برایەکی هاوکار جاف: بەناوی بافڵ تاڵەبانییەوە داوای سوڵحمان لێکراوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
برایەکی هاوکار جاف رایگەیاند، شەوی رابردوو کەسێک بە ناوی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتییەوە پەیوەندیی پێوەکردوون و داوای سوڵحیان لێکردوون، بەڵام ئەوان رەتیانکردووەتەوە و دەڵێت: "خوێنی شەهید هاوکار جاف هێڵی سوورە".
 
ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر تەقینەوەکەی گەڕەکی سەربەرستیی شاری هەولێر تێپەڕی، کە بەهۆیەوە ئەفسەرێکی پێشووی دژە تیرۆری یەکێتی بە پلەی عەقید بەناوی هاوکار عەبدوڵڵا جاف، گیانی لەدەست دا.
 
کەسوکاری عەقید هاوکار جاف، ئەمڕۆ دووشەممە 07-10-2024 کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیان لە سەنتەری شاری هەولێر رێکخست و داوای رادەستکردنی تۆمەتبارانی رووداوەکەیان کرد، یەکێک لەوانە وەهاب هەڵەبجەیی، بەرپرسی دژە تیرۆری یەکێتییە، کە لەلایەن دادگەی هەولێرەوە فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە.
 
محەممەد جاف، کە برای هاوکار جافە، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند: "خەڵک لەسەر ئەو دۆسیەیە گیراوە و دانی بەتاوانەکەدا داناوە و سزاش دراوە، بەڵام هەندێک لە تۆمەتباران هێشتا دەستگیر نەکراون و بافڵ تاڵەبانی رادەستیان ناکات".
 
محەممەد جاف ئاشکرای کرد، داوای سوڵحیان لێکراوە، بەڵام ئەوان سوڵح ناکەن. ئەو گوتی: "دوێنێ شەو کەسێک بە ژمارەی تایبەت تەلەفۆنی بۆ کردم و بەناوی بافڵ تاڵەبانییەوە داوای سوڵحی کرد، بەڵام بەبێ تۆڵەی شەهید هاوکار، هیچ شتێک لە مەرامی ئێمەدا نییە".
 
برای عەقید هاوکار جاف داوای رادەستکردنی ئەو تۆمەتبارانەی کرد، کە تائێستا دەستگیر نەکراون و گوتی: "با بافڵ تاڵەبانی ئەو تۆمەتبارانە رادەست بکات و پارێزەریان بۆ بگرێت، ئەگەر بێ تاوان دەرچوون، ئەوە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵیان نابێت".
 
نیوەڕۆی رۆژی هەینی 7-10-2022 لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا عەقید هاوکار عەبدوڵڵا، ناسراو بە هاوکار جاف گیانی لەدەستدا.
 
 
محەممەد جاف، هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی خوێنی براکەی کرد و گوتی: "ئەگەر تۆمەتباران رادەستی یاسا نەکرێن پەیامی دیکەمان دەبێت. ئێمە لەمەودوا دانانیشین. لەودوا ئەوەی لە دەستمان بێت دەیکەین".
 
رۆژی چوارشەممە 12-10-2022 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا دانپێدانانی شەش کەسی بڵاوکردەوە کە تۆمەتبار کرابوون بە کوشتنی هاوکار جاف، ئەفسەری پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی. ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڤیدیۆکەیدا تیمێکی دژەتیرۆری سلێمانی بە کوشتنی هاوکار جاف تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، بە فەرمانی راستەوخۆی "بەرپرسی دژەتیرۆری سلێمانی" و "بەرپرسی هەواڵگری دژەتیرۆری سلێمانی" کراوە.

 

 
بەڵام دواتر دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی راگەیێیندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی رەتکردەوە و رایگەیاند، "ناوهێنانی دژەتیرۆر و تۆمەتبارکردنی لەلایەن هێزێکی هەواڵگری چەواشەکار کە هەمیشە لە بەرەکانی جەنگی پارێزگاری لە کوردستان هەڵهاتووە و سەر بە لایەنێکی پیلانگێڕی دۆڕاوی ئەم هەرێمەیە کە رێڕەوی ئاسایشیان ونکردووە و لەبری کارکردن بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمەکەمان، سەرقاڵی داتاشینی ئەو سیناریۆیانەن کە سیاسییە دۆڕاوەکانیان فەرمانیان پێدەکەن و ئەم دەزگا هەواڵگرییە چەواشەکارە جێبەجێیان دەکات".
 
دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی سەرجەم ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەفسەرەکان، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر رەتکردنەوە و رایگەیاند، "دڵنیاتان دەکەینەوە خەڵکی خۆشەویستی کوردستان زۆر لەوە هۆشیار و تێگەیشتووترن کە بکەونە ژێر کاریگەریی سیناریۆی بەتاڵ و بێبنەماوە".
 
دادگەی تاوانی هەولێر یەکشەممە 4-6-2023، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ شەش کەس لەوانە دەرکرد کە تۆمەتبار بوون بە کوشتنی عەقید هاوکار جاف لە شاری هەولێر. هەروەها رۆژی 20-06-2023 پێنج کەسی دیکەی لەسەر کەیسی کوشتنی هاوکار جاف سزادا، دوو لە تاوانبارەکان بە زیندانی هەتاهەتایی سزادران و سێ کەسیشیان هەریەکەیان بە حەوت ساڵ زیندانیکردن سزادران.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرپرسیار.

ساڵێکە کەیسی 'کوژران'ـی هاونیشتمانییەک رەوانەی دادگەی تایبەتمەند نەکراوە

سێ کەس بە تۆمەتی کوشتنی گەنجێکی خەڵکی ناوچەی خۆشناوەتی لە هەولێر تۆمەتبار دەکرێن، تۆمەتباران جگە لە رەتکردنەوەی تۆمەتەکە، مردنی ئەو گەنجەکە بۆ "خوێنبەربوونی ناوەکی" دەگەڕێننەوە. کەیسەکە ساڵێکە رەوانەی دادگەی تایبەتمەند نەکراوە و لە قۆناخی لێکۆڵینەوە دایە.