هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ لیوا هاوبەشەکان لەڕێگەی 'هەژماری من'ـەوە دابەش دەکرێت

07-11-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تیمی 'هەژماری من' رایگەیاند هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە بۆ مانگی 10 لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە دابەش دەکرێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پڕۆژەی 'هەژماری من'، کە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2024) بڵاوکراوەتەوە و وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، دابەشکردنی هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ مانگی 10 بۆ لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە، لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە دەبێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی 'هەژماری من'، سوودمەندبووانی لیوا هاوبەشەکان کە لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە مووچەی مانگی 10 وەردەگرن، ژمارەیان 26 هەزار و 650 کەسە و بەگوێرەی پارێزگاکان دابەش بوون:
 
هەولێر: 15 هەزار و 872 کەس
سلێمانی: 5 هەزار و 833 کەس
دهۆک: 4 هەزار و 945 کەس
 
'هەژماری من' ئاماژەی بەوە کردووە، هاوکارییەکان لە کاژێر 09:00ـی بەیانی ئەمڕۆوە نێردراون بۆ ئامێرەکانی راکێشانی پارە لە سەرجەم پارێزگاکان، کە ژمارەیان ‌242 ئامێرە و، لە 78 کابینەدا دانراون، سوودمەندبووان لە رێگەی کورتەنامەوە لە هاتنی مووچەکانیان ئاگاداردەکرێنەوە.
 
وەکو پشتیوانییەک بۆ پێشمەرگە و یەکخستنەوەی یەکجاریی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانان مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە.
 
پێشتر هاوکارییەکەی هاوپەیمانان دەدرایە مووچەی لیوا هاوبەشەکان، بەڵام دوای ئەوەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە کەوتە ئەستۆی حکومەتی عێراق، ئەو بڕە پارەیە دابەشی سەر لیواکانی پیادە دەکرێت، بەدەر لە مووچەکەی خۆیان.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە