ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو تاوتوێی مەترسییەکانی سەرژمێری لەسەر کورد دەکات

07-11-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
سێمیناری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لەبارەی مەترسییەکانی سەرژمێری بۆ کورد.
سێمیناری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لەبارەی مەترسییەکانی سەرژمێری بۆ کورد.
نیشانەکردن سەرژمێری 2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سێمینارێکی تایبەتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە هەولێر لەبارەی مەترسییەکانی بەڕێوەچوونی سەرژمێری لەسەر ئایندەی کورد لە عێراق سازکرا. 
 
پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت: "600 هەزار عەرەب لە شارەکانی باشووری عێراقەوە هاتوونەتە کەرکووکەوە و ئەمە راستییە، بەڵام چەندی لەو 600 هەزار ناسنامەیان لەسەر کەرکووکە، دەبێت ئەمە لەگەڵ دامودەزگا حکومییەکان پشتڕاست بکرێتەوە، ئەگەر ناسنامەیان چووبێتە سەر کەرکووک، ئەوا ئەو پرۆسەیە مەترسییە."
 
سیمینارەکەی تۆڕی میدیایی رووداو بە بەشداری نوێنەران حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
 
رۆژی چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لەبارەی سەرژمێرییەوە، رایگەیاند: "نابێت سەرژمێری هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور و یەکلاکردنەوەی پرسی ناوچە کوردستانییەکانی هەبێت و ببێتە جێگرەوەی ئەو میکانیزم و رێکارە دەستووريیانەی لە ماددەی 140ی دەستووری عێراق جێگير کراون.
 
مەلا فەرمان، نووسەر و پێشمەرگەی دێرین دەڵێت: "ئامار لە وڵاتێک دەکرێت دادوەری تێدا بێت. پلەبەندی لەنێو هاووڵاتیاندا نەبێت. هەڕەشەی میلیشیای لەسەر نەبێت، هەڕەشەی داعشی لەسەر نەبێت، متمانە لە نێوان هەرێم و بەغدا هەبێت، متمانە لەنێوان کەرکووک، هەرێم و بەغدا هەبێت، هەموو ئەمانە واتلێدەکات ئێستا کاتی سەرژمێری نییە."
 
رۆژی سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 7 بڕیاری پەیوەست بە پرۆسەی سەرژمێری پەسند کرد، کە یەکێکیان تایبەت بوو بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە لە ناوچە کوردستانییەکان و بەگوێرەی بڕیاری بەغدا. تیمێکی هاوبەش لە هەرسێ نەتەوەی (عەرەب، کورد و تورکمان) کاری سەرژمێری دەکەن. کەسێکی کریستیانیش لە ناوچە زۆرینە کریستیاننشینەکان لە تیمەکە دەبێت.
 
چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "عێراق هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ ئەوەی سەرژمێری بکات، ئێستا ئێمە لەنێوان دوو بژاردەداین، یان لەو پرۆسەیە بەشداری دەبین، لەگەڵیان دەگەینە تێگەیشتن بۆ کەمکردنەوەی ترسەکانمان، یان ئەوەتا تەنیا دەتوانین رێگر بین لە هەرێمی کوردستان نەکرێت و ئەگەریش لە ناوچە دابڕێندراوەکان، بایکۆتی بکەین، هەر دەکرێت بەڵام بەسەقەتی."
 
دوای 38 ساڵ پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە 20ی ئەم مانگە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و عێراق لە یەک کاتدا دەکرێت. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە