کۆمیسیۆن بەربژێرێکى دوورخراوەى لە دهۆک گەڕاندەوە و جێگرەوەکەى دوورخستەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، بەربژێرێکى دوورخراوەى لیستی نەوەی نوێ لە دهۆک دەگەڕێنێتەوە و جێگرەوەکەى لەو لیستە لادەبات. لە هەمانکاتدا سکاڵاى بەربژێرێکى دیکەی دوورخراوەى لیستى نەوەى نوێ لە هەمان پارێزگا رەتدەکاتەوە بۆ گەڕاندنەوەى بۆ لیستەکە.
بڕیارەکەى کۆمیسیۆن لە 6ى تشرینى یەکەم دەرکراوە، تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، کە سکاڵاى شەتاو عەزیز، بەربژێرى ژمارە 12ى لیستى نەوەى نوێ لە بازنەى دهۆک رەتکراوەتەوە بۆ گەڕاندنەوەى بۆ لیستەکە، دواى ئەوەى دوورخراوەتەوە.
خالید عەباس، بەڕێوەبەرى ئۆفیسى دهۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو بەربژێرە بەڵگەنامەى پێویستى نەبوو بەوەى دانیشتووى دهۆکە، بەڵکو دانیشتووى بازنەى سلێمانى بووە".
لەبرى ئەو بەربژێرە دوورخراوەیە، ئیمان عەبدولڕەحمان، وەک بەربژێرى ژمارە 12ى لیستى نەوەى نوێ دیاری کراوە.
هەروەها کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بڕیاریدا، مۆردان نەوزاد وەک بەربژێر بگەڕێنێتەوە، کە پێشتر دوور خرابووەوە.
بەڕێوەبەرى ئۆفیسى دهۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند: دوورخستنەوەى مۆردان نەوزاد بەهۆى ئەوە بووە، کە کێشەى لە بەڵگەنامەکانى سەلماندنى شوێنى نیشتەجێبوونى هەبووە لە دهۆک، بەڵام لە دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن سکاڵاى تۆمار کردووە بۆ ئەوەى بگەڕێندرێتەوە و بڕیاری گەڕاندنەوەی درا.
پێشتر لە 24ى ئەیلوول کۆمیسیۆن ناوى بەربژێرانى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پەسند کرد، لەبرى مۆردان نەوزاد، هەیفا میکائیل وەک بەربژێرى جێگرەوە دانرابوو، بەگوێرەى بڕیارەکەى کۆمیسیۆن بەربژێرە جێگرەوەکە لە لیستى نەوەى نوێ لادرا.
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ى تشرینى یەکەم دەکرێت، 1911 بەربژێرى پارت و هاوپەیمانێتیەکان رکابەرى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسى پەرلەمان.