تورکیا دەڵێت چەند پێگەیەکی پەکەکەی بۆردوومانکردووە و هەپەگەش کوژرانی 6 سەربازی تورکیای راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە لە باشووری کوردستان بەردەوامن، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی رێگە نەدەن گەریلاکان لەو پارچەیەی کوردستانەوە بپەڕنەوە نێو باکووری کوردستان و چالاکی ئەنجام بدەن.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی سێشەممە، 7-11-2023، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، کاژێر 18:00، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی چەند پێگەیەکی پەکەکەی لە چیای گارە و چیای قەندیل بۆردوومان کردووە و دەڵێت، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا "12 ئەشکەوت، پەناگە، حەشارگە و کۆگا کە لەلایەن" پەکەکەوە بەکاردەهێندران، وێرانکران.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، لە کاتی بۆردومانەکاندا گەریلا و فەرماندە لەنێو ئەو پەناگە و ئەشکەوتانەدا بوون، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەداوە.
هەر لەو بارەوە ئەمڕۆ سێشەممە، 7-11-2023، نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ سنووری گوندەکانی سڵە، بۆڵێ، بایاوان، سینەمۆکە، سەرجۆی رەبەن، لۆفەکانی کورتەک و چیای کونەکۆتر لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردوومانکران.
بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی سەختیی ناوچەکەوە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە زیانەکانی بۆردوومانەکە بزانن.
لە لایەکی دیکەوە هەپەگە بڵاویکردەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە رۆژانی 4-5ـی مانگدا لە ناوچەکانی زاپ، خواکوڕک، مەتین و ئاڤاشین لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە و لە ئەنجامدا شەش سەرباز کوژراون و دوو سەربازی دیکەش برینداربوون.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ-قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 801 گەریلا و کوژرانی 110 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 63 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 391 گەریلای راگەیاندووە.