رووداو دیجیتاڵ
لە شەش گەڕەکی سۆران پرۆژەی قیرتاوکردنی کۆڵانەکان لە وادەی دیاریکراو بۆ تەواوکردنیان دواکەوتووە و لە یەکێک لەو گەڕەکانەش بەهۆی تەواونەبوونی قیرتاوکردنی کۆڵانەکان و باران بارینەوە ئاو چووەتە نێو ماڵی هاونیشتمانییان و زەرەرمەند بوون. ئیدارەی قەزای سۆرانیش دەڵێت، لە هەفتەکانی داهاتوودا ئەو پرۆژە تەواونەکراوانە تەواو دەکرێن.
بەشێکی هاووڵاتییانی جوندیان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گلەیی تەواونەبوون و دواکەوتنی پرۆژەی قیرتاوکردنی کۆڵانەکانیان دەکەن. ئەو گەڕەکەی بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو زیانی پێگەیاندن.
نیوەی کارکردن لەسەر کووچە و کۆلانەکانیان تەواو بووە، تەنیا ماوە قیرتاو بکرێن، ساڵێکە چاوەڕوانن و ترسیان هەیە ساڵێکی دیکەش بچێتە سەر چاوەڕوانیی چاککردنی کۆڵانەکانیان.
زرار ئەحمەد، هاونیشتیمانییەکی جوندیانە و دەڵێت، "بەپیر زستانەوە دەچین و مەترسی باران بارینمان هەیە، ماڵەکانمان هەمووی پڕی قوراو بوون، شەو هاتینەوە هەتا درەنگ هەر خەریکی خاوێنکردنەوەی ماڵەکەمان بووین."
عەبدولقادر ئەحمەد، هاونیشتیمانییەکی دیکەیە و دەڵێت، "لە پارساڵەوە دەست بە چاککردنی کۆلانەکانمان کراوە بەڵام تازە شۆستەیان داناون، لەگەڵ بارانبارین فەرش و مۆکێتی ماڵەکەمان هەمووی هەڵگرتوون لە ترسی هاتنی ئاو بۆ ناو ماڵەکانمان. تازە خانووەکەم سبوخ کردبوو لەگەڵ ئەو بارانبارینە هەمووی تێکچوو."
ئەو کارانەی پێش قیرتاوکردن بۆ کووچە و کۆڵانەکانی ئەو گەڕەکە کرابوون بەشی زۆریان تێک چوون، ژمارەیان 38 کۆڵانە و دەبێت جارێکی دیکە سەرلەنوێ چاکبکرێنەوە.
هەر گەڕەکی جوندیان نا بەڵکو شەش گەڕەکی دیکەش لە سۆران بەشێکی کارەکانی پێش قیرتاوکردنیان بۆ کراون و تەواو نەکراون.
رەجەب زوبێر، قایمقامی سۆران دەڵێت، "نیازمان وایە بتوانین ئەم ساڵ و ساڵی داهاتوو هیچ کووچە و کۆڵانێک لە سۆران نەهێڵین کە قیرتاو نەکرابێت، ئەو کۆڵانانەی ماونەتەوە لە گەڕەکی جوندیان و گەڕەکی وەستا رەجەب هەموو ئامادەکاری کراوە کە لەم هەفتانەی داهاتوو دەست بە قیرتاوکردنیان بکرێت."
قەزای ناوەندی سۆران لە 38 گەڕەک پێکدێت. بۆ 27 گەڕەک رەزامەندی وەرگیراوە پرۆژەیان تێدا ئەنجامبدرێن و زۆرترینی پرۆژەکانیش چاککردن و نۆژەنکردنەوەی رێگاکان دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ