TBI و 'هەژماری من' لەسەر خێراکردنی تۆماری فەرمانبەران رێککەوتن

07-11-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت: تیمی هەژماری من و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی رێککەوتوون لەسەر خێراکردنی تۆماری فەرمانبەران، گەیاندنەوەی کارتەکان و دانانی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
 
ئەمڕۆ، 7ـی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ تیمی هەژماری من و شاندی تەکنیکی بانکی تی بی ئای، یەکەمین کۆبوونەوەیان دوابەدوای واژۆکردنی گرێبەستەکەیان ئەنجامدا. "رێککەوتن لەسەر خێراکردنی تۆماری فەرمانبەران، گەیاندنەوەی کارتەکان و دانانی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان."
 
لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بە رێکەوتنێکی سەرەتایی هاتە نێو پڕۆژەی (هەژماری من) و بووە هەشتەم بانکی بەشداربووی پڕۆژەکە. هەفتەی رابردووش، هەریەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی TBI گەیشتنە رێککەوتنێکی فەرمی لەسەر ناوەڕۆکی گرێبەست و واژۆیان لەسەری کرد بە مەبەستی جێبەجێکردنی پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من).
 
وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەکات، "هاوشێوەی بانکە بەشداربووەکانی دیکە، لەمەودوا خزمەتگوزارییەکانی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان فراوانتر دەبێت، نموونەی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە رێکەوتنیان لەسەرکراوە بریتین لەوەی بانکەکە دوو لقی نوێ لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بکاتەوە و دەیان ئامێری راکێشانی پارە لەنێو کابینەکانی هەژماری من لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیر بکات."
 
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی، "بەمزووانە تیمی هەژماری من دەست بە دابەشکردنی زیاتر لە 10,000 کارتی (TBI) دەکات."
 
وەزارەتی دارایی داوا لەو مووچەخۆرانە دەکات کە تائێستا خۆیان تۆمارنەکردووە، "بەزووترین کات سەردانی بریکارەکانی هەژماری من بکەن و خۆیان تۆماربکەن."
 
وەزارەتی دارایی دەڵێت، "تائێستا نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەر خۆیان لە پرۆژەی (هەژماری من) یاخود بەبانکیکردنی مووچە (توطین) تۆمار کردووە. هەموو ئەو فەرمانبەرانەی لە رێگەی هەشت بانکەکەی ناو پرۆژەی هەژماری من خۆیان لە بەبانکیکردنی مووچە (توطین) تۆمار دەکەن، لەداهاتوودا لە هەموو ئەو خزمەتگوزاریە دارایی و بانکیانە سودمەند دەبن، کە بانکەکان پێشکەش بەمووچەخۆران و فەرمانبەرانی دەکەن."
 
3ـی تشرینی دووەمی 2024 بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) رایگەیاند، گرێبەستیان لەگەڵ پڕۆژەی 'هەژماری من' واژۆ کردووە بە مەبەستی بەجێکردنی مووچە.
 
'هەژماری من' پڕۆژەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 600 هەزار کەس تۆمار کراون، مانگی رابردوو 153 هەزار کەسیان بە کارتی ئەلیکترۆنی مووچەی مانگی ئەیلوولیان وەرگرت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە