رووداو دیجیتاڵ
بازرگانانی هەرێمی کوردستان نیگەرانن لە بازگەکانی عێراق لە بەرامبەر ئەوەی رێگەیان پێنادرێت، بارەکانیان بگەیێننە پارێزگاکانی خواروو و نێوەڕاست. بەوهۆیەوە بە هاوبەشی لەگەڵ ژووری بازرگانیی هەولێر نامەیەک بۆ سوودانی دەنێرن.
رۆژی پێنجشەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2024، ژووری بازرگانیی هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ بازرگان و پیشەسازکارانی هەولێر کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان کرد و لەو ڕێگەیەوە نامەیەکی کراوەیان ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، لە نامەکەدا داوایان کرد، دەستێوەردانی راستەوخۆ لە بابەتەکەدا بکات و سەرجەم کێشە و گرفتی بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر بکات.
هەر ئەمڕۆ گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەگەر 72 کاژێر یان زیاتر بەسەر مەنەفێسی ئۆتۆمبێلی هەڵگری بەرهەم و باری شارەکانی هەرێمی کوردستان تێپەڕێت، لە بازگەکانی عێراقەوە ناهێڵن ئەو بارانە داخیل بکرێن."
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر گوتیشی، "لە یەکی تشرینی یەکەمی رابردووەوە ئەو بڕیارە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە دراوە و دواتر بۆ ماوەیەک بڕیارەکە راگیرا، بەڵام نزیکەی 5 رۆژە بڕیارەکە کارا کراوەتەوە و ئەوەش کێشەی زۆری بۆ خاوەن پڕۆژە و بەرهەمەنێوخۆییەکان دروستکردووە."
سەبارەت بە گەیاندنی نامەکەیان بەدەست سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، "لەم چەند رۆژەدا نامەکە بە کاخەز دەگەیێنینە دەستی محەممەد شیاع سوودانی و بەوهیوایەین کە کێشەکە چارەسەر بکات."
دەقی نامەکەی ژووری بازرگانی هەولێر، بازرگان و پیشەسازکارانی هەرێمی کوردستان بۆ سوودانی:
بەداخێکی زۆرەوە کە لە ماوەکانی رابردوودا، کۆمەڵێک بەربەست لەبەردەم جووڵەی بازرگانی لە بازگەکان دروست دەکرێن، کە رێگە نادرێت ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی بەرهەمی نێوخۆیی لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەدا هاتووچۆ بکەن.
لای جەنابتان روونە کە بەربەست دروستکردن لە بەردەم جووڵەی بازرگانی پێشێلکارییەکی ئاشکرای مادەی 24ـی دەستووری عێراقییە، کە تێیدا هاتووە، لەسەر دەوڵەتە کە ئازادیی جموجۆڵ و گواستنەوەی بەرهەمە نێوخۆییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە فەراهەم بکات.
هەروەها، دانانی بەربەست لە بەردەم جووڵەی بازرگانیی پڕۆسەی گەشەکردن و تەواوکاریی ئابووری عێراق پەکدەخات، سەرەڕای هەوڵتان بۆ پلاندانان و رێکارە گرنگەکانتان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.
ئێمە وەکو ژووری بازرگانیی هەولێر و پیشەسازیی هەولێر، لەگەڵ ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی کەرتی تایبەت بە نوێنەرایەتیی سەرجەم بازرگان و پیشەسازکاران داوا لە حکومەتە بەڕێزەکەتان دەکەین، دەستێوەردانی راستەوخۆ و بەپەلە بۆ لادانی ئەو گرفت و بەربەستانە بکەن کە لەبەردەم گواستنەوەی بەرهەمە نێوخۆییەکان و هاوردەکراوەکان دروست دەکرێن، کە ئەمەش کێشەیەکی گەورە بۆ پێویستی رۆژانەی دەزگا بەرهەمهێنەرەکان و هاووڵاتیان بە گشتیی دروست دەکات.
هیوامان وایە رێکاری پێویست بۆ چارەسەری ئەو کێشە و گرفتانە بگیرێتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ