وەزیری خوێندنی باڵا بەگرێبەستکردنی وانەبێژانی واژۆ کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەگرێبەستکردنی وانەبێژانی وەزارەتەکەی واژۆ کرد.
 
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 7ی ئۆکتۆبەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، فەرمانى بەگرێبەستکردنى مامۆستایانى وانەبێژى واژۆ کرد."
 
وانەبێژانی خوێندنی باڵا ژمارەیان 4 هەزار و 14 مامۆستایە. لە نووسراوەکەدا کە وەزیری خوێندنی باڵا واژۆی کردووە، هاتووە، "ئاماژە بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی دیوان ژمارە (13338) تایبەت بە بەگرێبەستکردنی وانەبێژانی سەر بە وەزارەتمان،" بڕیاری بەگرێبەستکردنی وانەبێژان دراوە و لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، وەزارەتەکەیان هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتى دارایی و ئابووری دەکات بۆ جێبەجێکردنی گرێبەستکردنەکە و ئەنجامدانی بایۆمەتری.
 
02ـی ئەم مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مامۆستایانی وانەبێژی خوێندنی باڵا دەکرێنە گرێبەست.
 
خوێندنی 2023 و 2024، هەزار و 982 وانەبێژای هەبوو و بە نووسراوێک داوای بە گرێبەستکردنیان کرا؛ هەروەها نزیکەی 2 هەزار وانەبێژی دیکەی ساڵانی پێشتر هەبوون و بە نووسراوێکی دیکە داوای گرێبەستکردنی ئەوانیش کرابوو. توانا نەجەف گوتی، گرێبەستکردن هەموویان دەگرێتەوە.
 
25ـی ئاب، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژانی پەروەردە بکاتە گرێبەست.
 
کەمترین مووچەی وانەبێژی خوێندنی باڵا بە گوێرەی بڕوانامەکانیان 500 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان یەک ملیۆن و 250 هەزار دینارە.