رووداو دیجیتاڵ
لە دادگەی هەشتی تاوانە قورسەکانی ئامەد، ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی دادگە لە بارەی دۆسیەی کوشتنی نارین گوران ـی تەمەن هەشت ساڵ دەستپێدەکات.
لەو تۆمەتنامەیەدا کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئامەد ئامادەکراوە، داوای سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بۆ سالم گوران مامی نارین، یوکسەل ـی دایکی، ئەنەس ـی برای و نەوزاد بەختیار ـی دراوسێیان دەکرێت.
دادگەی هەشتی تاوانە قورسەکانی ئامەد بڕیاریداوە، بێجگە لەو چوار کەسەی کە ئێستا لە زیندانن، 22 کەسی دیکە کە پێشتر لەو دۆسیەیەدا گوتەیان لێوەرگیرابوو بە زۆر بهێنرێنە دادگە. لەنێو ئەو 22 کەسەدا، عارف گوران، باوکی نارین وەک سکاڵاکار و کەسێكی دیکەش کە بەهۆی رووداوەکەوە زیانی پێگەیشتووە، لە دادگە ئامادە دەبێت.
هەروەها 50 بارۆی باکووری کوردستان و تورکیاش بە سەرپەرشتیی سەندیکای پارێزەرانی تورکیا لە هۆڵی دادگە ئامادە دەبن و بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکەن.
بێجگە لەوە ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 7-11-2024)ـی دادگە دەبن.
ئاسۆ کایا، یاریدەدەری سەرۆکی جەهەپە و سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپەی ئامەد بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکەن. هەروەها بەرپرسانی وەزارەتی خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتیش لە دادگەکە ئامادە دەبن.
نارینی تەمەن هەشت ساڵ رۆژی 21ـی ئابی 2024 لە گوندی چولی سەر بە شارۆچکەی رەزان ـی ئامەد ـی باکووری کوردستان بێسەروشوێن بوو، رۆژی هەشتی ئەیلوول تەرمەکەی لە تورەگەیەکدا لە رووباری گوندەکەدا دۆزرایەوە. بەپێی راپۆرتی پزیشکی داد؛ نارین گوران خنکێنراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ