ساڵێکە کەیسی 'کوژران'ـی هاونیشتمانییەک رەوانەی دادگەی تایبەتمەند نەکراوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
بەرپرسیار.
بەرپرسیار.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سێ کەس بە تۆمەتی کوشتنی گەنجێکی خەڵکی ناوچەی خۆشناوەتی لە هەولێر تۆمەتبار دەکرێن، تۆمەتباران جگە لە رەتکردنەوەی تۆمەتەکە، مردنی ئەو گەنجەکە بۆ "خوێنبەربوونی ناوەکی" دەگەڕێننەوە. کەیسەکە ساڵێکە رەوانەی دادگەی تایبەتمەند نەکراوە و لە قۆناخی لێکۆڵینەوە دایە.
 
رەهێڵ ساڵح، تەمەنی 29 ساڵ بوو، نیڤشکان بوو. هاوژینی پێکهێناوە و باوکی دوو منداڵ بوو. لە 10-10-2023 لەگەڵ سێ کەسی گوندی ئەسپیندارە لە سنووری ناحیەی هیران دەبێتە دەمەقاڵێ و شەڕیان. کەسوکارەکەی دەڵێن، رەهێل بە جەستەی بریندارەوە لەگەڵ سێ تۆمەتبارەکە لەسەر شەڕەکە گیران و دوای پێنج رۆژ ئازاد کران.
 
دوای تێپەڕبوونی یەک مانگ بەسەر شەڕەکە، تەندروستیی رەهێڵ تێکچووە و براوەتە نەخۆشخانە لە 14-11-2023 لە نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات. رێژنە ساڵح، خوشکی رەهێڵ، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "براکەم هیچ کێشەیەکی لەگەڵ خەڵکی ئەو گوندە نەبووە، بە سێ کەس زۆری لێدەدەن، ئەوان بەمەبەستی کوشتن لێیاندا، لەوکاتە کەسێک شەڕەکە دەبینێ. راپۆرتی پزیشکی هەیە کە دەڵێ بەهۆی زەبری لێدانەوە تووشی خوێنبەربوون بووە."
 
پەیامنێری رووداو بەدواداچوونی بۆ دۆسیەکە کردووە و لەگەڵ شایەتحاڵێک چووەتە شوێنی رووداوەکە. عەبدولستار رەسووڵ، کوڕە پووری گەنجە کوژراوەکەیە، لە شوێنی رووداوەکە، بە فەرهاد دۆڵەمەری، گوت: "گوتم بۆ لێی دەدەن بە سێ کەسان گوتیان ئەوە جنێوی داوە، بۆیە لێمان داوە، ئێ گوتم ئێوەش جنێوتان پێدابا خۆتان دەزانن کە ئەوە کەمئەندامە."
 
دوای گیانلەدەستدانی رەهێل، کەسوکارەکەی سکاڵا لەسەر ئەو سێ کەسە تۆمار دەکەن کە مانگێک پێش گیانلەدەستدانی لەگەڵی بەشەڕهاتوون.
 
سێ کەس بە کوشتنی ئەو گەنجە تۆمەتبار دەکرێن و ئەوان رەتیدەکەنەوە رەهێل بەهۆی شەڕی نێوانیان کوژرابێت. بەختیار عەزیز، یەکێک لە تۆمەتبارەکان، لە بەرپرسیار، گوتی: "پێش شەڕەکە دووجاری دیکە لە کوڕەکەمی دابوو، سێیەم جار هاتە سەر رێگەی و دەمانچەی لە کوڕەکەم دەرهێنابوو. گوتم دەچم سکاڵات لێدەکەم. شەڕ رووینەدا، تەنیا دەمەقاڵێ بوو، هەردوولامان سکاڵامان لە یەکدی کرد، هەردوولامان دەستگیرکراین. دوای ئازادبوونمان کەیسی شەڕەکە داخرا. لەو ماوەیە خەریکی ژیانی خۆی بوو."
 
نزیکەی ساڵێک بەسەرگیان لەدەستدانی رەهێل تێپەردەبێت، کەچی ‌هێشتا کەیسەکە بەهۆی نەبوونی تۆماری شارستانی تۆمەرتبارەکان رەوانەی دادگەی تایبەتمەند نەکراوە. رەسووڵ حەمەد، مامی رەهێڵ، بە رووداوی گوت: "ئێمە دەمانەوێت حکومەت مافی ئەو دوو منداڵەی وەربگرێتەوە، دانیشتنی دادگا بکرێت تاوەکو راستیەکان ئاشکرابن جا ئەوکات ئەگەر بێتاوان بوون با ئازادبکرێن."
 
پارێزەری کەسوکاری رەهێل، بنکەی پۆلیسی هیران بە "کەمتەرخەم" ناودەبات لە ناردنی فەرمانی دادگە بۆ بنکەکانی پۆلیس. هێرش، حوسێن، لەبەرپرسیار، گوتی: "بە بەرد، دار، خاکەناس و بە سێ کەس لە شەڕەکە لە رەهێڵ دراوە. لە راپۆرتی پزیشکی دەرکەوتووە بەهۆی خوێنەربوونەوە گیانی لەدەستداوە. بۆیە دادوەر بە مادەی 405 فەرمانی گرتنی بۆ سێ تۆمەتبارەکە دەرکرد."
 
پارێزەری تۆمەتباران دەڵێ، رەهێل نەخۆشی درێژخایەنی هەبووە. شیراز بارزانی، لە بەرپرسیار، گوتی: "مردنی ئەو کەسە پەیوەندی بە بریکاردارانمەوە نییە. بریکاردارانم سەرەتا بە مادەی 413 راگیران،  دوای مانگێک و دوو رۆژ لە رووداوەکە مادەکە گۆڕدراوە بۆ 405."
 
تۆمەتبارەکان سێ مانگ دوای گیان لەدەستدانی رەهێڵ، خۆیان رادەستی پۆلیس کردبوو، بەپێی مادەی 405 دوای مانگێک لە گیرانیان بەکەفالەت ئازادکراون. کەیسەکە لە قۆناخی وردبینیی دادگە دایە.
 
 

 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نموونەی کارتی دەنگدان.

ئەگەر سیمکارت یان وێنەی کارتى دەنگدان تێکبچێت دەنگى پێدەدرێت؟

هەر کەسێک وێنەى کارتى دەنگدانى شێوابێت، پشت بە ئەو وێنەیە دەبەسترێت بۆ ناسینەوەى کە پێشتر تۆمارکراوە، ئەگەر سیمکارت (چیپ)ـی کارتەکەش شکابێت بە بارکۆد دەنگ دەدات.