شەش مانگە رێگە نادرێت مریشکی پەلەوەرخانەکانی کوردستان هەناردەی عێراق بکرێت

07-11-2024
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خاوەنی پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن حکومەتی عێراق بەردەوامە لە رێگەنەدان بە هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: حکومەتی عێراق هەرجارە و بە بیانوویەک کێشە بۆ هەناردەی مریشکی زیندوو دروست دەکات. کشتوکاڵی عێراقیش بە قاچاخهێنانی مریشکی زیندوو و بەستوو بە هۆکاری کێشەکان دەزانێت.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە لە نێوخۆ زیاتر لە 265 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام هەرێمی کوردستان لە یەک ساڵدا پێویستی بە 146 هەزار تۆن گۆشتی مریشکە. پێشتر بەرهەمە زیادەکەی هەناردەی شارەکانی عێراق دەکرد، بەڵام وەک سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان دەڵێت: نزیکەی شەش مانگە  هەناردەکردن راگیراوە.
 
کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکان: شەش مانگە مریشکی زیندوو بۆ شارەکانی عێراق ناڕوات
 
پێنجشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2024، نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیکەی شەش مانگە کێشەی ناردنی مریشکی زیندوو بۆ شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق هەیە و ناهێڵن بەرهەمەکانمان ساغ بکەینەوە، قسەمان لەگەڵ لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عیراق کردووە و دەڵێن؛ حکومەتی عێراق داوادەکات پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستانیان رادەست بکرێت بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بێت."
 
نازم عەبدوڵڵا گوتیشی، "کێشەی هاوردەکردنی بڕێکی زۆر مریشکی بەستوو هۆکارە بۆ ئەو کێشەیە و وایکردووە حکومەتی عێراق بەرهەمی مریشکی زیندووی ئێمە وەرنەگرێت."
 
بە گوتەی نازم عەبدوڵڵا زیاتر لە 1840 پەلەوەرخانە و 2800 هۆڵی بەخێوکردنی مریشک لە هەرێمی کوردستاندا هەن، کە نزیکەی 700یان "نایاسایین."
 
سەبارەت بە  بەرهەمی پەلەوەرخانەکان، نازم عەبدوڵڵا گوتی، "بەرهەمی ساڵانەی پەلەوەرخانەکان دەگاتە نزیکەی 400 هەزار تۆن، لەکاتێکدا پێویستیی ناوخۆ تەنیا 145 هەزار تۆنە لە ساڵێکدا، ئەوەی دەمێنێتەوە پێویستە هەناردەی عێراقی بکەین."
 
نازم عەبدوڵڵا دەڵێت، لەوەتەی حکومەتی عێراق رێگری لە هەناردەکردنی مریشک بۆ شارەکانی عێراق دەکات، خاوەن پەلەوەرخانەکان 80 ملیار دینار زیانیان بەر کەوتووە.
 
"عێراق حیسابی بیانی بۆ بەرهەمەکانی کوردستان دەکات"
 
رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی مریشکی زیندوو و هێلکەمان لە سەروو خواستی خۆمانە و پێویستیمان بە ساخکردنەوەیە، بەڵام حکومەتی عێراق هەرجارە و بە بیانوویەک کێشە بۆ هەناردەی مریشکی زیندووی پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان دروست دەکات."
 
رابەر محەممەد گوتیشی، "کێشەکە لەوەدایە حکومەتی عێراق هەرکاتێک پێویستی بە بەرهەمەکانمان بێت بازگەکانی دەکاتەوە و هەرکاتیش پێویستی پێی نەما دایاندەخات."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری، تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستانی لە چوارچێوەی پەلەوەرخانەکانی عێراق هەژمارنەکردووە و هاوشێوەی بەرهەمی بیانیی مامەڵە لەگەڵ بەرهەمەکانمان دەکات."
 
کشتوکاڵی عێراق: کێشەمان لەگەڵ مریشکی قاچاخە
 
حکومەتی عێراق دەڵێت، ئەوان کێشەکەیان لەگەڵ بەرهەمی پەرلەوەرخانەکانی کوردستان نییە. محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "کێشەی ئێمە لەگەڵ بە قاچاخهێنانی مریشکی زیندوو و بەستووە لەو دەروازانەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی هەرێم و عێراقدا نین."
 
محەممەد خوزاعی گوتیشی: "زۆرجار هەندێک مریشک دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان و لەوێوە دەگەنە عێراق، کە هەڵگری نەخۆشین و بەرهەمە نێوخۆییەکانیشمان تووشی نەخۆشی و کێشەی هەمەجۆر دەکەن، مریشکە بەستووەکانیش کێشە بۆ بازاڕی بەرهەمی نێوخۆیی دروست دەکەن."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بەوەدا ئەوانیش لە کەربەلا و شارەکانی دیکەی عێراق پەلەوەرخانەیان هەیە، بۆیە ناچارن بەگوێرەی پێویستیی مامەڵە لەگەڵ هاوردە بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە