حکومەت خزمەتگوزاریی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون وەردەگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر رایگەیاند، سێ باڵەخانەی داینگە لە پڕۆژەکانی نێشتەجێبوونی هەولێر رادەستی ئەوان کران. سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "خزمەتگوزاریی هەموو پڕۆژەکان دەدرێتەوە فەرمانگەکانی تایبەت بە خۆیان."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی تشرینی یەکەم، یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوێنێ چوارشەممە سێ باڵەخانەی داینگە لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی ئاڵتون سیتی، مامۆستایان و ئاشتیی هەولێر رادەستی ئێمە کران."
لە پارێزگای هەولێر 122 داینگەی حکومی و ناحکومی هەن. بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر دەڵێت: "لە قۆناخی یەکەمدا هەموو داینگەکان بەیەکەوە وەردەگرینەوە، لە قۆناخی دووەمدا دەست بە کاردەکەین و دەیانکەینەوە."
هاوکات د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لە هەموو یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراون، ئەوانیش بەسەر فەرمانگەکاندا دابەشی دەکەن.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، "دوێنێ سێ داینگە رادەستی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی کران، لە رۆژانی داهاتوودا هەموو پڕۆژەکانی دیکەی خزمەتگوزاری رادەستی فەرمانگەکانی حکومەت دەکرێن."
لە هەرێمی کوردستان 220 پڕۆژەی نیشتەجێبوون مۆڵەتیان وەرگرتووە و زۆرینەیان تەواو کراون.
بەگوێرەی ئاماری دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2006ـەوە تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو، نزیکەی 214 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دروستکراون. لەوانە زیاتر لە 111 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەولێر، لە سلێمانی زیاتر لە 53 هەزار یەکە، لە دهۆک زیاتر لە 26 هەزار یەکە، لە هەڵەبجە 336 یەکە، لە ئیدارەی گەرمیان زیاتر لە 9 هەزار یەکە، لە ئیدارەی سۆران زیاتر لە هەزار یەکە، لە ئیدارەی زاخۆ زیاتر لە 7 هەزار یەکە و لە ئیدارەی راپەڕینیش زیاتر لە دوو هەزار یەکەی نیشتەجێبوون.