بەشێکی زۆری ئاوارەکانی موسڵ نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان
رووداو - هەولێر
سەرەڕای ئەوەی پێنج مانگە ناوچەکانیان کۆنترۆڵکراوەتەوە، بەڵام بەشێکی ئاوارەکانی موسڵ لە هەرێمی کوردستان نەگەڕاونەتەوە و هۆکاری نەگەڕانەوەشیان وێرانبوونی ناوچەکانە بەهۆی شەڕی 10 مانگەی موسڵ لەنێوان هێزە عێراقییەکان و چەکدارانی داعش.
ملیۆنێک و 350 هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستانن، ئەوان وێرانبوونی ناوچەکانیان وای لێکردوون ژیانی ژێر خێوەت لە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان بە باشتر بزانن لە گەڕانەوە بۆ سەر کەلاوە و ناوچەی بێ سەقامگیری.
هەموو ئە ناوچانەی داعشی لێبوو ئێستا ئارامە و لەژێر کۆنترۆڵی هێزە عیراقییەکاندایە، بەڵام هێشتا کەمپەکانی باشووری کوردستان پڕن لە ئاوارە و سەرەڕای گوشارەکانی حکومەتی عێراق لەسەریان دەیان هەزار ئاوارە نایانەوێ بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
رزگار عوبێد، بەرپرسی کەمپەکانی ئاوارەکانی موسڵ دەڵێت "بڕیاری نەگڕانەوەی ئەم ئاوارانە لەکاتیکدایە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی گەشتە نێودەوڵەتییەکانیان راگیراوە و رۆژ بە رۆژ هاوکارییەکانی حکومەتی عێراق و رێکخراوە نێودەڵەتییەکان کەمتر دەبنەوە".
پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن