مەحموود عوسمان: پرسیارەکانی سەرژمێری هێڵی هەژاری دیاری دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان ئەنجامەکانی سەرژمێری سوودیان بۆ کەرتی تایبەت و زانکۆکانیش دەبێت و دەڵێت: بەپێی یاسا پابەند کراون زانیاریی کەسی هاووڵاتییان نەدرێتە هیچ لایەنێک.
رۆژی پێنجشەممە، 07-11-2024، مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان لەبارەی فۆڕمی پرسیارەکانی سەرژمێریی گشتی بە رووداوی گوت، ''فۆڕمەکە 70 پرسیاری وردی تێدایە و بەر لە رۆژی سەرژمێریش، ئێمە لەکاتی ژمارەلێدان و گەمارۆسازیدا لەسەر هەموو بینایەک، نزیکەی 45 پرسیاری دیکەمان هەیە، بۆ ئەوەی پێناسەی هەموو بینایەکان بکەین کە بۆچی بەکاردەهێنرێت.''
بە گوتەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان، پرسیارەکانی سەرژمێری هێڵی هەژاریش دیاری دەکەن، ''دیاریکردنی هێڵی هەژاری فرەبابەتە و دەبێ لە هەموو بوارەکاندا بێت، مەرج هەر پارە نییە. ئەگەر پێداویستییەکانی ماڵەوەت نەبێت، بە هەژار هەژمار دەکرێیت.''
وەک لە پرسیارەکاندا هەیە، بژمێرەکانی سەرژمێری سەرجەم زانیاریی کەسیی دانیشتووان دەپرسن. مەحموود عوسمان جەختی لەوە کردەوە، زانیاریی کەسی هاووڵاتییان ئاشکرا ناکرێن، ''بەپێی یاسا پابەند کراوین زانیارییە کەسییەکان بە هیچ لایەنێک نەدرێت، تەنانەت سەرۆکی وڵاتیش داوا بکات، بە هیچ شوێنێک نادرێت.''
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، دوای سەرژمێری، ناوەکان لەسەر فۆڕمەکان لادەبرێت و تەنیا نیشاندەرە ئامارییەکان دەمێننەوە، ''بۆ ئەوەی لەسەر هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە، زانیارییەکان بخرێنەڕوو و هەموو کەموکوڕییەکان دەستنیشان بکرێن، هەروەها حکومەت بزانێت کە پێویستە لە چی شوێنێک پارە خەرج بکات و پلانی ستراتیژی بۆ گرفتەکان دابنێت.''
لە 20ـی 11ی 2024 پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و 20 رۆژ دەخایێنێت. رۆژانی یەکهم و دووهمی سەرژمێری، قەدەخەی هاتووچۆ رادەگەیێندرێت، زانياريى گشتيى خێزانهكان وهردهگيرێت و رۆژانی دواتريش كارى سهرژمێرى به وهرگرتنى زانياريى ورد له خێزانهكان بەردەوام دەبێت.
مەحموود عوسمان گوتی، "کاتی سەرژمێری کە قەدەخەی هاتووچۆیە، هەر بژمێرێکمان دووبارە سەردانی نزیکەی 80 بۆ 130 خێزان دەکاتەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەنجامی خێزانەکان رووبەڕوو ببێتەوە کە لە رۆژانی 16 تاوەکو 19ـی مانگ ناویان تۆمار کراوە.''
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان نموونە دەهێنێتەوە، ''ئەگەر حەوت ئەندامی خێزانێک لە ماڵێکدا بن، دەبێ ئەو حەوت کەسە کاتی سەرژمێری لە ماڵەوە بمێننەوە، ئەگەر کەسێکیش لە ماڵەوە نەبێت، پرسیار دەکرێت کە لە کوێیە؛ هەروەها پرسیار دەکرێت کە لە چوار رۆژی رابردوودا کەسێکی خێزانەکە گیانی لەدەستداوە یان لەدایک بووە، بۆ ئەوەی ناوی لە سەرژمێرییەکە بکوژێندرێتەوە یان زیاد بکرێت.''
مەحموود عوسمان لەبارەی ئەو کەسانەی کە رۆژی سەرژمێری ناچارن بچنە دەوام و لە ماڵەوە نابن، دەڵێت: ''سەردانی سەرجەم شوێنەکان تەنانەت نەخۆشخانە و زیندانەکانیش دەکرێت و ئەو کەسانەی لەوێن، ناویان تۆمار دەکرێت.''
6ـی تشرینی دووەم، بە مەبەستی بەشداربوون لە پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بۆ ساڵی 2024 وەکو بژمێر (عداد)، ماڵپەڕی پێشکێشکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی کارا کرا. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان گوتی: ''بۆ ئەم مەبەستە پەنامان بردووەتە بەر دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگەکان کە بێکارن و بەداخەوە ژمارەیان زۆرە.''
مەحموود عوسمان ئاماژەی بەوە کرد، لەو ماوەیەدا کە پێشکێشکردنی فۆڕم راگەیێندراوە، ژمارەیەکی زۆر لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان فۆڕمیان پێشکێشیان کردووە، ''لە هەرێمی کوردستان پێویستیمان بە 15 هەزار کەسە و 8 هەزار کەسیشمان راهێناوە کە بەگشتی دەکاتە 23 هەزار کەس.''
زیاتر لە 94%ی کارەکانى قۆناخى پرۆسەى گەمارۆسازی و ژمارەلێدان بۆ پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی لە هەرێمى کوردستان کراون، لە عێراقیش زیاتر لە 98%ى تەواو کراوە. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''بۆ قۆناخی ژمارەلێدان و گەمارۆسازیش، زیاتر لە 8 هەزار و 574 مامۆستا هاوکارمان بوون، بەڵام بەهۆی دەستپێکردنەوەی قوتابخانەکان، ئەوان سەرقاڵن.''
وەک مەحموود عوسمان باسی کرد، حکومەتی عێراق خەرجی و بودجەی تەواوی بۆ سەرژمێری بۆ دابین نەکردوون، ''ئێمە تەنیا پشکی خۆمان لە بودجەی 2023 وەرگرتووە، بودجەی ئەم ساڵ بە بیانووی ئەوەی کە لە بەغدا بۆ کۆمپانیاکان و شتی دیکە خەرجکراوە، نەهاتووە؛ بەڵام ئێستا دووبارە داوامان کردووە کە ئەگەر خەرجی و پارەمان نەدەنێ، ئێمە هەژارین و ناتوانین ئەم قۆناخە تێپەڕێنین.''
کارەکانی ژمارەلێدان و گەمارۆسازیی سەرژمێریی گشتی لە عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەستیپێکرد و تاوەکو 1ی تشرینی دووەم بەردەوام بوو، لە هەرێمی کوردستانیش لە 01-10-2024 دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
بڕیارە لە 20-11-2024 سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت.