پارە لە بانکدا نییە؛ ژینگەپارێزان مانیان گرتووە و زبڵ شەقامەکانی رانیەی داپۆشیوە


رووداو دیجیتاڵ 

دیمەنی کۆبوونەوە و فڕێدانی زبڵ و خاشاکی ماڵان لەسەر شەقامەکانی شاری رانیە لەم ڤیتییەدا دەبینن، چونکە ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە کارمەندانی ژینگەپارێز بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان کارەکانیان راگرتووە.
 
ئیبراهیم مەعرووف کارمەندێکی ژینگەپارێزە، کرێنشینە و، دەرچووی پەیمانگەی وەرزشییە. ئەو یەکەمی سەر ئاستی بەشەکەی بووە، دەڵێت، لە ئەمساڵدا بۆ جاری سێیەمە بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا بایکۆتی کارەکانیان دەکەن. 
 
ئیبراهیم پێی گوتم، "بەردەوام دەبین هەتاوەکو مووچەکانمان لەکاتی خۆیدا پێدەدەن، ناکرێت هەموو سێ مانگ جارێک بایکۆتی کارەکانمان بکەین، دواکارین سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بێنە سەر خەت، لە مانگی حەوت [تەممووزەوە] زووڵممان لێ دەکرێت."
 
لە کۆی 500 ژینگەپارێز، نزیکەی 200 کەسیان بایکۆتی کارەکانیان کردووە، رۆژانە زیاتر لە 90 تۆن زبڵ و خاشاک لە شاری رانیە کۆدەکەنەوە.
 
عەزیز عەلی، کاسبکارە لە بازاڕی شارەکە، دەڵێت: نزیکەی حەوت رۆژە ئەو زبڵە لێرە فڕێدراوە و کەس بەلایدا نەهاتووە، بازاڕی ئێمەی سستکردووە، بۆنێکی ناخۆشی هەیە، ئەوە دووکانەکەمە خەریکە زبڵ دەچێتەناوی.
 
عەلی ئیسماعیلیش کاسبکارێکی دیکەیە، دەڵێت: بۆگەنی دێت زبڵەکە، ئەوەتا لەوێ تەڕەفرۆش و شووتیفرۆش لە تەنیشت زبڵەکەدان، دیاردەیەکی زۆر ناشرینە.
 
رێباز پیرۆت، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی راپەڕینە و نەبوونی پارەی نەختینە لە بانکەکاندا بە هۆکاری سەرەکیی گرفتی ژینگەپارێزان دادەنێت. دەشڵێت: لەگەڵ ئیدارەی راپەڕین و بەڕێوەبەری گشتیی بانکی هەرێم لە سلێمانی لەسەر ئەم کێشەیە لە پەیوەندیداین، بەڵام پارەکە زۆرە، بەهۆی ئەوەی نەختینە لە بانکەکاندا نییە، ناتوانن دابینی بکەن.
 
لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا کارمەندانی ژینگەپارێز لە سنووری ئیدارەی راپەڕین سێ جار بایکۆتی کارەکانیان کردووە، رووداو زانیویەتی لە رێگەی ئیدارەی گشتیی یەکێتییەوە تواندراوە مانگانە 300 ملیۆن دینار بۆ خەرجیی کۆمپانیا و کارمەندانی ژینگەپارێز دابین بکرێت، بەڵام بەهۆی زۆریی ژمارەی کارمەندەکانەوە نەتواندراوە گرفتی پێدانی مووچەکانیان چارەسەر بکرێت.