تووشبوون بە سکچوون رشانەوە لە شارەزوو گەیشتە 800 کەس؛ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی چەند کاژێرێکدا 800 کەس لە تەمەنە جیاوازەکانەوە تووشی سکچوون و رشانەوە بوون و سەردانی نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئووف بەگیان لە قەزای شارەزوور کرد، ئەمڕۆش لیژنەیەک لە سلێمانییەوە دەچێت بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی.
یەکێک لە نەخۆشەکان گەیلان دڵشادە کە منداڵێکە و لەنزیک باوکییەوە قسەی بۆ رووداو کرد، دەڵێ "لە قوتابخانە یەکێک تووش بوو، کۆکەی دەکرد و دواتر منیش تووش بووم."
ئارش سالار، تووشبوویێکی دیکەیە، باس لەوە دەکات دوای ئەوەی ژەمی ئێوارەی خواردووە تووش بووە، دەڵێ "سەرەتا ناو سکم ئێشی دەکرد، دواتر کاژێر 10:00 کەمێک خەوتم و رشامەوە، یەک کاژێر خەوتم و 11:00 هەڵسام و دووبارە رشامەوە."
پیاوێکی بەتەمەن، بەناوی ئەحمەد نادر بەهەمان شێوە لە نەخۆشخانەکەوە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 7-11-2024) قسەی بۆ رووداو کرد. مام ئەحمەد دەڵێ "هەر لەناکاوێکدا ئەو دەردەم لێ هات. ئێوارە نانم خوارد، چایم خوارد، میوانیشمان هەبوو و قسە و سوعبەتمان دەکرد، لەناکاوێکدا وام لێهات."
دڵشاد محەممەد باوکی گەیلان بە رووداوی گوت "ئاوی ئەو ناوچەیە پیس بووە، ئاوی زێرابی لەگەڵدا تێکەڵ بووە. گەیلانی کوڕم رشابووەوە، ئیدی هێنامان بۆ نەخۆشخانە، کە هاتین نەخۆشخانەکە زۆر قەرەباڵخ بوو، ئێستا باشتر بووە. داواکارین چارەسەری بهێنن بۆ ئەو خەڵکە هەژارە، چونکە چارەسەری نییە و دەبێت لە دەرەوەی بیکڕی."
بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە شەوی رابردوو گوتی زیاتر لە 800 کەس بە گومانی تووشبوونیان بە سکچوون و رشانەوە، هاتوونەتە نەخۆشخانەکە.
سامان سابر، بەڕێوبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید رەئووف بەگ لە شارەزوور، درەنگانی شەوی رابردوو بە رووداوی گوت "لە 08:00ـی بەیانییەوە نزیکەی 800 کەس سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە، لەو ژمارەیەش 500 کەسیان تووشی حاڵەتی سکچوون و رشانەوە بوون، چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە و زۆربەیان گەڕاونەتەوە ماڵەوە، ئێستا چەند حاڵەتێک لە نەخۆشخانە ماون لەوانەیە 20 کەسێک بن."
هەمان بەرپرسی نەخۆشخانەکە ئەمڕۆ بە رووداوی گوت "تووشبوون بەردەوامە و نەخۆشخانەکەمان پڕە لە نەخۆش. دۆخی نەخۆشەکان هەیانە باشە و هەشە قورستر گرتوویەتی".
نەخۆشخانەى شەهید رەئووف بەگ لە قەزای شارەزوورە کە بە "هەڵەبجەی تازە"ـش ناسراوە.
سامان سابیر دەڵێ "لیژنە پێکهێنراوە، کە ئەمڕۆ بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن، بۆ ئەو گەڕەکانەی گومانیان لەسەرە، لەوێ نموونە وەردەگیرێت تاوەکو بزانن هۆکارەکەی چییە."
لەسەر داوای بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید رەئووف بەگ، بڕیارە ئەمڕۆ تەندروستی سلێمانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری نەخۆشییەکە بنێرێتە شارەکەیان و لە هۆکارەکەی بکۆڵنەوە.