رووداو دیجیتاڵ
لە شارەزوور لە ماوەی 24 کاژێر دا زیاتر لە هەزار و 200 کەس تووشی سکچوون و رشانەوە بوون و سەردانی نەخۆشخانەی گشتیی شارەکەیان کردووە؛ ژمارەکە لە زیادبوونە. هاونیشتمانییان گلەیی لە پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی ناوچەکە دەکەن.
بەلێشاو دەچنە نێو نەخۆشخانە و بە ژیناو و دەرمانەوە دێنە دەرەوە. ئەوە رەوشی دووەمین رۆژی نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگی شارەزوورە. جمەی دێت لە تووشبووانی سکچوون و رشانەوە.
ئایلا ئاریان، یەكێکە لە نەخۆشەکان و دەڵێت: "یەکەم جار ناوسکم ئازاری هەبوو. شەو رشامەوە. تۆزێک لەمەوپێش هاتم کانیۆلایان بۆ دانام. وتیان ئەو حەبە بخۆ."
شاهید ئارینا نەخۆشێکی دیکەیە و دەڵێت: "لە شەوەوە نەخۆشم. چوار جار رشامەوە. نەخۆش کەوتووم، پێیان وتم بڕۆرەوە بۆ ماڵەوە با ئاوەکەتان (ژیناو) پێوە بێت. ئاویان بۆ داناوم. من شتم پێ ناخورێت. منیش هەرچی دەخۆم هەڵی دەهێنمەوە."
گۆران مەحموود، نەخۆشێکی دیکەیە و دەڵێت: "ئێمە لە ماڵی خۆمان پێنج کەسین. دوێنێ ئەمە بەسەر کچەکەم دا هات. کچێکی بچووکم هەیە. ناڕەحەت بوو و بارودۆخی تێکچوو. تووشی رشانەوە بوو. هێنام بۆ نەخۆشخانە. هیچ دەنگی نەبوو. بردمەوە، کوڕەکەشم وایلێهات و دواتر خێزانیشم و خۆشم گرتمانەوە."
شیفا رەحیم، دایکی نەخۆشێکە و باس لەوە دەکات: "منداڵەکەم لە شەوەوە وای لێهات. تووشی پەتای سکچوون و رشانەوە بوو. هێنام بۆ نەخۆشخانە. دەرمان و شتیان بۆ دابین کرد."
زۆربەی دانیشتووانی شارەزوور گلەیی لە ئاوی شارەکە دەکەن. بەتایبەت لەو بۆنەی لێی دێت.
هێرش ئەحمەد، دانیشتووی قەزای شارەزوورە و دەڵێت: "شەش مانگ زیاتر دەبێت، کەمتر نابێت هەر وایە. کاژێرێک دوای ئەوە پاکدەبێتەوە، کێشەی نامێنێت. هەمووی وایە. ئەم گەڕەکە لەو ئاوەش دەخۆینەوە. دوای پاکبوونەوە دەیخۆینەوە. بە ئامێری کۆمپانیاکەش پشکنینمان کرد، کێشەی نەبوو. رەنگ و بۆنیشی تێکچووە. هەر باس ناکرێ. بۆنی زێرابەکە لەوە پیستر نییە."
لیژنەیەکی تایبەت لە تەندروستیی سلێمانی سەردانی شارەزووریان کردبوو و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە بەدواداچوونیان کرد. گومانەکان بۆ ئاوی خواردنەوەی شارەکە دەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ