ئەمساڵ داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان 206 هێرشی ئەنجامداوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان هۆکاربوون بۆ زۆربوون و مەترسیی هێرشەکانی داعش تێیاندا، بۆشاییە ئەمنییەکە لە هەندێک ناوچە دەگاتە 40 کیلۆمەتر، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو رێکخراوەکە 206 هێرشی ئەنجامداوە ئەنجامداوە.
هەرچەندە زیاتر لە 5 ساڵە داعش وەکو رێکخراوێکی چەکدار رووخاوە و هیچ خاکێکی عێراقی بەدەستەوە نەماوە، بەڵام بەرپرسە سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، نایشارنەوە کە هێشتا داعش مەترسییە بۆ سەر عێراق. بەتایبەت لە ناوچەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کە بۆشایی ئەمنییان تێدا دروستبووە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و هێزەکانی میحوەری شەشی هێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان بۆ دۆزینەوەی پاشماوەکانی داعش دەستپێکردووە. ئۆپەراسیۆنەکە بۆ سنووردارکردنی کردەکانی داعشە.
جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، "ژمارەی کردەوە تیرۆرستییەکان لە 1-1-2021ـەوە تاوەکو 31-10-2021، 206 کردەی تیرۆرستییە و زۆربەیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە، ژمارەی کوشتن، برینداران و رفێندراوان 837 کەسن و زیاترینیان لە مانگی 10دا بووە، زۆرترینیشیان سڤیلن".
ئەو ناوچانەی زۆربەی کردەوەکانی تێدا ئەنجام دەدرێت، ناوچەکانی نزیک قەرەچووخ و رۆژئاوا و باشووری کەرکووکن. لە سنووری گەرمیان و دیالەش، داعش سەقامگیریی قەرەتەپە و گوڵاڵە و خانەقینی شێواندووە.
وەزارەتی پێشـمەرگە لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەوە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەمە یەکەمین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقە کە لەو ناوچانە ئەنجامبدرێت، ئەمەش دوای گەیشتنە رێککەوتنی نێوان هێزی پێشمەرگه و سوپای عێراق دێت لە دروستکردنی بنکەی هاوئاهەنگیی هاوبەشی نێوان هەولێر ـ بەغدا و چوار بنکەی هاوبەشی دیکە.
هاوکات لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت، "ئەو پێشکەوتنە گەورەیەی کە بەدیهاتووە لە نێوان فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و هێزی پێشمەرگە بەهۆی کۆبوونەوە زۆرەکانەوەیە، بەدڵنیاییەوە گەیشتووینەتە ئەنجامی زۆر باش، ئەو ئەنجامانە دروستکردنی ناوەندەکانی هاوئاهەنگیی هاوبەشیان لێکەوتەوە، ئەرکی ئەو ناوەندانە هەماهەنگیکردنە لەگەڵ گۆڕینەوەی زانیاری و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش، هەروەها گرنگیدان بەو ناوچانەی کە جێی سەرنجی ئەمنین لە لایەن هەردوولا".
پشکنەری گشتیی ئەمریکا لە راپۆرتی وەرزیی خۆی بۆ چارەکی سێیەمی ئەمساڵ ئاماژەی بەوە کردووە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش پێی راگەیاندووە، کە پێشمەرگە توانای ئەوەی هەیە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو ئۆپەراسیۆن دژی داعش ئەنجامبدات و هێزەکانی ئاسایش و دژە تیرۆری کوردستانیش لێهاتوویی خۆیان لە دۆزینەوە و دەستگیرکردنی شانە نوستووەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان سەلماندووە.