میری ئێزدییان بۆ لایەنەکان: بۆ بەرژەوەندیی کوردستان کۆببنەوە و رێکبکەون

رووداو دیجیتاڵ

میری ئێزدییان کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و رێککەوتن لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان بە پێویست دەزانێت و دەڵێت: "دەبێ بەرژەوەندیی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت و لە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبییەوە بێت."
 
رۆژی پێنجشەممە 07-11-2024، میر حازم تەحسین بەگ لەکاتی سەردانی بۆ سەر مەزاری مام جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە گرنگیی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەت کرد.
 
میر حازم تەحسین بەگ گوتی، ''دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هاتووین [بۆ سلێمانی] بۆ ئەوەی دەرفەت هەبێت کاک بافڵ (سەرۆکی یەکێتی) و کاک قوباد (جێگری سەرۆکی حکومەت) ببینین و سەردانی حکومەتی خۆجێیی سلێمانیش بکەین.''
 
میری کوردانی ئێزدی ئەوەشی خستەڕوو، لە دیداری مێری کە 29 و 30ـی تشرینی یەکەم لە هەولێر بەڕێوەچوو، داوای لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە، سەرجەم لایەنەکان لەسەر مێزێک کۆببنەوە، بۆ ئەوەی رێککەوتنێک لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەت بکەن.
 
میر حازم تەحسین بەگ ئەوەشی خستەڕوو، ''خەڵک بۆ بەرژەوەندیی کوردستان دەنگیان بە لایەنەکان داوە، بۆیە ئێمە داوا لە هەموو لایانە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین، لەسەر مێزێک دابنیشن و رێککەوتنێک بکەن، بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت و دەبێ لە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبییەوە بێت.''
 
20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەرێمی کوردستان کرابووە 4 بازنە؛ بازنەی هەولێر، بازنەی سلێمانی، بازنەی دهۆک و بازنەی هەڵەبجە. 
 
بە گوێرەی کۆمیسیۆن، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکەمی هەڵبژاردنەکە بووە، دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 23 کورسی دووەمە و جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە 15 کورسی سێیەمی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە.
 
هەروەها یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، حەوت کورسی. رەوتی هەڵوێست چوار کورسی، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سێ کورسی، بەرەی گەل دوو کورسی و هەریەکە لە لە گۆڕان و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێناوە.
 
کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی میر حازم تەحسین بەگ لەسەر مەزاری مام جەلال بوو و گوتیشی، ''مام جەلال لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان کەسایەتییەکی بەرزی هەبووە و هاوڕێی میرتەحسینی باوکم بووە، داوا لە خودای گەورە دەکەین جێگەی بەهەشت بێت.''