رووداو دیجیتاڵ
بارینی تەمەن حەوت ساڵان، ئەو منداڵەی هاندەری سەرسەختی یانەی نەورۆزە و نەخۆشیی سستی سییەکانی هەیە، بەڵام نەخۆشییەکەی خۆشەویستیی بۆ وەرزش کەمنەکردووەتەوە.
هەر رۆژێک یانەکەی یاری هەبێت، سەرەڕای ئازارەکانی، بارین بە بزەوە لە باوەشی پڕ میهرەبانیی دایکی، دەست بە ئامادەکاری دەکات بۆ چوونە یاریگە لەگەڵ باوکی.
یاسین لوقمان، باوکی بارینە و بە رووداوی گوت، "کاتێک دەچینە یاریگە، دەبێت چوار بوتڵی ئۆکسجین ببەین، ئەگەر وا نەکەین، ناتوانین سەیری یارییەکە بکەین و دەبێت لە نیوەی بگەڕێینەوە."
دوای ئەوەی ئامادەکارییەکان تەواو دەکەن، بارین بەرەو یاریگە بەڕێدەکەوێت، لەوێش بووەتە ئەستێرە و هەزاران هاندەر چاوەڕوانی گەیشتنی دەکەن.
بە باوەشی باوکییەوە لەگەڵ ئەو بوتڵە ئۆکسجینەی بووەتە بە فریادڕەسی ژیانی و هەناسەی قورسی ئاسان دەکات، بارین دەچێتە نێو یاریگە و روو لە هاندەران و لە ریزی یاریزانەکانی نەورۆز دەوەستێت.
لە یاریگە نوێیەکەی یانەی نەورۆز بە درووشمی 'ئێمە لەگەڵتین بارین' هاندەرانی یانەی نەورۆز لە کەمپەینێکدا هاوکارییان بۆ هاندەرە منداڵەکەیان کۆکردەوە، کە تائێستا بڕەکەی گەیشتووەتە 33 ملیۆن دینار.
کارزان لوقمان، لە دەستەی هاندەرانی یانەی نەورۆزە لەبارەی کەمپەینەکەوە دەڵێ "بەدەمەوەهاتنی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ کەمپەینەکە زۆر بوو و ئێمە بەردەوام دەبین. سوپاسی هەڵوێستی خەڵکی هەولێر و دهۆک دەکەین کە هاوکارمان بوون."
لە تەمەنی 20 رۆژییەوە، نەخۆشیی سستی سییەکان تەنگی بە بارین هەڵچنیوە، بۆ چارەسەریش پێویستە بۆ هیندستان یان ئەڵمانیا ببرێت، کە تێچووەکەی زیاتر لە 120 هەزار دۆلارە.
لە هەولێر، دهۆک و زاخۆ، وەرزشدۆستان و هاندەرانی یانەکانی ئەو شارانە، هاوشێوەی یانەی نەورۆز کەمپەینیان بۆ هاوکاریکردنی چارەسەری بارین راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ