ئیسرائیل بۆ دۆزینەوە ناسنامەی قوربانییانی هێرشەکانی حەماس پشکنین بۆ ئۆتۆمبێل و پاشماوەکانیان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
تیمی تایبەتی لێکۆڵەرەوە و شوێنەوارناسیی ئیسرائیل لە شاری نێتیڤۆت لە باشووری ئیسرائیل ئۆتۆمبێلە تێکشکێندراوەکانی هێرشەکانی حەماس دەپشکنن، ئەوەش بە مەبەستی دۆزینەوەی ناسنامەی قوربانییەکانی ئەو هێرشە.
ئاڤی فرێد، مولازم لە هێزی تایبەتی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "لەم پرۆسەیەدا دەمانەوێت هەر پاشماوەیەکی مرۆڤ هەبێت بیدۆزینەوە و لەنێو ئەم ئۆتۆمبێلانەدا پاشماوەی خوێن یان ئێسکوپروسک لەنێو ئۆتۆمبێلە سووتاوەکاندا بدۆزینەوە، ئەوەش لە رێگەی ئەزموون و شارەزایی شوێنەوارناسان؛ تاوەکو بتوانین زانیاریمان لەسەر ناسنامەی کەسەکان دەستبکەوێت."
بەگوێرەی بەرنامەیەکی هاوبەشی حکومەت و سوپای ئیسرائیل، ئۆتۆمبێل و پێڵاو و جلوبەرگ و پاشماوەی قوربانییانی هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی حەماسیان لە 20 ناوچە کۆکردووەتەوە.
پرۆسەکە لە دوو بەش پێکهاتووە، بەشێکیان پشکنینی ئۆتۆمبێلەکانە و بەشی دووەمیش پشکنینی پێڵاو، جلوبەرگی قوربانییەکانە کە لە شاری لۆد لە ناوەڕاستی ئیسرائیل دەکرێت.
یائیل رایکێرت، بەرپرسی بەشی لۆجیستیکی پۆلیسی ئیسرائیل دەڵێت، "کاڵای وەکو پێڵاو، جلوبەرگ، چاویلکە؛ ئەوانە ئەو شتانەن کە ناتوانین ناسنامەی خاوەنەکەی پێ بدۆزینەوە، بۆیە پێویستی بە پشکنینی زیاترە، بەڵام زۆر کاڵای دیکە هەن کە لەگەڵیدا ناسنامەیەک یانیش ژمارەیەک دۆزراوەتە، یانیش لەنێو ئوتۆمبێلەکاندا دۆزراونەتەوە. بۆیە هەوڵدەدەین لە رێگەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەوە سەرەداوێکمان دەستبکەوێت بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی خاوەنی ئەو کاڵایانە."
بەگوێرەی حکومەتی ئیسرائیلی، لە هێرشەکانی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل، لانیکەم 1400 ئیسرائیلی کوژران و زیاتر لە 240 کەسی دیکەیش بە بارمتە گیراون.