خشتەی گەشتەکانی هێڵی شەمەندەفەری سنە-تاران راگەیێندرا

رووداو دیجیتاڵ 
 
دوای ئەوەی هێڵی شەمەندەفەری هەمەدان-سنە کە ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هێڵی شەمەندەفەری سەرانسەری ئێرانەوە دەبەستێتەوە، لە لایەن ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران کرایەوە، خشتەی گەشتەکانی هێلی شەمەندەفەری سنە-تاران راگەیێندرا و بەپێی خشتەکە لە هەفتەیەکدا دوو گەشتی چوون و هاتن لە نێوان سنە و تاران دەبێت.
 
رۆژی دووشەممە، 06-11-2023، کیومەرس حەبیبی، جێگری پارێزگاری سنە بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند: "دوای ئەوەی پرۆژەی گەورەی هێلی شەمەندەفەری هەمەدان - سنە بە فەرمی کرایەوە، ئەو دەرفەتە بۆ خەڵکی پارێزگای سنە رەخساوە، کە لە هەفتەیەکدا بە شەمەندەفەر بەرەو  تاران گەشت بکەن."
 
کیۆمەرس حەبیبی گوتی: "گەشتەکانی سنە بۆ تاران هەر هەفتە رۆژانی سێشەممە و هەینی کاژێر 22:00ی شەو بە کاتی تاران (21:30 بە کاتی هەولێر) دەستپێدەکات و گەشتەکانی تاران بۆ سنەش لە هەمان رۆژ و لە کاژێر 10:00 بەیانی دەبێت و ماوەی هەر گەشتێکیش 6 کاژێر و 30 خولەک دەبێت."
 
بە گوتەی حەبیبی، لە هەر گەشتێکی هێڵی شەمەندەفەری سنە-تاران و بەپێچەوانەوە، 300 کەس دەتوانن هاتۆچوو بکەن. ئاماژەی بەوە کرد کە لە شەمەندەفەرەکەدا خواردنگە، سیستەمی دەنگ و رەنگ و خواردنی پاکێتی هەیە. 
 
جێگری پارێزگاری سنە بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە هەروەها رایگەیاند، بەمەبەستی ئاسوودەبوونی خەڵک، گەراجێکی ئۆتۆمبێل لە وێستگەی هێلی شەمەندەفەری سنە کراوەتەوە، بێجگە لەوەش بە هاوئاهەنگی دامەزراوەی رێگەوبان و شارەوانی، گواستنەوەی گەشتیاران لە رێگەی ئۆتۆمبێلە گشتییەکانیش دەبێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 2-11-2023، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی دوو رۆژی گەیشتە پارێزگای سنە و چەندین پرۆژەی کردەوە کە یەکێک لەوانە هێڵی شەمەندەفەری هەمەدان – سنە بوو.
 
هێڵی شەمەندەفەری هەمەدان - سنە، کە درێژییەکەی 151 کیلۆمەترە، بەشێکە لە پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری تاران - هەمەدان - سنە، کە درێژییەکەی 420 کیلۆمەترە و تێچووی پڕۆژەکەش دوو تریلیۆن و 400 ملیار تمەنە. 
 
لە قۆناخی یەکەمدا، هێڵەکە لە توانایدایە ساڵانە 300 هەزار کەس و 600 هەزار تۆن شتومەک بگوازێتەوە؛ لە قۆناخی کۆتاییدا لە توانایدا دەبێت ساڵانە 600 هەزار کەس و سێ ملیۆن تۆن کەلوپەل بگوازێتەوە.