ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی: هیچ هەوڵێک نییە بۆ کۆبوونەوەی دوو بەرە جیاوازەکەی گۆڕان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای 10 رۆژ لە درووستبوونی ناکۆکیی نێوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان و دابەشبوونی بەسەر دووبەرەدا، تاوەکو ئێستا هیچ هەوڵێک بۆ کۆکردنەوەی هەردوو بەرەکە نییە، ئەندامێکی‌ جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەکە دەڵێت، ئەو گرووپەی دانا ئەحمەد مەجید سەرۆکایەتیی دەکات، "بە نایاسایی" رێکخەری گشتییان هەڵبژاردووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2024، نزار مه‌حموود ساڵح، ئەندامی‌ جڤاتی‌ نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە لەسەر کێشەیەکی تایبەتی لەگەڵ دانا ئەحمەد مەجید تووڕە نەبووین تاوەکو ئاشتمان بکەنەوە، بەڵکو کێشەی بیروبۆچوونە، ئەوان دەیانەوێت لە دەرەوەی یاسا کاربکەن، دەستنیشانکردنی دانا ئەحمەد مەجید وەکو رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بەو میکانیزمە یاسایی نییە و بەپێی دەستووری ناوخۆیی بزووتنەوەکە، پێویست بوو رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لەنێو جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردرێت."
 
نزار مه‌حموود سالح گوتیشی: "لەسەر داوای زۆرینەی ئەندامانی هەڵبژێردراوی جڤاتی نیشتمانی، پشتیوانیی تەواو لە دەستووری نێوخۆیی و جڤاتەکە دەکەین، دەمانەوێت کار بەم دەستوورە بکرێت، بەڵام ئەوان دەیانەوێت لە دەرەوەی ئەو دەستوورە کاربکەن. ئێمە هیچ کێشەمان لەگەڵ خودی دانا ئەحمەد مەجید نییە، بەڵکو جیاوازیی تێڕوانین لەسەر دەستوور لە نێوانماندا هەیە." 
 
سەبارەت بە دابەشبوونی ئەندامانی جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزووتنەوەی گۆڕان، نزار مه‌حموود دەڵێت: "31 ئەندام لە جڤاتی‌ نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردراون، 23 ئەندام دەنگیان داوە بۆ ئەوەی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان جێبەجێبکرێت، 8 ئەندامەکەی دیکەش بەشێکیان بێ لایەنن."
 
نزار مه‌حموود ساڵح گوتیشی: "ئەوان شوێنێکی نایاساییان کردووەتە بارەگای سەرەکیی حیزب لە گەڕەکی کوردسات، بەڵام ئێمە پەسندی ناکەین. لە رێگەی کۆمیسیۆنەوە دۆخەکە یەکلایی دەکەینەوە، پێویست بە کۆنگرەی گشتی ناکات و هیچ هەوڵێک نییە لەوبارەوە."
 
12 رۆژە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە، هێشتا لیستی گۆڕان کارنامەکەی بڵاونەکردووەتەوە. لەبارەی دواکەوتنی بڵاوکردنەوەی کارنامەی لیستی گۆڕان و پەیوەندیی بە کێشە نێوخۆییەکانیانەوە، چۆمان محەممەد، سەرۆکی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی و رێکخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەکە، بە رووداوی گوت: "پێشتر کارنامەی لیستی گۆڕانمان ئامادەکردبوو، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی تێیکەوتین، بڵاوکردنەوەی کارنامەکە دواکەوت، ێستا پێداچوونەوەی زمانەوانی بۆ کارنامەکە دەکرێت و لای ژووری رۆژنامەوانییە."
 
رۆژی 28-09-2024، بەشێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان، رێوڕەسمێکیان بۆ رێزلێنان و ماڵئاوایی لە عومەر سەید عەلی، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و دەستبەکاربوونی دانا ئەحمەد مەجید وەکو رێکخەری نوێی بزووتنەوەکە سازکرد، کوڕانی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەکە بۆ رێگری لەو رێوڕەسمە، رۆژی هەینی 27-09-2024 دەرگای مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانیان بە بەربەستی کۆنکرێتی داخست، دەوام لە ژوور و دامەزراوەکانی بزووتنەوەکەش راگیرا.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نموونەی کارتی دەنگدان.

ئەگەر سیمکارت یان وێنەی کارتى دەنگدان تێکبچێت دەنگى پێدەدرێت؟

هەر کەسێک وێنەى کارتى دەنگدانى شێوابێت، پشت بە ئەو وێنەیە دەبەسترێت بۆ ناسینەوەى کە پێشتر تۆمارکراوە، ئەگەر سیمکارت (چیپ)ـی کارتەکەش شکابێت بە بارکۆد دەنگ دەدات.