ژنێکی دووگیان بەهۆی کارەباوە گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
بە دنیایەک خۆشەویستییەوە چاوەڕوان بوو منداڵی چوارەمی لە ئامێز بگرێت، بەڵام رووداوێک وایکرد بۆ هەمیشە لەگەڵ کۆرپەکەی بمێنێتەوە و هاوژین و سێ منداڵەکەی دیکەی بەجێبهێڵێت.
 
دنیا تەمەنی 30ساڵ بوو، لە گوندی گۆرانکێی گەورەی سەر بە قەزای ئاکرێ دەژیا. سێ منداڵی هەبوو و شەش مانگ بوو بە منداڵی چوارەمی دووگیان بوو. لەکاتی هەڵخستنی جل لەسەر بانی ماڵەکەیدا کارەبا لێیدەدا و لەگەڵ کۆرپەکەی پێکەوە گیانیان لەدەستدا.
 
سەفین ئەنوەر یاسین، کە پێشمەرگەیە و هاوسەری دنیایە، لەدەستدانی هاوژینەکەی وەک خۆی دەڵێت خەمێکی گەورەی لەسەر دڵی داناوە. ئەو باسی چۆنییەتی رووداوەکەی بۆ رووداو کرد و دەڵێت، لەکاتی رووداوەکە لە ماڵ نەبووە، کاژێر نزیکەی دووی دوا نیوەڕۆ بوو، کاتێک گەڕاوەتەوە ماڵەوە دونیای نەبینیوە. دەڵێت: "بانگم کرد بەڵام وەڵامی نەبوو، دەمێک گەڕام لە ماڵەکە نەمبینی، دواجار چوومە سەربانی ماڵەکە و بینیم کەوتووە و کارەبا لێیداوە، بردمانە نەخۆشخانە بەڵام بەر لەوەی بگات گیانی لەدەستدابوو."
 
بەگوتەی سەفین ئەنوەر، کارەبایان لە موەلیدە راکیشاوە و کارەباکە بەر تەلی هەڵخستنی جلەکان کەوتووە و لەبەر ئەوەی تەڕ بووە بووەتەهۆی ئەوەی لەکاتی هەڵخستنی جلەکان، کارەبا لە هاوژینەکەی بدات.
 
دنیا جگە لەوەی دووگیان بوو ، سێ منداڵی دیکەی هەبوو کە تەمەنیان ( 4ساڵ، 6 ساڵ، 7 ساڵ) بوو، ماوەی 8 ساڵ بوو هاوسەرگیریی کردبوو و وەک مێردی دەڵیت، ئەوان زۆر بەختەوەر بوون و هەرگیز کیشەیان نەبووە، ماڵی باوکی زۆر خۆشیان ویستووە و لە گوندەکەش خۆشەویست بووە.
 
ژنەکە سێ کوڕی لە دوای خۆی جێهێشت، ئەو منداڵەیشی بڕیاربوو لەدایک ببێت بە گوتەی کەسوکارەکەی کچ بووە. بەڵام ئەویش گیانی لەدەستداوە.