بەرهەمی سێوی مهاباد گەیشتە 180 هەزار تۆن

07-11-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی رێکخراوی کشتوکاڵی شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، وەرزی لێکردنەوەی سێو لەو شارە کۆتایی هاتووە و ئەم ساڵ بەرهەمی باخەکانی سێوی شارەکە گەیشتووەتە سەرووی 180 هەزار تۆن.
 
رۆژی دووشەممە، 06-11-2023، ناسر تەردەست، بەرپرسی یەکەی باخەوانیی رێکخراوی کشتوکاڵی مهاباد رایگەیاند، لە سنووری شاری مهاباد 8 هەزار هێکتار باخی سێو هەیە، کە 6 هەزار و 900 هێکتاری بەبەرە.
 
ناسر تەردەست گوتی، "ئەم ساڵ بەرهەمی سێوی باخەکانی مهاباد گەیشتە سەروو 180 هەزار تۆن، کە 150 هەزار تۆنی بە مەبەستی هەناردەکردن لە ساردخانەکان دانران و لە نێوان 30-40 هەزار تۆن سێویش بە مەبەستی بەکارهێنانی پیشەسازی و دروستکردنی شەربەت، رادەستی ناوەندەکانی کڕینی سێو کراون."
 
بە گوتەی تەردەست، ئەم ساڵ تێکرای بەرهەمی سێو لە باخەکانی مهاباد 25 تۆن لە هێکتارێکدا بووە و ئاماژەی بەوەشکرد، 80٪ی بەرهەمی سێوی مهاباد رەوانەی شارەکان و پارێزگاکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکرێت و بەشێکیشی هەناردەی دەرەوە دەکرێت.
 
بەرپرسی یەکەی باخەوانی رێکخراوی کشتوکاڵی مهاباد هەروەها دەڵێت، لە رووی زۆریی رووبەری باخەکانییەوە، مهاباد دوای شارەکانی ورمێ و سەڵماس لە ئاستی پارێزگای ورمێدا بە پلەی سێیەم دێت و ساڵانە بە شێوەیەکی مامناوەندی 300 هێکتار باخی نوێ لەو شارە زیاد دەبێت.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر خەسرەو شەهبازی، بەڕێوەبەری دامەزراوەی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاندبوو، یەک لەسەر سێی بەرهەمی سێوی ئێران لەو پارێزگایە بەرهەم دێت.
 
خەسرەو شەهبازی گوتی، "122 هەزار هێکتار لە رووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو پارێزگایە رەز و باخە کە 65 هەزار و 41 هێکتار لەو رووبەرە کراوە بە سێو و بەرهەمی ساڵانەی نزیکەی یەک ملیۆن و 695 هەزار تۆنە."
 
بە گوتەی هەمان بەرپرس، ساڵانە سەروو 750 هەزار تۆن لە بەرهەمی سێوی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەناردەی وڵاتانی هیندستان، پاکستان، رووسیا، ئەفغانستان و عێراق دەکرێت.
 
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، 800 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی هەیە و ساڵانە سەرووی شەش ملیۆن تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی بەرهەم دێنێت.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە