رووداو دیجیتاڵ
دادگەی سلێمانی تاوانباری تیرۆرکردنی چالاکڤانێکی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە بەندکردنی تاهەتایی سزا دا.
رۆژی دووشەممە، 06-11-2023 لە دادگەی تاوانی سێی سلێمانی دانیشتنی دادگاییکردنی دوو لە تۆمەتبارانی دۆسیەی تیرۆرکردنی بێهروز رەحیمی، چالاکڤانی سیاسیی بەڕێوەچوو. یەک لە تۆمەتبارەکان بە ناوی پێشڕەو عومەر محەممەد بە بەندکردنی تاهەتایی سزا درا و تۆمەتبارەکەی دیکەش بە ناوی "ش. ئـ. ر." بە بێتاوان ناسێندرا و ئازادکرا کە هەردووکیان دانیشتووی شاری سلێمانین.
سۆهراب ئەسەدوڵڵا محەممەد، پارێزەری دۆسێی بێهروز رەحیمی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوانباری سەرەکیی ئەو دۆسێیە بەپێی مادەی 2 لە یاسای تێرۆر و تۆقاندنی پەرلەمانی کوردستان سزادراوە و دانی بەوەدا ناوە لەگەڵ باوکی ئەندامی دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسدارانە لە شاری بانە."
ئەو پارێزەرە هەروەها دەڵێت، ئەو تۆمەتبارەی دادگە بڕیاری بێبەریکردنی داوە، لە چاودێریکردنی تاوانلێکراو و کۆکردنەوەی ئەو کەرەستانەی تاوانەکەیان پێکراوە لە شوێنی روودانی تاوان بەشدار بووە، بۆیە تانە لە بڕیاری ئازادکردنی دەدەن. هەروەها تانە لە بڕیاری دادگە لەبارەی تاوانباری سەرەکیش دەدەن و داوا دەکەن سزاکەی قورستر بکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 14-7-2021 لە گوندی ژاڵەی نێوان شاری سلێمانی و ناحیەی عەربەت لەنێو ئۆتۆمبێلێکەوە، لە پشتەوەڕا تەقە لە بێهروز رەحیمی، چالاکڤانی سیاسی کرا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
بێهروز رەحیمی، 49 ساڵ، خەڵکی شاری دیواندەڕەی پارێزگای سنە بووە و نزیکەی 10 ساڵ بوو لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوو وەکو پەنابەری سیاسی.
سۆهراب رەحمەتی دەڵێت، ئەو دوو کەسە دانیان بەوەدا ناوە لە هەرێمی کوردستان چەندین گرووپی سەر بە دەزگا ئەمنییەکانی ئێران چالاکییان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ