رووداو بەڵگەفیلم و کتێبی "ئەستێرەی کوردستان بە ئاسمانی کەیپ تاونەوە" بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەبوبەکر ئەفەندیی خۆشناو، زانایەکی کورد 160 ساڵ لەمەوبەر لە کەیپ تاون، لە سەرزەوینی بە کۆیلەکردنی مرۆڤ، "دەبێتە چرا." رووداویش بە بڵاوکردنەوەی بەڵگەفیلمێک و کتێبێک لەبارەیەوە رووناکیی ئەو چرایە بە گەشاوەیی دەهێڵێتەوە.
رۆژی سێشەممە، 7-11-2023 تۆڕی میدیایی رووداو بەڵگەفیلم و کتێبی "ئەستێرەی کوردستان [ـی] بە ئاسمانی کەیپ تاونەوە" بڵاوکردەوە. کتێبەکە لە 190 لاپەڕە پێکهاتووە و بە وردی باسی ئەبوبەکری کوردی و خۆشناوەکانی ئەفریقا دەکات و چەند بەڵگەنامەیەکیش لەبارەیانەوە لەخۆ دەگرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لە رێوڕەسمی نیشاندانی بەڵگەفیلمەکەدا رایگەیاند، کارەکانی مەلا ئەبوبەکر ئەفەندی، "شایەتییەکی دیکەیە بۆ زانایی مەلاکانی کوردستان و بۆ بیری راستەقینە و رەسەنی کورد و مەلاکانی کوردستان کە هەستی زانست پەروەری و بیری بڵاوکردنەوەی خوێندەواری و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بووە."
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "زۆر دڵخۆشین کە ئەمڕۆ هەموومان لێرە لە هەولێر لە دەوری چرای مەلا ئەبوبەکری خۆشناو کۆبووینەتەوە. لە سەرەتای دروستبوونی رووداو دا دروشمێکمان دانا بۆ 16 بەڵگەفیلم لەسەر کوردانی کۆمارەکانی پێشووی یەکێتیی سۆڤیەت ئەویش ئەوە بوو: (کورد لە هەر شوێنێک بن دەیاندۆزینەوە). ئەو کارە بەشێکە لە بەڵێنەکەمان."
ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو، خەڵکی گوندی سیساوەی سەر بە قەزای هەریرە، 18 ساڵی کۆتایی تەمەنی لە شاری کەیپ تاونی ئەفریقای باشوور بەسەر بردووە، هەر لەوێش کۆچی دوایی کردووە، ئێستا زیاتر لە 2000 نەوەی ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو لە شاری کەیپ تاون ماون و بە خۆشناوەکانی ئەفریقا ناودەبرێن. یەکێک لە نەوەکانی ئەو زانا کوردە دەڵێت، "ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو لەگەڵ چوونی بۆ کەیپ تاون، توانیویەتی رۆڵێکی گرنگ لە پرۆسەی خوێندەواری و زانستدا بگێڕێت و لەو ماوەیەدا هەشت کتێبی ئایینیی نووسیوە و مێدالیای سوڵتان عەبدولعەزیزی بەدەستهێناوە."
تۆڕی میدیایی رووداو بەڵگەفیلمێک لەسەر زانای کورد "ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو" و خۆشناوەکانی ئەفریقا بەرهەم دەهێنێت، هەروەها کتێبێک لەسەر هەمان مژار، چاپ و بڵاودەکاتەوە، بەڵگەفیلم و کتێبەکە لەلایەن سیروان رەحیم، کاری دەرهێنان و نووسینیان بۆ کراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو ئەوەی خستەڕوو، مەلا ئەبوبەکر خۆشناو، گوڵبژێری عەبدولعەزیزخانی سوڵتانی عوسمانی بووە بۆ جێبەجێکردنی داوای ئالەکسەندەرینا ڤیکتۆریا شای بەریتانیا، کە بە نامەیەک داوای لە سوڵتانی عوسمانی کردبوو، زانایەکی ئایینی بنێرێت بۆ ناوچەی کەیپ بۆ رێنوێنیکردنی ئەو موسڵمانانەی کە بەکۆیلەیی لەلایەن هۆڵەندییەکانەوە بۆ ناوچەی کەیپ هێنرابوون. مەلا ئەبوبەکر کە ئەوکات موفتییەکی دیار بووە لە ئیستەنبووڵ، پلانێکی پەروەردەیی و فێرکاری تەواوی بە بیرێکی رۆشن و کراوەوە دانا بۆ موسڵمانانی کەیپ، لەبەرئەوە کە گەیشتە کەیپ تاون یەکسەر یەکەمین مەدرسەی ئایینی کردەوە و ئافرەتانیش دەیانتوانی لەو مەدرەسەیە بخوینن و هەردوو هاوژینەکەی کردە مامۆستا بۆ ئافرەتان لەو مەدرەسەیەدا.
هاوکات محەممەد زۆبری، کەسایەتیی بنەماڵەی مەلا ئەبوبەکری خۆشناو لە باشووری ئەفریقا لە رێوڕەسمەکەدا بە گوتارێک بەشداریی کرد و گوتی، "دروستکردنی ئەم بەڵگەفیلمە بووەتە سەرچاوەیەکی باش بۆ چەندین نەوەی ئەبوبەکر ئەفەندی، بەئاگاهاتنەوەیەکی لە زۆربەیاندا ورووژاند دوای ئەوەی لەبیریان چووبوو لە بنەڕەتدا لە کوێوەوە هاتوون."
لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەم بەڵگەفیلمەدا، وەکو محەممەد زۆبری گوتی، "بە سەدان دڵی کوردی باشووری ئەفریقا لەگەڵ ملیۆنان دڵی کوردستان پێکەوە شاد دەبن؛ نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر بانگهێشت کرام بۆ بەشداریکردن لە بینینی یەکەمین نیشاندانی ئەم بەڵگەفیلمە؛ سەرەتا کەمێک دوودڵ بووم، چونکە هەرگیز نەمدەویست شارە جوانەکەی کەیپ تاونی باشووری ئەفریقای زێدی خۆم بەجێبهێڵم؛ بەڵام ئێستا و دوای بەسەربردنی دوو هەفتە لە کوردستان، نامەوێت جارێکی دیکە خاکی باوک و باپیرانی خۆم بەجێبهێڵم، ئەم قسەیە بەناوی ئامۆزاکەشم دەکەم کە ئێستا لێرەیە لەگەڵم."
زۆبری سوپاسی تایبەتی ئاکۆ محەممەدی کرد لە رووداو، "بۆ هەموو شتێک کە لەپێناو ئاسوودە مانەوەی ئێمە کردوویەتی و هەموو خەرجییەکانی ئێمەی لەئەستۆ گرتووە."
هاوکات سیروان رەحیم، نووسەر و دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە لەژێر ناونیشانی "لە پۆستێکی فەیسبووکەوە" گوتارێکی پێشکێش کرد و لە سەرەتادا گوتی، "ئەبوبەکر ئەفەندی لە ئەستێرەیەکی ئێجگار دەگمەنی کازیوەیەکی گەش دەچێت، لە بناری بەنی هەریرەوە دەکشێت، دەکشێت و لەوپەڕی دونیا دەبێتە ئەستێرە؛ ئەستێرەی کوردستان بە ئاسمانی کەیپ تاونەوە."
نووسەر و دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە ئاماژەی بەوەش کرد، لە پۆستێکی بچکۆلەی فەیسبووکەوە گەیشتوون بە "ئەم رۆژە پڕ واتا و گەورەیە،" ئەوەش بە ئاماژەکردن بە پۆستێکی فەیسبووکی هاوڕێیەکی بەناوی بەکر شوانی کە سەبارەت بە ئەبوبەکر ئەفەندیی خۆشناو نووسیبووی.
دەقی گوتاری ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لە رێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی بەڵگەفیلم و کتێبی "ئەستێرەی کوردستان بە ئاسمانی کەیپ تاون" بە ناونیشانی "زانایەکی پێشکەوتووی کوردستان":
هەموومان لە تۆڕی میدیایی رووداو زۆر دڵخۆشین کە ئەمڕۆ یاد و یادگاری زانایەکی گەورەی کوردستان، لە هەندەرانەوە، لە باشووری ئەفریقاوە دەگەڕێنینەوە کوردستان. ئەمڕۆ زانایانی ئایینیی کوردستان، زمانناسان، گەورە و بچووکی خۆشناوان و هەموو گەلی کوردستان شانازی بەو هەنگاوە و بە هزری فراوانی مەلا ئەبوبەکری خۆشناوەوە دەکەن. لەو هەوڵی دۆزینەوەیەدا هەموومان قەرزداری مامۆستا سوداد رەسوڵین. کاک سوداد زانستکار و گەڕیدەیەکی زۆر کوردستان پەروەرە. بێگومان منەتباری توانا و هەستی هاوکارمان کاک سیروان رەحیمین، کە هەستی کوردستانیانەی بەقەد زلزەریایەک گەورە و زۆرە. بەخێرهاتنی یەک بە یەکەتان دەکەم، بەتایبەتیش دوو کوردستانی و دوو خۆشناو کە لە کەیپ تاونەوە هاتوون محەممەد زۆبری و ئەبوبەکر ئەفەندی.
هەموومان دەزانین زانایانی کوردستان خزمەتێکی زۆری ئایینی ئیسلامیان کردووە، زۆر قوتابخانە و تەکیەی گرنگ لە کوردستان هەبوونە. ئەم مەدرەسە و تەکیانەی کوردستان زۆر سوودیان بە خوێندەواری و زانست لە کوردستان و وڵاتانی ئیسلامی گەیاندووە. لەگەڵ ئەوەش دا ژیاننامەی مەلا ئەبوبەکری خۆشناو، دوو شتی تازەی دیکەی نەبیستراومان لەوبارەوە پێدەڵێت، یەکەم پێمان دەڵێت کاری زانایانی کورد سنووری وڵاتانی ئیسلامی تێپەڕاندووەو گەیشتووەتە باشووری ئەفریقا. دووەم پێمان دەڵێت دەشتی هەریر و سیساوە جگە لە دەشتێکی بەپیتی کشتوکاڵی، دەشتێکی بەپیتی بڵاوکردنەوەی زانست و خوێندەواری بووە.
مەلا ئەبوبەکر خۆشناو، گوڵبژێری عەبدولعەزیزخانی سوڵتانی عوسمانی بووە بۆ جێبەجێکردنی داوای ئالەکسەندەرینا ڤیکتۆریا شای بەریتانیا، کە بە نامەیەک داوای لە سوڵتانی عوسمانی کردبوو، زانایەکی ئایینی بنێرێت بۆ ناوچەی کەیپ بۆ رێنوێنیکردنی ئەو موسڵمانانەی کە بەکۆیلەیی لەلایەن هۆڵەندییەکانەوە بۆ ناوچەی کەیپ هێنرابوون. مەلا ئەبوبەکر کە ئەوکات موفتییەکی دیار بووە لە ئیستەنبووڵ، پلانێکی پەروەردەیی و فێرکاری تەواوی بە بیرێکی رۆشن و کراوەوە دانا بۆ موسڵمانانی کەیپ، لەبەرئەوە کە گەیشتە کەیپ تاون یەکسەر یەکەمین مەدرسەی ئایینی کردەوە و ئافرەتانیش دەیانتوانی لەو مەدرەسەیە بخوینن و هەردوو هاوژینەکەی کردە مامۆستا بۆ ئافرەتان لەو مەدرەسەیەدا. بە کتێبەکانی رێنوێنی ئایینی و ژیانێکی جوانی دەدایە موسڵمانان و خەڵکی کەیپ تاون و موسڵمانانی دیکە لە باشووری ئەفریقا . ئەوکات نەک تەنیا پیاوەکانی خوێندەوار و رێنوێنی دەکردن بەڵکو کچانیشی خستوونەتە بەر خوێندن بۆ ئەوەی ئازاد بژین. لە هەمان کات دا زۆر زوو تێکەڵی کۆمەڵگەی باشووری ئەفریقا بووە، زانایەک بووە کوولتووری پێکەوەژیان و لێبووردەیی بڵاوکردووەتەوە، بەهیچ شێوەیەک رێگەی بە تووندڕۆیی و جیاکاری ئایینی نەداوە.
لەبەر زانایی ئەو مەلایەی کورد و لەبەر کاریگەریی لە بەهێزکردنی نووسین و بڵاوکردنەوەی زمانی ئەفریکانی کە ئەوکات شێوەزارێکی هۆڵەندی بووە، رۆڵێکی سەرەکی و بنیچینەیی لە چەسپاندن و بڵاوکردنەوەی ئەفریکانی دا بینی، کە دواتر بووە یەکێک لە زمانە سەرەکییەکانی باشووری ئەفریقا. یەکەمین کتێب کە (بیان الدین) بوو لەلان مەلا ئەبوبەکر بە ئەفریکانی نووسرا ، یەکەمین مەدرەسەش مەلا ئەبوبەکر بە ئەفریکانی داینا . لەبەرئەوەش بەر لەهەمووان زانا رۆژئاواییەکان و بەتایبەتیش هۆڵەندییەکان بە جیهانیان گوت، مەلا ئەبوبەکری خۆشناو زۆر زانایەکی گەورە بووە و کاری زۆر بنچینەیی و مەزنی کردووە بۆ ئەو زمانە. ئەمەش شایەتییەکی دیکەیە بۆ زانایی مەلاکانی کوردستان و بۆ بیری راستەقینە و رەسەنی کورد و مەلاکانی کوردستان کە هەستی زانست پەروەری و بیری بڵاوکردنەوەی خوێندەواری و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بووە.
زۆر دڵخۆشین کە ئەمڕۆ هەموومان لێرە لە هەولێر لە دەوری چرای مەلا ئەبوبەکری خۆشناو کۆبووینەتەوە. لەسەرەتای دروستبوونی رووداو دا دروشمێکمان دانا بۆ 16 بەڵگەفیلم لەسەر کوردانی کۆمارەکانی پێشووی یەکێتی سۆڤیەت ئەویش ئەوەبوو " کورد لە هەر شوێنێک بن دەیاندۆزینەوە"، ئەو کارە بەشێکە لە بەڵێنەکەمان.
سوپاس بۆ ئامادەبوونتان و زۆر بەخێربێن.
دەقی گوتاری محەممەد زۆبری، کەسایەتیی بنەماڵەی مەلا ئەبوبەکری خۆشناو لە باشووری ئەفریقا:
سڵاو لە هەموو کورد، لێرە و لەهەموو شوێنێک
ئاشتی، دڵخۆشی و هەموو بەرەکەتێکی خواتان لەسەر، هەموو نەتەوە یان خەڵکێک، وڵات یان خاکێک خاوەن چیرۆکێکی شایەنی گێڕانەوەیە.
کوردستانیش چیرۆکێکی هەیە باسی بکات، بێگومان چەندین چیرۆکی زۆر ناوازەی هەیە. ئەمڕۆ بۆنەیەکی گرنگە، ئیلهامێکە بۆ میللەتێک. بەڵگەفیلمێک بۆ یەکەم جار لێرە پیشان دەدرێت و پاشان بڵاودەکرێتەوە. بەڵگەفیلمەکە سەبارەت بە پیاوێکی کوردی تایبەتە کە چەند شتێکی نائاسایی بەدەستهێناوە، بۆئەوەی لە دەشتی هەریر، باشووری کوردستان ئەرکی خۆی وەک موفتیی وەقفی 24مین خێزانی ئەبەدیی جێبەجێ بکات.
ئەو کەسە، ناوی مەلا ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو بوو (ناسراو بە ئەبوبەکر ئەفەندی)، من وەک محەممەد ناسراو بە (زۆبری) کە نەوەی نەوەی ئەوم، داوام لێکرا سەبارەت ئەزموونی خۆم لەگەڵ ئەم بەڵگەفیلمە و خێزانی خۆشناوەکان لە کەیپ تاون، گوتەیەکی کورت پێشکێش بکەم.
لە 18-1-2023 کاک سوداد رەسوڵ پێی راگەیاندم کە پلانێک هەیە بۆ دروستکردنی بەڵگەفیلمێکی کوردی لەسەر ئەبوبەکر ئەفەندی. دەرهێنەری فیلمەکە کاک سیروان رەحیمە، کار بۆ رووداو دەکات کە تەلەڤزیۆنێکی کوردیی بەنێوبانگە و بەڕێوەبەرەکەی کاک ئاکۆ محەممەدە. ئەوان گوتیان دەیانەوێت بمبینن و چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ بکەن، منیش لە وەڵام دا گوتم دڵخۆش دەبم ئەگەر ئەوان لە کەیپ تاون ببینم.
کاتێک ئەوان گەیشتنە فڕۆکەخانە، من و عیسمەتی برام بە باوەشەوە پێشوازییمان لێکردن. ئەوە یەکەم جار بوو ئێمە ئەوەندە کوردەمان لەدەوربێت، ئەوان چوار کەس بوون و ئێمەش دوو.
10 رۆژی دواتر ئەزموونێکی دڵڕفێن بوو، هەروەها یەکەم جار بوو رازیبم بە بەشدارییکردن لە بەڵگەفیلمێک دا، بەڵام من لەپێناو بەرزکردنەوەی راستی و ئاڵای کوردستان رازیبووم.
دروستکردنی ئەم بەڵگەفیلمە بووەتە سەرچاوەیەکی باش بۆ چەندین نەوەی ئەبوبەکر ئەفەندی، بەئاگاهاتنەوەیەکی لە زۆربەیاندا ورووژاند دوای ئەوەی لەبیریان چووبوو لە بنەڕەتدا لەکوێوەوە هاتوون.
لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەم بەڵگەفیلمەدا، بە سەدان دڵی کوردی باشووری ئەفریقا لەگەڵ ملیۆنان دڵی کوردستان پێکەوە شاد دەبن؛ نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر بانگهێشت کرام بۆ بەشداریکردن لە بینینی یەکەمین نیشاندانی ئەم بەڵگەفیلمە؛ سەرەتا کەمێک دوودڵ بووم، چونکە هەرگیز نەمدەویست شارە جوانەکەی کەیپ تاونی باشووری ئەفریقای زێدی خۆم بەجێبێڵم.
بەڵام ئێستا و دوای بەسەربردنی دوو هەفتە لە کوردستان، نامەوێ جارێکی دیکە خاکی باوک و باپیرانی خۆم بەجێبێلم، ئەم قسەیە بەناوی ئامۆزاکەشم دەکەم کە ئێستا لێرەیە لەگەڵم.
کورد میواندارییەکی بێهاوتایان پیشانداین و بە قسە و کردار دەریانخست کە ئێمە یەک خێزانین، هەموو رۆژێک زۆر داوەتم دەکەن.
سوپاسی تایبەتی کاک ئاکۆ دەکەین لە رووداو، بۆ هەموو شتێک کە لەپێناو ئاسوودە مانەوەی ئێمە کردوویەتی و هەموو خەرجییەکانی ئێمەی لە ئەستۆگرتووە.
سوپاس بۆ کاک سیروان رەحیم، کاک سوداد رەسول و هەموو ئەوانی دیکە.
رێز و سڵاو، بژی کوردستان، خوا ئاگادارتان بێت .
دەقی گوتارەکەی سیروان رەحیم، نووسەر و دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە بە ناونیشانی "لە پۆستێکی فەیسبووکەوە":
ئەبوبەکر ئەفەندی لە ئەستێرەیەکی ئێجگار دەگمەنی کازیوەیەکی گەش دەچێت، لە بناری بەنی هەریرەوە دەکشێت، دەکشێت و لەوپەڕی دونیا دەبێتە ئەستێرە؛ ئەستێرەی کوردستان بە ئاسمانی کەیپ تاونەوە.
لە پۆستێکی چکۆلەی فەیسبووکەوە بۆ ئەم رۆژە پڕ واتا و گەورەیە
ئێوارەیەکی هێمنی هەولێرە و تەنیا دانیشتووم، دەنگێکی دەستییەکەم و پەیامێک دەگات، پەیامی بەڕێوەبەری گشتیی رووداو، هاوڕێی هێژا کاک ئاکۆ محەممەدە. لینکی نووسینێکی کورتی ناردووە. نووسینەکە پۆستێکی چکۆلەی فەیسبووکە و هاوڕێی هێژا کاک بەکر شوانی سەبارەت بە ئەبوبەکر ئەفەندیی خۆشناو نووسیبووی.
لەوێوە دەستمان پێکرد و گەیشتینە ئەم مەنزڵی مەبەستە، گەیشتینە ئەمڕۆ، پاش ساڵێک لەم هۆڵە ئاوەدانەدا، ئاوەدان بە ئامادەبوون و خۆشەویستی ئێوە ئەنجامی کارەکەمان لە بەڵگەفیلمێک و کتێبێک دا پێشکێش دەکرێت.
ناوە گرنگەکانی مێژووی ئێمە، لە مەلایێ باتەیی (1417-1491)ەوە تاوەکو مەلایێ جزیری، بیرمەندێکی وەکو خانی، حەزرەتی نالی، سۆفییەکی مەزنی وەکو مەحوی، نوورێکی وەکو مەولەوی، هاواری کوردانەی حاجی قادری کۆیی و هەموو ئەوانی دیکە، ئەگەر هزریان کردبێت بە مۆم و چاویان کردبێت بە چرا بۆ رووناککردنەوەی تاریکسانی مێژوومان، ئەوە ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو واوەتر چوووە و لە تاریکسانە هەرە دژوارەکان دا رۆشنایی بە مرۆڤەکان بەخشیوە، رێی روونکردوونەتەوە و پردی پەڕینەوەی بەرەو زانست و فێربوون بەرجەستە کردووە.
خۆشناوی کورد، زانای گەورەی ئێمە، رۆشنکارێکی ئۆلیی سەتەی ١٩-یە. زانایەک پێگە و سەنگی گرنگی لە رۆژگاری خۆیدا هەبووە.
پاش مردنیشی بەڕێزەوە یاد کراوەتەوە و ئێستایش یادکردنەوەی بەردەوامە، بەتایبەتی لە باشووری ئەفریقا، لەوێ وەکو پێشڕەوی قۆناخی رۆشنکاری دەبیندرێت.
لە باسکردنی ئەم زانایەدا، دەکرێت ئاماژە بە زۆر دەستکەوت و کاری گرنگی ئەو بکرێت، بەڵام لێرەدا، تەنیا ئەوە بەسە ئاماژە بەوە بکرێت کە؛ ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو پاش چەند هەفتەیەک لە گەیشتنی بە کەیپ تاون قوتابخانەی کچان دەکاتەوە، فێرگەیەک تایبەت بە کچان، کەی؟ ئەوە 160 ساڵ لەمەوبەر، لە کوێ؟ لە شوێنێک کە مرۆڤی لێ دەکرا بە کۆیلە.
ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو، پیاوێک 160 ساڵ لەمەوبەر لە کەیپ تاون، لە سەرزەوینی بە کۆیلەکردنی مرۆڤ، دەبێتە چرا، چرایەکی گەش کە یادەوەری و ناوێکی پڕ شکۆ لە بواری زانست دا بۆ خۆی و بۆ ئێمەیش دەستەبەر دەکات.
خۆشناوی ئێمە، جگە لەوەی لە مەڵبەندە گرنگەکانی وەکو مەککە، بەغدا و ئیستەنبووڵ زانستی ئیسلامی دەخوێنێت، هەروەها دنیادیدەیی، گەڕان و ئەزموونی فرەئالی، وزەیەکی بەهێزی رۆشنکارانە و مرۆڤپەروەرانەیان پێبەخشیوە. ئەو بۆ بەخشین و پێشکێشکردنی پەروەردە و زانست ژیاوە، ئەو بوارەیش، بوارێکە مرۆڤ بە نەمریی دەهێڵێتەوە.
هەر لەم سۆنگەیەوە، لە سۆنگەی رۆشنکاری و پێگەی زانستی ئەو و هزری مرۆڤانەیەوە، دۆزینەوەی ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو و هێنانەوەی بۆ گۆڕەپانی زانست و نیشتمانی خۆی ئەرک و هاوکات مایەی بەختەوەری و سەربڵندیی هەموومانە.
ئێمە چووینە کەیپ تاون، چووینە خزمەتی بۆن و بەرامە و یادەوەری ئەو زانا گرنگ و گەورەیەمان، بێگومان نەچووین وەڵامی ئەو پرسیارە وەربگرین؛ ئەبوبەکر ئەفەندی کوردە یان نا؟ نەخێر، خۆشناوی کورد لەو بوارەدا پێویستی بە لێکۆڵینەوە نییە.
جا ئەگەر خۆشناوان کورد نەبن کێ کوردە؟ هۆزێکی سەربەرز کە هەزاران ساڵە وەکو داربەڕووی رەگ پتەو لە بناری چیاکانی زاگرۆس دان، لە ناوەندی کوردستان دا دەژین. هێنانەوەی گوڵاو و یادگاری ئەبوبەکر ئەفەندی سەلمێنەرە کە خۆشناوانی کورد و نیشتمان تاوەکو کۆتایی دنیا لە یەک دابڕانیان کارێکە نەکردە.
سەربەرزین لە هەوڵی هێنانەوەدا، سەرکەوتوو بووین، توانیمان ئەم منارە بەژن زراڤ و بڵندەمان بهێنینەوە کن چیای بەنی هەریر و بیگێڕینەوە بۆ سیساوەی خۆشناوەتی.
کاتێک کاک زۆبری گوتی: "ئێمە بەردەوام لە خەمی ئەوەدابووین؛ بێ نەتەوەین، بەڵام ئیتر کوردستان ئەو خەمەی لەلا نەهێشتین و ئەگەر دووریش بێت، ئێمەیش نەتەوەمان هەیە".
ئاخر مرۆڤە ژیر و هۆشیارەکان دەزانن بێ نەتەوە و بێ خاکی، مردنە. بۆیە بۆ کاک زۆبری و بۆ ئێمەیش کوردایەتی دروشم و پێوەنان نییە، بەڵکو ئەرکێکە ئاکاری و ئۆلییە. مرۆڤی بێ نەتەوە و بێ خاک، یان مرۆڤی داگیرکراو، ناتوانێت ببێتە خاوەنی هیچ، هیچ شتێکی مادی یان مانەوی. هەر بۆیە هاتن و ئامادەبوونی ئێوەی ئازیز، برایانی خۆشناوی باشووری ئەفریقامان بۆ ئێمەیش یەکجار واتابەخشە.
لێرەدا شوێنی شیاوە سوپاسی هەموو ئەو هاوڕێ و دڵسۆزانە بکەم کە بە یارمەتی و هاوکارییان بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیەمان باری ئێمەیان سووک کرد. سوپاس و پێزانینی تایبەت بۆ بنەماڵەی خۆشناوی کورد ئەبوبەکرد ئەفەندی و لەناو ئەو ئازیزانەیشدا بەتایبەتی سوپاس بۆ کاک محەممەد زۆبری، بۆ رۆڵ و هاوکاریی ئەو کە لەبیر ناکرێت. گرنگە ئەوەیش بڵێم؛ کاک محەمەد زۆبری، ستوونی راگرتنی کوردایەتیییە لە ناو ئەم بنەماڵە سەربەرزەی خۆشناودا لە کەیپ تاون.
سوپاس و تەمەنی درێژ بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کە بووەتە پەنجەرەی بینین و پێشاندانی ئەم منارە گرنگانەی مێژوومان.
ئەمڕۆ رۆژێکی خۆش وگرنگە کە پاش 160 ساڵ زانایەکی کورد دێتەوە کوردستان، خۆشهاتن، بەخێربێنەوە زانای گەورەمان، بەخێربێنەوە. چیای بەنی هەریر بە دەنگی بەرز و زوڵاڵی خۆی بەخێرهاتنەوەتان دەکات.
هەروەها عەبدوڵڵا مەلا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی، "رووداو وەکو ماڵی هەموومان، ئەمڕۆ ئەو دیارییە جوانەی کەڵە پیاوێکی زانست و زانیاری پێشکێش بە کۆمەڵگەی کوردستان دەکات، کە 160 ساڵ لەمەوبەر لە سیساوەی خۆشناوەتییەوە مەلا ئەبوبەکر ئەفەندی بارگەی تێکنا و پەرتووکەکانی پێچایەوە و خۆی گەیاندە کەیپ تاون لە ئەفریقای باشوور."
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی کوردستان باسی لە مێژووی کورد لە ئایینی ئیسلامدا کرد و گوتی، کورد لە رابردوودا خاوەنی زانای گەورە و دیار بووە و هەمیشە ناویان لە جیهانی ئیسلامدا بە درەوشاوەیی ماوەتەوە. عەبدوڵڵا مەلا وەیسی، مەلا خدری بە نموونە هێنایەوە و گوتی، سەرەتای سەتەی پێنجی کۆچی، یەکەم قوتابخانەی ئایینیی لە قەڵای هەولێر داناوە و ئاوەدانی کردووەتەوە، کە بۆ ئەو سەردەمە وەکو زانکۆیەک وابووە و خەڵکی دەرەوەی کوردستانیش بۆ وەرگرتنی زانست و زانیاری روویان تێکردووە.
مەلا عەبدوڵڵا وەیسی باسی لە رۆڵی زانایانی کورد لە میسر، سعودیە، سووریا و تورکیا کرد و گوتیشی، "ئەمڕۆ نەوەکانی مەلا ئەبوبەکر ئەفەندی هاتوونەتەوە زێدی باوباپیرانی خۆیان بۆئەوەی لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە بە ئێمە بڵێن: کوردن و کوردستانین و بە کوردیش دەمێننەوە. سوپاس بۆ بنەماڵەی مامۆستا مەلا ئەبوبەکر؛ سوپاس بۆ رووداو و هەنگاوە جوانەکانیان و ئەو خزمەتەی بە پیاوانی ئایینی دەیکەن."
دەقی گوتەکانی عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامیی کوردستان:
ناساندنی سیمبوولێک لە سیمبوولەکانی ئیسلام، ناساندنی کەسایەتییەک کە نەوەکانی شانازی بە ناسنامەی نەتەوەیی باپیرەیان دەکەن، بووەتە هۆکارێک بۆئەوەی هەموومان لێرە کۆببینەوە. رووداو وەکو ماڵی هەموومان ئەمڕۆ ئەو دیارییە جوانەی کەڵە پیاوێکی زانست و زانیاریی پێشکێش بە کۆمەڵگای کوردستانی دەکات.
160 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە سیساوەی خۆشناوەتی، مەلا ئەبوبەکر ئەفەندی بارگەی تێکنا و کتێب و پەرتووکەکانی پێچایەوە و بەرەو ئەرزەڕۆم رۆیشت و لەوێشەوە بەرەو ئەستەنبووڵ و دواتر بە فەرمانی سوڵتانی عوسمانی بەرەو کەیپ تاون لە ئەفریقا دەڕوات بۆ ئەوەی پەیامی میانڕۆیی و پێکەوەژیان و پەیامی ئیسلامی راستەقینە بەو کۆمەڵگایە ببەخشێت. هەر لەوێشەوە زانست و زانیاری وای لێدەکات وەکو رەمزێکی ئیسلام بە گەشاوەیی بمێنێتەوە.
نووسینی کتێبی بەیانودین بە هەردوو زمانی عەرەبی و هۆڵەندی کە دواتر ئەو کتێبە بۆ موسڵمانانی ئەفریقای باشوور بووە سەرچاوەیەکی مەعریفە و ئیلهام، گەورەترین بەڵگەیە لەسەر رووناکبیریی ئەو کەسایەتییە، کە توانیی بە مەودایەکی کەم لەپێناو گەیاندنی پەیامی میانڕۆیی فێری زمانی هۆڵەندی ببێت؛ بە قسەکردن، تێگەیشتن و نووسین. ئەوە ئەو راستییە گەورەیەمان پێ دەڵێت کە گەلی کورد لە رابردوودا خاوەنی زانای گەورە و دیار بووە.
ئەو زانایانە بە دیدگەی فراوان و جیهانبینی، هەمیشە ناوبانگیان لە جیهانی ئیسلام و فەرهەنگی فیکری و فیقهی و فەلسەفی بە درەوشاوەیی ماوەتەوە.
سەرەتای سەدەی پێنجی کۆچی لەم قەڵای هەولێرە، عەللامە مەلا خدری کەت، یەکەم مەدرەسەی ئایینیی لەسەر قەڵا دانا و ئاوەدانی کردەوە، کە دەتوانم بڵێم وەکو زانکۆیەکی ئەم سەردەمە بوو بۆئەوەی خەڵک لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان روو لە قەڵای هەولێر بکەن بۆئەوەی وەکو مەڵبەندێکی زانست و زانیاری دەرچووی ئەم مەدرەسەیە بن و فێری زانست و زانیاری بن.
لە میسر زانایانی کورد رۆڵێکی یەکجار گەورە و بەرچاویان گێڕا، لە بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاریی لە ئەزهەری شەریف. مانەوەی رەواقولئەکرادیش تاوەکو ئێستا بە زیندوویی و دەرچوونی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە قوتابی کورد لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و بوونی هەندێکیشیان بە مامۆستا لەو زانکۆیە، گەواهی ئەو راستییەن.
لە تورکیا شێخ سەعید رۆڵێکی یەکجار گەورە و بەرچاوی هەبوو و خزمەتێکی یەکجار گەورەی کرد؛ نووسینەکانی کە بە رەسائیل نوور ناسراون، تاوەکو ئێستاش سەرچاوەی وەرگرتنی هزر و مەعریفە و تێگەیشتنن. لە عەرەبستانی سعوودیەش، لە سەدەکانی رابردوودا سەرچاوە مێژووییەکان پێمان دەڵین، زیاتر لە 70 زانای کورد رۆڵی موفتی و پێشنوێژی و ئیرشادیان لە هەردوو حەرەمی پیرۆزی مەککە و مەدینە بینیوە.
240 ساڵیش بەر لە ئەمڕۆ، سوڵتان مستەفای کوڕی سوڵتان سەلیمخان، پرسیارێکی زمانەوانی لە عیلمی سەرف ئاراستەی هەموو هاوسەردەمەکانی خۆی کرد بۆ ئەوەی هەر کەسێک بتوانێت لە سەرتاسەری جیهانی ئیسلامیی ئەوکات وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، سوڵتان مستەفای کوڕی سوڵتان سەلیمخان خەڵاتی بکات و رێزی لێ بنێت. تاکە زانای کورد، ئیبن ئادەمی رۆستایی باڵەکی لە ساڵی 1205ـی کۆچی توانی وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە و دەقی وەڵامەکە ئێستا لە مۆزەخانەی ئەستەنبووڵ پارێزراوە و خەڵاتی 200 دیناری ئەو کاتیشی پێدرا.
لە سووریا، زیاتر لە 30 ساڵ فەتوا و گەیاندنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام لە دەستی مەلای کورد بووە. خوالێخۆشبوو محەممەد رەمەزان گەواهی ئەو راستییەیە کە کورد بوو و موفتی وڵاتی سووریا بوو. لە عێراقیش 400 ساڵ فەتوا لەبەردەستی کورد بوو و دوایینیان عەللامەی رەحمەتی، مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس بوو کە دوایین پلەی فەتوا لە عێراق، لەسەر دەستی ئەو کۆتاییهات.
ئەوانە هەموو ئەو راستییانەمان پێ دەڵێن کە مەلای کورد بە درێژایی مێژوو رۆڵێکی کاریگەریان هەبووە لە بڵاوکردنەوەی میانڕۆیی و بڵاوکردنەوەی ئایینی پڕ لە خۆشەویستی بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بە تەواوی ئاشنای ئاینی پیرۆز بێت و وەکو برا لەگەڵ یەکتر بژین.
ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە بە مامۆستا مەلا ئەبوبەکر ئەفەندی سیساوەیی خۆشناو ئاشنا دەکات، گەواهی ئەو راستییەیە کە مەلای کورد ئامادە بووە قوربانی بدات، دوور بێت لە ماڵوحاڵ و خزم و نیشتمانەکەی بۆ ئەوەی پەیامی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بگەیەنێت. لێرەدا مافی خۆیەتی بپرسین، چ شتێک ماوە کورد بۆ ئاینی ئیسلام بیکات؟ زانایانی کورد هەرچی لەتوانایاندا بووە بۆ ئایینی ئیسلامیان کردووە و کەمتەرخەمییان نەکردووە و کەمتەرخەمیش ناکەن.
ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە، نەوەکانی مامۆستا مەلا ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو، ئێستاشی لەگەڵ بێت شانازی بە کوردبوون و کوردستانیبوونی خۆیان دەکەن. ئەوەش هێمای ئەوەیە کە مەلای کورد شان بە شانی ناسنامە ئایینییەکەی خۆیان، هەوڵیانداوە ناسنامە نەتەوەییەکەشیان بپارێزن. رۆڵەی زۆر لە نەتەوەکان لەنێو هەندێک نەتەوەی دیکەدا تواونەتەوە، بەڵام بە دووری هەزاران کیلۆمەتر کەسێکی کوردپەروەر هەوڵ دەدات ناسنامە نەتەوەییەکەی خۆی، شان بە شانی ناسنامە ئاینییەکەی بپارێزێت و ئەوەتا ئەمڕۆ نەوەکانی مەلا ئەبوبەکر هاتوونەتە زێدی باب و باپیرانی خۆیان بۆ ئەوەی لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە بە ئێمە بڵێن، ئێمە کوردین و کوردستانین و هەر بە کوردیش دەمێنینەوە.
دووبارە سوپاس بۆ بنەماڵەی مامۆستا مەلا ئەبوبەکر ئەفەندی کە لەسەر کوردبوونی خۆیان و میانڕۆیی خۆیان بەردەوامن. سوپاس بۆ رووداو؛ بۆ هەنگاوە جوانەکانی رووداو؛ بۆ ئەو خزمەتە جوانانەی کە رووداو پێشکێش بە کەسایەتییە ئاینییەکانی دەکات.
هاوکات نەوزاد ئەنوەر بەگ، کەسایەتیی هۆزی خۆشناو لەمیانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، "زانای پایەبەرز (ئەبوبەکر ئەفەندی) کانی و باخ و کوێستان و شاخی کوردستانی بەرەو وڵاتی باشووری ئەفریقا جێهێشتووە و لەو ناوچە دوورە خمەتێکی زۆری ئایین و رۆشنبیریی ئیسلامی کردووە."
بە گوتەی نەوزاد ئەنوەر بەگ، "بنەماڵە و نەوەکانی [ئەبوبەکر ئەفەندی] بەشداریی شۆڕش و راپەڕینەکانی گەلی ئەفریقایان لەپێناو ئازادی کردووە." دەشڵێت، "بۆیە بە برایانی خۆمان لە ئەفریقای باشوور دەڵێین: خاکی کوردستان و حکومەتی کوردستان موڵکی خۆتانە، ئێوەش جێگەی شانازی و خۆشەویستیی زۆری ئێمەن."