یەکێک لە تۆمەتبارانى رووداوەکەى دیالە لە دهۆک دەستگیرکرا

07-11-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

یەکێک لە تۆمەتبارانى رووداوى کوشتنى کەسێک و سووتاندنى تەرمەکەى لە دیالە، لە پارێزگاى دهۆک دەستگیرکراوە، تۆمەتبارێکى دیکەشیان لە نەینەوا دەستگیرکرا.
 
7ى تشرینى دووەمی2024، فەرماندەیی پۆلیسی دیالە لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریى رووداوی کوشتنى کەسێک و بردنى ئۆتۆمبێلەکەى بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، سێ کەس لە ناحیەى هبهب لە دیالە چوونەتە پێشانگەیەکى ئۆتۆمبێل و پاسەوانەکەیان کوشتووە و تەرمەکەیان سوتاندووە، بڕێک پارەیان بردووە کە لەو ئەو پێشانگەیە بووە و ئۆتۆمبێلێکى نوێیان دزیوە.
 
لەدواى لێکۆڵینەوە، پۆلیس یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیر دەکات و دوو تۆمەتبارەکەى دیکە هەڵاتوون و بە هاوکاریی پۆلیسى کەرکووک و دەزگا ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان، یەکێک لە تۆمەتبارەکان لە نەینەوا و ئەوی دیکەیان لە پارێزگاى دهۆک دەستگیرکراوە و گوتەیان لێ وەرگیراوە. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ى تشرینى دووەم عەمید هەیسەم شمەرى، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پۆلیسی دیالە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "قوربانییەکە و تۆمەتبارەکان هەموویان خەڵکى دیالەن، رووداوەکە لە سنوورى شارى بەعقوبەى ناوەندى پارێزگاکە روویداوە."
 
فەرماندەیی پۆلیسی دیالە رایگەیاندووە کە ئەو سێ کەسە بە گوێرەى مادەى 405 دەستگیرکراون کە تایبەتە بە کوشتنى بەئەنقەست و سزاکەى زیندانی تاهەتاییە.
    
رووداوەکە دوێنێ 6ى تشرینى دووەم روویداوە و تۆمەتبارەکان ئەمڕۆ 7ى تشرینى دووەم دەستگیرکراون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە