کار و فەرمانەکان بە ئۆنلاین دەبن. تێچووی پرۆژەکەش هێندەی خەرجی چوار ساڵی پەڕاو و پۆستەی وەزارەتی ناوخۆیە، کە نزیکەی 12 ملیار دینارە و بە چوار ساڵیش تەواو دەبێت.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار