چیرۆکی خۆشناوەکانی ئەفریقا.. لە سیساوەوە تاوەکو کەیپ تاون

 
رووداو دیجیتاڵ

تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوون بۆ زانایەکی گەورەی سەدەی رابردوو دەکات، کە لە ئەفریقا بووەتە رێگەیەکی گرنگی رۆشنکردنەوە و سەدان کچ لەسەر دەستی ئەو فێری خوێندەواری بوون، ئەویش ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناوە.
 
ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو، خەڵکی گوندی سیساوەی سەر بە قەزای هەریرە، 18 ساڵی کۆتایی تەمەنی لە شاری کەیپ تاونی ئەفریقای باشوور بەسەر بردووە، هەر لەوێش کۆچی دوایی کردووە، ئێستا زیاتر لە 2000 نەوەی ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو لە شاری کەیپ تاون ماون و بە خۆشناوەکانی ئەفریقا ناودەبرێن. یەکێک لە نەوەکانی ئەو زانا کوردە دەڵێت، "ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو لەگەڵ چوونی بۆ کەیپ تاون، توانیویەتی رۆڵێکی گرنگ لە پرۆسەی خوێندەواری و زانستدا بگێڕێت و لەو ماوەیەدا هەشت کتێبی ئایینیی نووسیوە و مێدالیای سوڵتان عەبدولعەزیزی بەدەستهێناوە."
 
تۆڕی میدیایی رووداو بەڵگەفیلمێک لەسەر زانای کورد "ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو" و خۆشناوەکانی ئەفریقا بەرهەم دەهێنێت، هەروەها کتێبێک لەسەر هەمان مژار، چاپ و بڵاودەکاتەوە، بەڵگەفیلم و کتێبەکە لەلایەن سیروان رەحیم، کاری دەرهێنان و نووسینیان بۆ کراوە.
 
 
لەبارەی بیرۆکەی بەدواداچوون بۆ ناسنامەی ئەو زانا کوردە و خۆشناوەکانی ئەفریقا، سیروان رەحیم، نووسەر و دەرهێنەر، لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نوورۆژ، بە رووداوی گوت "بەڕێوەبەری گشتیی رووداو رۆژێک پەیوەندیی پێمەوە کرد و گوتی کە زانایەکی کورد لە باشووری ئەفریقا هەیە و دەمەوێت قسەی لەسەر بکەین، دوای تاوتوێکردنی بابەتەکە، توانیمان بگەینە کەیپ تاون، بەدواداچوونمان کرد و توانیمان نەوەکانی ئەبوبەکر کوردی ببینین و پێشوازییەکی یەکجار گەورەیان لێکردین و هاوکارمان بوون، بۆیە بەڵگە فیلمکەمان تۆمارکرد و توانیمان کتێبێکیش لەبارەیانەوە بنووسین."
 
 
کتێبی "ئەستێرەی کوردستان بە ئاسمانی کەیپ تاون" لە 190 لاپەڕە پێکهاتووە، 7-11-2023 سێشەممە لە رێوڕەسمی نیشاندانی بەڵگەفیلمەکە بڵاودەکرێتەوە، کتێبەکە بە وردی باسی ئەبوبەکری کوردی و خۆشناوەکانی ئەفریقا دەکات و چەند بەڵگەنامەیەکیش لەبارەیانەوە لەخۆ دەگرێت.
 
سیروان رەحیم، نووسەری کتێبەکە دەڵێت: "کۆمەڵێک بەڵگەنامەی باش لە کتێبەکەدا هەن لەبارەی خێزانەی ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو، کە وەک کەسێکی رۆشنگەر لەوێ بووە. دوای چەند هەفتەیەک قوتابخانەی لە کەیپ تاون کردووەتەوە، لە 1863 قوتابخانەی کچانی کردووەتەوە و خانمەکەی خۆی بووەتە مامۆستا و سەدان کچی فێری خوێندەواری کردووە، بۆیە لە زۆربەی ئەو شوێنانەی چووین وەک مۆزەخانە و مۆنۆمێنت، گۆشەیەک لەبارەی ئەبوبەکر ئەفەندی هەبووە". 
 
 
ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو ساڵی 1814 لە گوندی سیساوە لەدایکبووە، ساڵی 1863 چووەتە کەیپ تاون لە ئەفریقا و ساڵی 1880 لە تەمەنی 67 ساڵیدا لە کەیپ تاون کۆچی دواییکردووە. لە پێشەکیی کتێبی "بیان الدین" ئەبوبەکر ئەفەندی لەبارەی خۆیەوە وای نووسیوە کە "ئەبوبەکر ئەفەندی، نەوەی میر سولەیمانی کوڕی میر محەممەدی کوڕی میر عەبدوڵڵای کوڕی میر زەیدە، لە خانەدانی سۆرانی سەر بە ویلایەتی شارەزوور – بەغدا"یە.
 
لەبارەی هۆکاری کۆچکردنی ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو  بۆ شاری کەیپ تاون، محەممەد زۆبری، یەکێک لە نەوەکانی ئەبوبەکر ئەفەندی بە رووداوی گوت "ئامانجی سەرەکیی ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو کەیپ تاون نەبووە، ئەو سیساوەی جێهێشتووە یەکەمجار چووەتە ئیستەنبووڵ، بۆ ئەوەی بەدوای وەقفی ئایینی خێزانەکەیەوە بێت، چونکە 80٪ی دەشتی هەریر وەقفە، بەڵام عوسمانییەکان دوای کوشتنی باوکی ئەبوبەکر دەستیان بەسەر زەوییەکەدا گرتووە، بۆیە ئەبوبەکر بەڵگەکانی بردووە و لەگەڵ عوسمانییەکان دانیشتووە لەسەر بابەتەکە، بەڵام هەر لەوکاتە بەریتانییەکان نامەیان بۆ عوسمانییەکان ناردووە کە مامۆستایەکی ئایینییان دەوێت، بۆیە عوسمانییەکان پێیانگوتووە مەگەڕێوە کوردستان و ناردوویانە بۆ کەیپ تاون".
 
 
هەرلەبارەی چوونی ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو، سیروان رەحیم دەڵێت: "لەسەر داخوازیی ئینگلیزەکان، داوا لە پایتەختی خەلافەت دەکەن کە ئیستەنبووڵە، زانایەکیان بۆ بنێرن، چونکە رەوەندی موسڵمان ئەوکاتە تووشی کێشە بوونە و کۆمەڵێک کەسی گەندەڵ بەناوی پێشەوای ئایینی خراپ بەکاریهێناون، بەڵام ئەبوبەکر ئەفەندی دەچێت بە زانستی خۆی رێگەی خەڵک لە کەیپ تاون و شارەکانی دیکەی باشووری ئەفریقا رۆشن دەکاتەوە، بە ئامانجی ئەوەی زانیاریی دروست بداتە خەڵکەکە".
 
لەبارەی فێربوونی زمانی ئەفریقا و نووسینەکانی ئەبوبەکر ئەفەندیشەوە، سیروان رەحیم گوتی: "یەکەم کتێبی ئەبوبەکر ئەفەندی بە زمانی ئەفریکانی بووە، کە زمانی هۆڵەندییە، بەڵام بارگاویی بووە بە وشە و دەربڕینەکانی ئەو سەرزەمینە، لە یەکەم کتێبی بەناوی "بيان الدين" بە زمانی ئەفریکانی و رێنووسی عەرەبی نووسیوە، بەو کتێبەیەوە زۆر بەنێوبانگ دەبێت و بووەتە سەرچاوە بۆ چەندین کتێبی دیکە، چونکە کتێبەکە بە زمانی ئەفریکانی و ئەلف و بێی عەرەبی نووسراوە و ئەوەش یەکەم هەنگاو بووە، بۆیە کتێبەکە وەردەگێڕدرێت و دەنگدانەوەی زۆری دەبێت."
 
 
شاری کەیپ تاون، بە پایتەختی یاسادانانی باشووری ئەفریقا دادەنرێت و کۆنترین شاری ئەو وڵاتەیە، شوێنی پەرلەمانی باشووری ئەفریقایە و دووەم گەورەترین شاری وڵاتەکەیە، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە چوار ملیۆن و 770 هەزار کەسە. 
 
محەممەد زۆبری ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئێستا لەو شارەدا زیاتر لە دوو هەزار نەوەی ئەبوبەکر ئەفەندی نیشتەجێن. زۆربری زانیاریی زۆری لەبارەی کوردستان و بەتایبەتی ناوچەکانی خۆشناوەتییەوە هەیە و دەڵێت: "هەمیشە لە گووگڵ سێرچم بۆ کوردستان کردووە و لەسەر نەخشەی گووگڵ ئەوەندە سەیری کوردستانم کردووە و شارەزام وەک ئەوەی خۆم لێرە بم". 
 
ئەو دەڵێت کە باوک و مامەکانی هەمیشە ناوی کوردستانیان لەسەر زار بووە و بۆ نەوەکانیان باسیان کردووە.
 
سەبارەت بە زانینی زمانی کوردی، محەممەد زۆبری دەڵێت: "کە منداڵ بووم نزیکەی 20 وشە لە باوکمەوە فێربووم، باوکم دەیگوت: وەرە. منیش دەمگوت: بەڵێ، باوکم بە تەواوی کوردیی دەزانی، بەڵام ئێمە نەماندەزانی، کە منداڵ بووم باوکم نەخشەیەکی نیشاندەدام دەیگوت ئەمە کوردستانە، ئێستاش نەخشەکە ماوە، باوکم دەیگوت کەرکووک هی کوردستانە، ئەوکات نەمدەزانی، بەڵام ئێستا دەزانم مەسەلە چییە". دەشڵێت "ئێستا من هەوڵدەدەم خۆم فێری کوردی بکەم و 500 وشە دەزانم، بەشێکی دیکەی نەوەکانی ئەبوبەکر ئەفەندی لە هەوڵی فێربوونی کوردیدان و برایەکم و کوڕێکی ئێستا بە تەواوی کوردی دەزانن". 
 
لەبارەی هەوڵی گەڕانەوەی کوڕان و نەوەکانی ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو، محەممەد زۆبری گوتی: "منداڵەکانی ئەبوبەکر هەمیشە ویستوویانە بگەڕێنەوە، بەڵام دۆخی ناوچەکە رێگربووە لەوەی ئەوان بگەڕێنەوە، تەنانەت ئەوان رێگەی جیاوازیان تاقیکردووەتەوە بۆ گەڕانەوە، تەنانەت لە رێگەی ئێران و تورکیاشەوە ویستوویانە بگەڕێنەوە، بەڵام نەیانتوانیوە، باوکم هەمیشە باسی ناوچەی خۆشناوەتیی بۆ دەکردم، هەموو رۆژێک حەزی دەکرد بگەڕێتەوە، لەنێو بەڵگەکان نامەیەکم دۆزییەوە کە 1967 باوکم نووسیویەتی بۆ کۆنسوڵخانەی تورکیا لە ئەفریقا، داوای پاسپۆرتی لێکردوون تاوەکو بگەڕێتەوە کوردستان و نووسیوویەتی خزمم هەیە لەنێو خۆشناوەکان تاوەکو چاوم بە کەسوکارم بکەوێت دەمەوێت بگەڕێمەوە."
 
محەممەد زۆبری چەند رۆژێکە لە هەرێمی کوردستانە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی کتێب و بەڵگە فیلمی "ئەستێرەی کوردستان بە ئاسمانی کەیپ تاونەوە"، لەم چەند رۆژەدا زۆبری توانوییەتی سەردانی خزمانی بکات لە دەڤەری خۆشناوەتی، لەبارەی پێشوازیکردنی لەلایەن خزمانیەوە، زۆبری گوتی "ئێمە کۆنترین بەڵگەی مێژوویی خێزانەکەمان هەیە، کوردی رەسەنین و کوردستانمان خۆشدەوێت، ئەوە بەشێکە لە روخساری ئێمە، لەکاتی هاتنەوەم لێرە خزمانمان کاردانەوەی جوانیان هەبوو و هەموو رۆژێک دەعوەت دەکرێین، لە ژیانمدا هێندە باوەشم پیدا نەکراوە و بە جوانترین شێوە پێشوازیمان لێکراوە."
 
زۆبری دەڵێت کە بەرلەوەی ئەبوبەکر ئەفەندی بچێتە کەیپ تاون، زۆر کێشە لەو شارەدا هەبوون "سەرەتا ئەبوبەکر خۆشناو شۆڕشێکی رۆشنگەریی بەرپاکرد، ئەوکات 1863 دانیشتووانی کەیپ تاون 63 هەزار کەس بوون و ژمارەی موسڵمانان 50 هەزار کەس بوون، کە ئەبووبەکر هاتووەتە کەیپ تاون خەڵک زۆر پێی دڵخۆشبووە و توانراوە کێشەکان چارەسەر بکرێن و پەرە بە زانست و خوێندەواری بدرێت."
 
 
لەبارەی کتێبەکانی ئەبوبەکر ئەفەندیشەوە، نەوەکەی ئاشکرای دەکات "ئەبوبەکر ئەفەندی هەشت کتێبی نووسیوە، کە سێ پەرتووکیان زۆر گەورەن، کتێبی "بیان الدین"کۆنترین کتێبیەتی 1869 نووسیویەتی و دراوەتە سوڵتان عەبدولعەزیز، لە بەرامبەردا مێدالیای پێبەخشیوە، لەگەڵ چەند کتێبێکی دیکە، تەنانەت کتێبێکی 100 ساڵ بوو لە ماڵێکدا حەشار درابوو دواتر دۆزیمەوە، بە ناوی "مفتاح الدین" کە ئێستا کاری لەسەر دەکەین". 
 
یەکێک لە هەوڵە دیار و بەرچاوەکانی ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو لە شاری کەیپ تاونی باشووری ئەفریقا، کردنەوەی قوتابخانەی ژنان بووە و بەو هۆیەوە سەدان ژن لەو شارە فێری خوێندەواری بوون. لەو بارەوە سیروان رەحیم دەڵێت "ئەبوبەکر ئەفەندی پەروەردەیەکی گرنگی هەبووە و لە کوردستان لەسەر دەستی باوک و باپیرانی پەروەردە کراوە و لە مەککە و بە‌غدا و ئیستەنبووڵ خوێندوویەتی، پەروەردەی باش وایکردووە بڕوای بە یەکسانی هەبێت، لە سەرزەمینێک کە سەرزەمینی بە کۆیلەکردنی مرۆڤەکان بووە. گرنگیی ئەو کارەی ئەبوبەکر ئەفەندی لەوەدایە کە لەو تاریکستانەدا ئەو کارەی کردووە، تەنانەت لە 1939 هەواڵێک لەبارەی مردنی ژنێک لە یەکێک لە رۆژنامەکانەوە بڵاوکراوەتەوە و نووسراوە کە ئەو ژنە قوتابی ئەبوبەکر ئەفەندی بووە".