ئەمڕۆ لە هەولێر و سلێمانی 3500 پارچە زەوی دابەش دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر ئەمڕۆ زەوی بەسەر فەرمانبەران و لە سلێمانیش زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیدان دابەش دەکرێت.
پێنجشەممە 7 تشرینی دووەمی 2024، سەرچاوەیەک لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ وەک قۆناخی دووەم، سێ هەزار فەرمانبەر بەپێی مەرجەکان سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر."
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە کاژێر 10:00 بەیانی لە شارەوانیی هەولێر دەستپێدەکات. ئەو سەرچاوەیە گوتی "دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت و هەفتەی داهاتووش زەوی بەسەر دوو هەزار فەرمانبەر دابەش دەکرێت."
دوو رۆژ پێش ئێستا، سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لەم هەفتەیەدا دەست بە پرۆسەی دابەشکردنی پێنج هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەکرێت."
هاوکات ئەدیب لەتیف، بەڕێوەبەری گشتيی كاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "500 پارچە زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیدان دابەش دەکرێن، ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە پێشتر فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بۆ دەرکرابوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی زەوی، پێدانی زەوییەکەیان دواکەوتبوو."
بەڕێوەبەری گشتيی كاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی گوتیشی "پرۆسەکە کاژێر 10:00ـی بەیانی بە سێ قۆناخ بەڕێوەدەچێت، ئەمڕۆ یەکەم قۆناخە، بە تیروپشک زەوی بەسەر 500 کەسدا دابەش دەکرێت."
17ـی تشرینی یەکەم تیروپشک بۆ دابەشکردنی 5 هەزار پارچە زەوی لە هەولێر کرا. رۆژێک پێشتریش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تیروپشکی دابەشکردنی زەوی کرابوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە 17ـی تشرینی یەکەم بڵاوکراوەتەوە، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش 2 هەزار و 474 پارچە زەوی رەزامەندیی دابەشکردنیان دراوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ـی ئاداری ئەم ساڵ بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا، کە سوودمەند نەبوون.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.