کۆمیسیۆن: کارمەندانی سەر سندووقەکان دوای چوار مانگ مووچە وەردەگرن

07-10-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت هەر دەرچوویەکی زانکۆ و پەیمانگەکان 250 هەزار دینار و فەرمانبەرانیش 100 بۆ 150 هەزار دینار وەردەگرن لە پاداشتی چاودێری و بەشداری لە بەڕێوەبردنی پڕۆسەی دەنگدان.
 
رۆژی دووشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئەسیل ئیسماعیل، بەرپرسی هۆبەی راگەیاندن لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "زیاتر لە 41 هەزار کارمەند بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی دەنگدان تۆمارکراون، کە پێکدێن لە فەرمانبەر و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان، ئەو بڕە پاداشتەش کە بۆیان دیاریکراوە؛ بۆ هەر کارمەندێکی ئاسایی ناوەند و بنکەکان کە فەرمانبەر بێت، 100 هەزار دینار؛ کارمەندانی سەر ئامێرەکان کە فەرمانبەر بێت 150 هەزار دینار و ئەو کارمەندانەش کە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن چ کارمەندی ئاسایی بن یان کارمەندی سەر ئامێرەکان، 250 هەزار دیناریان پێدەدرێت."
 
بە گوتەی سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانی عێراق، "ئەو بڕە پارەیەی بۆ کارمەندەکان خەرج دەکرێت، لەو بەشە بودجەیە دەبێت کە حکومەتی عێراق بۆ کۆمیسیۆن دیاریکردووە، بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان."
 
‌ 20ی‌ ئه‌م مانگه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ خولی‌ شه‌شه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ڕێوه‌دەچێت، کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتیی دەکات.
 
سەبارەت بە کاتی وەرگرتنی پاداشتەکە، عیماد جەمیل بە رووداوی گوت: "رەنگە کارمەندان سێ بۆ چوار مانگ دوای هەڵبژاردن ئەو پاداشتە داراییە وەربگرن، بەڵام بەدڵنیاییەوە مافیان نافەوتێت."
 
28ی ئەیلوولی 2024 نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە رووداوی گوت: "بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆن پێویستی بە بەشە بودجەیەکی تایبەتە، بۆیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە زیاتر لە 50 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە کە دەکاتە نزیکەی 33 ملیۆن دۆلار".
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە