کاردۆ محەممەد: گۆڕان دوای هەڵبژاردن دەبێتە ئۆپۆزسیۆن

07-10-2024
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
کاردۆ محەممەد، رێکخەری ژووری پەرلەمان و حکومەتی بزووتنەوەی گۆڕان.
کاردۆ محەممەد، رێکخەری ژووری پەرلەمان و حکومەتی بزووتنەوەی گۆڕان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رێکخەری ژووری پەرلەمان و حکومەتی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، دوای هەڵبژاردن، بزووتنەوەی گۆڕان هەر ئەنجامێک بەدەستبێنێت، دەبێتە ئۆپۆزسیۆن و بەشداری حکومەت ناکاتەوە.
 
 کاردۆ محەممەد، رێکخەری ژووری پەرلەمان و حکومەتی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، رایگەیاند وەک گۆڕان بڕیاریان داوە دوای هەڵبژاردن ببنە ئۆپۆزسیۆن و گوتی، "ئێمە وەک تاکە هێزێک کە هێشتا ئاکامەکانی هەڵبژاردن نازانین دوای هەڵبژاردن دەبینە ئۆپۆزسیۆن".
 
گوتیشی، "بەدڵنیاییەوە بەو پەرتەوازەییەی ئێستا، ئۆپۆزسیۆن ناتوانن ببنە ئەو هێزە بەهێزەی کە دەتوانێ لە گۆڕانکاریدا ئەلتەرناتیڤی هەبێت".
 
کاردۆ محەممەد باسی لە کەمی رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو کرد و بەشێک لە هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ بەشدارینەکردنی دەنگدەرانی گۆڕان، بەهۆی هەڵوێستیان لە بەرامبەر بەشداریکردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەت و گوتی،"ئەوەی لە کوردستان جێگەی تێڕامانە، نزیکەی 70٪ی خەڵک بەشداری هەڵبژاردنی نەکردووە، ئێمە پێمان وایە بەشێک لە دەنگدەرانی ئێمە گۆڕانخوازان کاتێ کە زانیویانە گۆڕان لە گۆڕەپانەکەدا بووە و ناتوانێت نوێنەرایەتی بکات بە هۆی بەشداریکردنی لە حکومەت بایکۆتی دەنگدانیان کردووە".
 
ئەو بەرپرسەی گۆڕان پێیوایە بە گەڕانەوەی ئەو دەنگانە و کارەکتەرە دیارەکان کە پشتیوانی گۆڕان دەکەن و هەروەها هەڵوێستی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان "دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە رێژەی دەنگدان، بەڵام ناتوانین ئیستا پێشبینی بکەین، بەڵام بەرە بەرە راپرسییەکان دەری دەخەن چۆنە''.
 
رۆژی 18ی ئەم مانگە دەنگدانی تایبەت و رۆژی 20ی مانگ دەنگدانی گشتی هەیە، لەم ماوەیەدا بزووتنەوەی گۆڕان دووچاری کێشەی ناوخۆیی بووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە