لە کەرکووک 1100 وانەبێژی خوێندنی کوردی کرانە گرێبەست

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێت، لە خوێندنی کوردی، 1100ی مامۆستای وانەبێژ کراونەتە گرێبەست.
 
رۆژی 25ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژان بکرێنە گرێبەست.
 
رۆژی پێنجشەممە، 07-11-2024، کامەران عەلی حوسێن، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە چوارچێوەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەگرێبەستکردنی مامۆستانی وانەبێژدا، 1100 مامۆستای وانەبێژی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بوونەتە گرێبەست. 
 
مووچەی مانگانەی مامۆستایانی گرێبەست 500 هەزار دینارە. 
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر هاوکاریی خوێندنی کوردییە و دەڵێت، دوو ساڵ لەمەوبەر 500 مامۆستای بۆ خوێندی کوردی کەرکووک بە هەمیشەیی دامەزراند.
 
لە کەرکووک 550 قوتابخانە و زیاتر لە 100 هەزار قوتابی و 9 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر کارمەندی خوێندنی کوردی هەن، کە سەرجەمیان لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە