بەربژێرێک داواى پشتگیری لە کۆمیسیۆن دەکات بۆ ئەوەى مۆبایلەکەى بدەنەوە

رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان داواى پشتگیری لە کۆمیسیۆن دەکات بۆ ئەوەى مۆبایلەکەى بدەنەوە، کە لە بنکەیەکى پۆلیس و لەسەر دۆسەیەکى "ناوزڕاندن" لێى وەرگیراوە.
سەریاس عەونى، بەربژێرى لیستى گۆڕان لە بازنەى هەولێر بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە 23ى ئەیلوولەوە لە بنکەى پۆلیسی خەبات مۆبایلەکەیان لێ وەرگرتووە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەیەک، کە تۆمەتبار کراوە بە ناوزڕاندنی هەندێ کەس لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تیکتۆک.
سەریاس عەونى گوتى، دەستبەسەرداگرتنی "مۆبایلەکەم بۆ لێکۆڵینەوەیە لەسەر ئەو دۆسیەیە و فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى دیکەمى لەسەرە، داوام لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان کرد، کە پشتگیرییەکم بۆ بکات کە بەربژێرم و مۆبایلەکەم بدەنەوە، بۆ ئەوەى بانگەشەى پێ بکەم، چونکە مۆبایلی هاوژینەکەم و براکانم بەکار دەهێنم."
25ى ئەیلوول بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەستی پێکرد و تاوەکو 15ى تشرینى یەکەم بەردەوام دەبێت.
دانا حەسەن، پارێزەرى ئەو بەربژێرە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "پشتگیرییەکەى کۆمیسیۆن ئەوەى تێدایە کە سەریاس عەونى بەربژێرە، بە سکاڵانامەیەکەوە ئامادەى کردووە و بردوویەتى بۆ ئەو بنکەى پۆلیسەى لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە دەکات."
دانا حەسەن گوتى: "ئێستا مۆبایلەکە لە بەڵگەى تاوانە بۆ ئەوەى بزانرێت ئەو ئەکاونتەى بابەتى لێوە بڵاوکراوەتەوە لەلایەن سەریاس عەونی-یەوە خاوەندارێتى دەکرێت یان نا، بۆ گەڕاندنەوەى مۆبایلەکە ئەو پشتگیرى و داواکارییە دەخرێتە بەردەم دادوەر تاوەکو بیداتەوە بە بەربژێرەکە."
نووسراوى پشتگیرییەکە لە 29ى ئەیلوول لەلایەن نووسینگەى هەولێرى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە کراوە بۆ دادگەى لێکۆڵینەوەى قەزاى خەبات و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە کە سەریاس عەونى بەربژێرى ژمارە 7ى لیستى 114 ى گۆڕانە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و ئەو پشتگیرییە لەسەر داواى بەربژێرەکە کراوە.
دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 20ى تشرینى یەکەم دەکرێت، دوو رۆژ بەر لەوە دەنگدانى تایبەت دەکرێت، کە تێیدا 1911 بەربژێرى پارت و هاوپەیمانێتى و سەربەخۆکان رکابەرى دەکەن.