رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، رێکارەکانی خەرجکردنی پارە بۆ دەرماڵەی خوێندکاران بۆ خوێندنی ساڵی 2024 – 2025 دەستپێکردووە و لەبەردەستی وەزیری داراییە.
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ چاکسازی زانکۆکان و پاڵپشتی دارایی خوێندکاران، مانگی ئاب بە نووسراوی فەرمی داوای 7 ملیار و 250 ملیۆن دینارمان لە ئەنجوومەنی وەزیران کرد و ئەوانیش بۆ وەرگرتنی بۆچوون ناردوویانە بۆ وەزارەتی دارایی".
توانا نەجەف دەڵێت، بەدواداچوونی بۆ داواکە کردووە و وەزارەتی دارایی لارییان نییە. گوتیشی: "ئێستا نووسراوەکە لەبەردەستی بەڕێز وەزیری داراییە و دوای واژۆکردن ئەویش رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکاتەوە و لەوێوە فەرمانی جێبەجێکردنی دەردەچێت".
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان گوتی، لەوە دڵنیابوونەتەوە، کە دوای رێکارەکان ئەمساڵیش وەکو ساڵی رابردوو پاڵپشتی دارایی خوێندکاران دەکرێت.
ساڵی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 7 ملیار و 250 ملیۆن دیناری بۆ چاکسازی لە زانکۆ و بەشەناوخۆییەکان و پاڵپشتی دارایی خوێندکاران خەرج کرد. توانا نەجەف دەڵێت، لەو پارەیە پێنج ملیاری بۆ هاوکاری خوێندکاران دەبێت.
بڕی پاڵپشتی دارایی بۆ خوێندکارانی نێو شار مانگانە 40 هەزار دینارە و بۆ دەرەوەی شاریش 60 هەزار دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ