هاونیشتمانییەکی گوندی بێخویرێ لە ئامێدی: بەهۆی بێئاوییەوە من و پیرەژنەکەم بەتەنیا ماوینەتەوە

08-11-2022
هونەر رەشید
سەنعان و هاوژینەکەی
سەنعان و هاوژینەکەی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوە، لە کۆی 15 خێزانی دانیشتووی گوندی بێخویرێ لە سنووری ئامێدی، تەنیا یەک خێزان لە گوندەکە ماونەتەوە. هاوکات لە گوندی مێرگێش نەبوونی ئاو هەڕەشەی چۆڵکردن لە دانیشتووانی گوندەکە دەکات.

 

سەنعان و هاوژینەکەی کە دانیشتووی گوندی بێخویرێی سنووری ناحیەی دێرەلوکن، رۆژانە ناچارن بە پیکاب بچنە ناحیەکە بۆئەوەی ئاوی خواردنەوە بۆخۆیان دابین بکەن.
 
سەنعان حەسەن، هاونیشتمانی بە رووداوی گوت، "ئاومان دەوێت ئاو. ئەم گوندە بەهۆی بێئاوییەوە چۆڵ کراوە و خەڵک هەمووی رۆیشتن. بەخوا کوڕەکەی منیش بەهۆی بێئاوییەوە چوو. دەڵێن 'ئاو و ئاوەدانی'، سەرەتا ئاو ئینجا ئاوەدانی. من و پیرەژنەکەم بە تەنیا ماوینەتەوە."
 
گوندی مێرگێ کە هاوسنوورە لەگەڵ گوندی بێخویرێ، هەمان کێشەیان هەیە و بەهۆی وشکبوونی کانییەک کە پێشتر سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی گوندەکە بوو، ئێستا بێ ئاوی خواردنەوە ماونەتەوە.
 
عەلی ئەحمەد، خەڵکی گوندی مێرگێیە و دەڵێت، "ئاوی خواردنەوەمان نییە. خەڵک گوندەکە چۆڵ دەکەن. پێشتر 20 ماڵ بووین، بەڵام ئێستا 6-7 ماڵێک ماوینەتەوە، ئەگەر ئاو نەبێت ئەوانیش گوندەکە چۆڵ دەکەن، ئاو نییە بیخۆنەوە."
 
عەبدولڕەحمان ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی دیکەی دانیشتووی گوندی مێرگێیە و باس لەوە دەکات، "ژیانی خەڵکی ئەم گوندە لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییە، بەڵام ئێستا ئاو نەماوە، بۆیە نزیکەی نیوەی ئاژەڵەکانم فرۆشت بەهۆی کەمئاوییەوە."
 
فەرمانگەی ئاوی ئامێدی دەرخستەیەکی بە بەهای 130 ملیۆن دینار بۆ کۆڵینی بیرێک و دروستکردنی تۆڕ ئاو بۆ ئەو دوو گوندە ئامادە کردووە، بەڵام چاوەڕوانی کارگێڕیی پارێزگای دهۆک دەکەن بۆ خەرجکردنی ئەو پارەیە.
 
ئەندازیار بەشار حەجی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی ئامێدی بە رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی وشکەساڵی دروست بوو، ئاوی ئەوانیش کەم بووەوە. ئێمە وەکو فەرمانگە سەردانی ئەوانمان کردووە بۆ کۆڵینی بیرێک و پڕۆژەکە ئامادەیە. بۆ قۆناخەکانی داهاتوو ئیشاڵڵا دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە."
 
بەگوێرەی ئاماری فەرمانگەی ئاوی ئامێدی، لە کۆی 356 گوندی سنوورەکە، 157یان ئاویان بۆ دابین کراوە و 199 گوندیش بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە تاوەکو ئێستا بیری ئاویان بۆ دابین نەکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.