سامانە سرووشتییەکان: کۆنسوڵی ئەمریکا گوتی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان کاریگەریی خراپی هەبووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بە وەکالەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و بەشێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەش راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە و ئەگەری دەستپێکردنەوەی بوو.
رۆژی 07ی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، كەمال محەممەد ساڵح، وەزیری كارەبا و وەزیری بە وەکالەتی سامانە سرووشتییەكان لەگەڵ مارك سترۆ، كۆنسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لەو کۆبوونەوەیەدا كۆنسوڵی ئەمریكا خۆشحاڵیی خۆی بۆ وەبەرهێنان لە كەرتەكانی كارەبا، وزە و نەوت دەربڕیووە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و دەرکردنی رەشنووسی پرۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی، کۆنسوڵی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، "لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پڕۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم دەکەین و دەزانین راگرتنی نەوت کاریگەریی خراپی بۆ سەر داهات و کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان هەبووە".
بەگوێرەی وەزارەتەکەی هەرێمی کوردستان، کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان گوتویەتی، "چارەسەرکردنی کێشەی داهات و پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز کاری لەپێشینەی سیاسەت و بەرنامەی واشنتن دەبێت" و کەمال محەممەدیش سوپاسی رۆڵی ئەمریکای کردووە بۆ گرنگیدان بە هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و بەدواداچوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نەوت و گاز و فراوانکردنی وەبەرهێنان و دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان".
رۆژی 25ی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا.
رۆژی 3-11-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پاریس و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی هەندێک بابەت قسەی کرد و یەکێک لەوان پەیوەندی بە زیانەکانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بوو و گوتی، "بە هەناردەنەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی نزیک بە پێنج ملیار دۆلار زەرەر بەر عێراق کەوتووە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان گوتی، "ئەوەی ئێستا هەیە، کێشەکە بەغدایە، چونکە تورکیا رایگەیاندووە ئامادەن و قبووڵیشی دەکەن. ئێستا لەسەر ئەوە ماوەتەوە، هەندێک رێکار هەیە کە دەبێت لەگەڵ بەغدا رێککەوتنیان لەسەر بکرێت. وەکو ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان نەوت دەردەهێنن؛ گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان جیاوازن لەوانەی لە عێراق هەن؛ ئەوەی عێراق جۆرێکە و هی ئێمە هەموویان هاوبەشن. ئێمە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکان کردوومانە. وەک نموونە، ئەوان لە یاسای بودجەدا بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی کوردستان شەش دۆلاریان داناوە کە زۆر زۆر کەمە. ئەمە پێویستە زیاد بکرێت. ئەوە یەکێک لە کێشەکانە کە دەبێت ئەم کێشە تەکنیکییە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی، "تاوەکو ئەم کاتەش ناتوانم بڵێم کێشەکە سیاسییە و بەغدا ناهێڵێت ئەو نەوتە بڕوات. بە بۆچوونی من، کێشەکە تەکنیکییە کە دەبێت چارەسەریی گونجاوی بۆ بدۆزینەوە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا".