جیاوازییەکانی ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمان لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوو چین؟
رووداو دیجیتاڵ
لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەم جارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، شەش جیاوازی لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێنج خولی رابردوودا هەیە.
"دەنگدانی ئەلیکترۆنی"
بۆ یەکەمجارە لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی دەنگدان بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی دەبێت.
بۆ دەنگدان، کۆمیسیۆن سێ ئامێر بەکاردەهێنێت کە بریتین لە ئامێرەکانی دڵنیابوونەوە لە زانیاری دەنگدەر، ناسراو بە ئامێری (VVD). لەگەڵ ئامێری ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگدانی ئەلیکترۆنی ناسراو بە (PECOS). هەروەها ئامێری ناوەندی گوێزەرەوەی ئەنجامی دەنگدانی ئەلیکترۆنی لەرێگەی مانگی دەستکرد ناسراو بە (RTS).
لەبارەی پەیڕەوکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ هەڵبژاردنەکان، حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە زۆر شەفاف و پاک و بێگەرد دەبێت.
دەشڵێت: "رێکارەکانمان زۆر تۆکمەن و هیچ بوارێک بۆ ساختەکاری نییە لەم هەڵبژاردنەدا، کارتی بایۆمەتری بەهیچ جۆرێک ساختە ناکرێت و ئامێرەکان بە وردی کاردەکەن، هەڵبژاردنەکانی 2021 و 2023 ئاشکرای کرد کە کۆمیسیۆن چەندە کارەکانی سەرکەوتووە."
عومەر ئەحمەد دڵنیایی دەدات کە رێژەی ساختەکاری لەم هەڵبژاردنەدا سفر دەبێت. "هەڵبژاردنەکانی 2021 و 2023 شایەتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانن، کە چەند بە سەرکەوتوویی هەڵبژاردنەکانی بەڕێوەبردووە، سوپاسی یونامیش دەکەین کە هەمیشە ئامادەییان هەیە و هاوکارمانن."
رۆژى 18ى تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانى تایبەت و 20ى هەمان مانگیش دەنگدانى گشتی بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دەکرێت.
سەبارەت بەو سیستمە نوێیە بۆ هەڵبژاردن، رۆژی 29ی ئابی 2024، کڵاودیۆ کۆردۆنی، جێگری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق بۆ کاروباری سیاسی و هاوکاری هەڵبژاردن بە رووداوی راگەیاند: "ئەو رێکارانەی هەن وەکو ئەوەی کە ناسینەوەی دەنگدەران دەبێت لە رێگەی بایۆمەترییەوە، بۆیە کەس ناتوانێت خۆی وەکو کەسێکی دیکە بناسێنێت، هەروەها ژماردنی دەنگەکان بە ئەلیکترۆنی و دەستیی دەکرێت بە ئامادەبوونی لایەنەکان، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی راستەوخۆ لە وێستگەکانی دەنگدان رادەگەیێندرێن و هەموو ئەنجامەکانیش لە ماوەی 24 کاژێردا رادەگەیێندرێن دەزانیت هەموو ئەم رێکارانە ئەگەرەکانی ساختەکاریی کەمدەکەنەوە."
"دووەمجارە بێ پەرلەمان هەڵبژاردن دەکرێت"
لە دوای 1992، دووەمجارە لە هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمان بەبێ بوونی پەرلەمانێکی کارا بەڕێوەدەچێت.
لە 30ی ئایاری 2023، دادگەی فیدرالی عێراق، بڕیاریدا درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووری هەژمار بکات. رایگەیاند، لە 6ی 11ی 2022وە کە تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمان تەواو بوو، هەر بڕیارێک لە پەرلەمان دەرچووبێت "نادەستووری و نایاساییە."
بەمەش کۆتایی بەو خولەی پەرلەمان هێنا و لەوکاتەشەوە، پەرلەمانی کوردستان چالاک نییە، بۆیە ئەمە دووەمجارە لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردن بکرێت و پەرلەمانێکی کارا نەبێت.
هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمان، بەوپێیەی نزیکەی ساڵێک بوو راپەڕین کرابوو، لە مانگی ئایاری 1992 بەبێ بوونی پەرلەمان بەڕێوەچوو.
"عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان دەکات"
لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی و دوای بە نایاسایی ناساندنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیشی هەڵوەشاندەوە. هەرچەندە تاوەکو ساڵی 2014 هەر کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی ئەو پرۆسەیەی کرد.
بەڵام ئەمجارە وەکو پێش ساڵی 2014، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و چاودێری پرۆسەی ئامادەکاریی و دیاریکردنی وادەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و پرۆسەی دەنگدان و راگەیاندنی ئەنجامەکان دەکات.
"کەمکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان"
رۆژی 22ى شوباتی 2024، دادگەى باڵاى فیدراڵى 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانى لە پەرلەمانى کوردستانی هەڵوەشاندەوە کە پێنج کورسی بۆ کریستیان و پێنج کورسیی بۆ تورکمان و یەک کورسیش بۆ ئەرمەن بوو. بەڵام دواتر پێنج کورسی کۆتا گەڕێندرایەوە، بەم بڕیارەش، ژمارەی گشتی کورسییەکانی پەرلەمانی کورستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەمکرایەوە و 95 کورسی گشتی و 5 کورسیش بۆ کۆتا.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هەزار و 191 کەس کە پێکهاتوون لە 823 پیاو و 368 ژن، خۆیان بۆ بەدەستهێنانی 100 کورسیی پەرلەمان بەربژێر کردووە. 38 کەسیش خۆیان بۆ پێنج کورسیی کۆتاکە بەربژێر کردووە کە 20یان تورکمان و 18یان کریستیانن.
"کەمکردنەوەی کورسیی کۆتاکان"
لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا، 11 کورسی بۆ سێ پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان تەرخان کرابوو کە کورسیی کۆتا بوون. (کلدان، سریان، ئاشووری) پێنج کورسی بۆ تەرخان کرابوو، تورکمان پێنج کورسی و ئەرمەن یەک کورسی.
بەڵام بەگوێرەی بریارێکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، کورسیی کۆتاکان هەڵوەشێندرانەوە. دواتر لە 20ی ئایاری ئەم ساڵ، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا بە تەرخانکردنی پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان و لەم هەڵبژاردنەدا بەم شێوەیە بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا دابەش بکرێن: دوو کورسی بۆ نەتەوەی تورکمان (یەک کورسی لە سلێمانی، یەک کورسی لە هەولێر). سێ کورسی بۆ پێکهاتەی کلدان و سریان ئاشووری و ئەرمەن (یەک کورسی لە سلێمانی، یەک کورسی لە هەولێر و یەک کورسی لە بازنەی دهۆک).
"فراوانکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن"
بۆ یەکەمجار لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە کرایە چوار بازنە.
جیاوازییەکەی ئەوەیە لە یەک بازنەییدا دەنگی پارتەکان و بەربژێرەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کۆدەکرایەوە، بەڵام بەگوێرەی چوار بازنەیی، دەنگی بەربژێران لەسەر ئەو بازنەیە هەژمار دەکرێت کە تێیدا بەربژێر کراوە و دەنگدەریش دەبێ تەنیا دەنگ بەو بەربژێرە بدات کە لە بازنەکەی ئەودا خۆی بەربژێر کردووە.
کورسییەکانی پەرلەمان کە 100 کورسین بەسەر ئەو چوار بازنەیەدا دابەشکران و بە سیستمی نوێنەرایەتی رێژەییە و دەنگی زیادە دەچێتە سەر دەنگی زۆرینە؛ بۆ بازنەی پارێزگەی دهۆک: 25 کورسییە، لە بازنەی پارێزگەی هەولێر 34 کورسییە، لە بازنەی پارێزگەی سلێمانی، 38 کورسییە و لە بازنەی پارێزگەی هەڵەبجەش سێ کورسییە و لە هەولێر، دهۆک و سلێمانیش پێنج کورسی بۆ کۆتا دیاریکراون.