دابەزینی بەهای دینار نرخی خۆراکی بەرزکردووەتەوە

07-10-2024
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
ناجێگیریی دۆخی سیاسی و ئەمنی، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بەهای دیناری عێراقی دەبێت.
ناجێگیریی دۆخی سیاسی و ئەمنی، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بەهای دیناری عێراقی دەبێت.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

مام غازی 32 ساڵە لە بۆرسەی هەولێر کاری ئاڵوگۆڕی دراو دەکات، نیگەرانە لەم رەوشە و ترسی لەوەیە پڕووشکی ئاگری شەڕی ئیسرائیل و لوبنان، بە عێراقیش بکەوێت. 
 
غازی سەعدی، لە ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشان رۆژی دووشەمە بە رووداوی گوت "رەوشی بازاڕ ناجێگیرە. چەند رۆژێکە دۆلار روو لە بەرزییە و تاوەکو دوێنی بە 156 هەزار دینار بوو، بۆیە خواستێکی زۆری لەسەر بوو، بەڵام رەنگە دابەزێت و خواستیش کەمترە، هۆکاری دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی ئێران و ئیسرائیلە." 
 
ناجێگیریی دۆخی سیاسی و ئەمنی، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بەهای دیناری عێراقی دەبێت. 
 
10 رۆژ لەمەوبەر 100 دۆلاری ئەمریکی لە بۆرسەکانی ئاڵۆگۆڕی دراو بە کەمتر لە 150 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام دوای گرژی و ئاڵۆزییەکان، ئێستا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، زیاتر لە 6 هەزار دینار بەهاکەی لەدەستداوە، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر جوڵەی بازاڕ کردووە.
 
بەپێچەوانەی بازاڕی دراو، دابەزینی بەهای دینار بازاڕی خۆراکی سست کردووە، بەگوتەی دووکاندارانی بازاڕی شێخەڵڵا لەسەدا 70٪ جموجۆڵ کەمبووەتەوە.
 
شاکر حەسەن، دووکاندار لە بازاڕەکە بە رووداوی گوت "پێشتر رۆژانە بە بەهای سێ بۆ چوار ملیۆن دینار کەلوپەلمان دەفرۆشت، کەچی ئەمڕۆ ئەوە 10:00ـی بەیانییە و هیچمان نەفرۆشتووە، پسووڵەمان هەر دەرنەهێناوە، هەموو بابەتەکان بەیەکەوە بەستراونەتەوە، خۆراک و کەمالیات و هیچ شتێک بازاڕی نییە."
 
لەماوەی پێنچ بۆ شەش رۆژی رابردوودا، بەهای خۆراک بەمجۆرە بەرزبووەتەوە: 
 
برنج بۆ هەر فەردەیێک 5 هەزار.
شەکر بۆ هەر کیلۆیێک هەزار دینار.
رۆن بۆ هەر تۆنێک 2 هەزار.
زەیت بۆ هەر کارتۆنێک 3 هەزار.
 
سەید عەبدولمونعیم محەممەد، مامۆستای ئایینی لە هەولێر، دەڵێ "مووچەکەم 250 هەزار دینارە، هاتووم چا بکڕم بەڵام لەبەر گرانی پێمناکرێ و رەنگە بتوانم چارەگێک بکڕم، بزانین تاکەی بەشمان دەکات، ژیان کەی ئاوا دەبێت، دۆلار گرانە و نەبوونییە، قاتییە ژیان ئاوا دەبێت؟ نابێت، ئەگەر دۆلار هەر وا گران بێت لەبرسا دەمرین، چونکە قاتوقوڕییە."
 
ئاڵوگۆڕکارانی دراو هۆکاری دابەزینی بەهای دینار و ناجێگری بازاڕی دراو بۆ ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەگەڕێننەوە، بەتایبەت شەڕی ئیسرائیل و لوبنان، پێشبینی دەکرێت بەهای دینار بەرامبەر دۆلار هێشتا دابەزێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

نرخی نەوت بە رێژەی زیاتر لە 4٪ دابەزی

نرخی نەوت بەهۆی ئەگەری ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان و غەززە، ئەمڕۆ چوارشەممە بەردەوامیدا بە دابەزینەکانی. نرخی نەوتی برێنت 40 سەنتی دیکە دابەزی و یەک بەرمیل بە 77 دۆلار و 94 سەنت، مامەڵەی پێوەکرا.