کارەبای ئامێدی بووە پریپەید؛ 72٪ـی هاوبەشانی کارەبا سیستمەکەیان داناوە

رووداو دیجیتاڵ 

وەکو یەکەم قەزا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کارەبای ئامێدی بووەتە پریپەید و تاوەکو ئێستا 72٪ی هاوبەشانی کارەبا سیستمەکەیان داناوە. 
 
حەمید عەبدولحەلیم خەڵکی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانە. هەشت ساڵە لە ئامێدی دەژیت. کاتێک کارەباکەی دەبڕێت، پارە دەکاتەوە بەر سیستمی پیرپەید و کارەباکەی دێتەوە. 
 
حەمید دەڵێت، "ماوەی 15 رۆژە ئەم سیستمەیان بۆ داناوین. سیستمەکە باشە. دووەمیش، ئەم موەلیدانە هەڵگیران. تائێستا کارەبامان بەمشێوەیە باشە."
 
نرخی کارەبای ماڵان بۆ هەر یەکەیەک 18 دینار و شوێنە گشتییەکانیش 156 دینار بۆ هەر یەکەیەکە. 
 
بێجگە لە کارەبای نیشتمانی، سێ موەلیدەی ئەهلی کارەبا بۆ سەنتەری قەزای ئامێدی دابیندەکرد. 
 
خوارنگەیەک نزیکەی 40 گڵۆپی هەڵواسیوە. خاوەنەکەی هیوا دەخوازێت گۆڕین لە نرخی کارەبادا نەکرێت. 
 
کیڤی عەبدوڵڵا، خاوەنی خوارنگەیەکە و دەڵێت، "پێش ئێستا کێشەمان لەگەڵ کارەبای موەلیدە و گشتی هەبوو، چونکە کارەبای گشتی کەم بوو و خەرجیی دوو هێڵی کارەبامان دەدا، لەگەڵ ئەوەشدا کارەباکە کەم بوو. کارەبای موەلیدەکەش ڤۆڵتییەکەی کەمبوو و ساردکەرەوەکانمان کاریان پێنەدەکرد. ئەگەر بەمشێوەیە بێت، زۆر باشە." 
 
هەزار و 100 هاوبەشی کارەبا لە ئامێدی هەن. ئێستا کارەبای 800 لەوانە بووەتە پریپەید کە 72.7٪ دەکات و ئەوانەشی ماونەتەوە، لەبەر نەبوونی ستوون و ئامێری خوێندنەوەی کارەبا، لە رۆژانی داهاتوودا تەواودەکرێن.