وەزیری ئاوەدانکردنەوە: ئەم هەفتەیە کارکردن لە رێگەی دووکان-چوارقوڕنە دەستپێدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی هەفتە دەست بە کارکردن لە قۆناخی دووەمی رێگەی دووکان-چوارقوڕنە دەکرێتەوە. گوتیشی، هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی پڕۆژەکان، یەکنەخستنەوەی کەرتی سەربازی و داراییە لە هەرێمی کوردستان. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە 07-10-2024، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینی کرد و بەردی بناخەی قیرتاوکردنەوەی رێگەی قەڵادزێی- ئیسێوەی دانا.
 
درێژیی رێگەکە زیاتر لە 28 کیلۆمەترە و بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار و 300 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت. دانا عەبدولکەریم گوتی: ''پێویستە لە ماوەی کەمتر لە 360 رۆژدا پڕۆژەکە تەواو بکرێت و بخرێتە خزمەت خەڵکەوە.''
 
وەزیری ئاوەدانکردنەوە گوتی: ''پرۆژەکە جیا لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە دانیشتووانی سنووری قەزای پشدەر، بۆ ئاسانکاریی هاتووچۆ و گواستەوەی بەروبوومی کشتوکاڵیش خزمەتی سەرجەم ناوچەکانی ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای سلێمانی دەکات".
 
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەبارەی قۆناخی دووەمی پڕۆژەی رێگەوبانی دووکان-چوارقوڕنە گوتی: ''بەیانی یان دووبەیانی کۆمپانیای جێبەجێکار دەستبەکار دەبێتەوە، قۆناخەکە ئامادەکاریی تەواوی بۆ کراوە و دڵنیام تاوەکو کۆتایی هەفتە ئامێرەکانی کۆمپانیا لەسەر رێگەی دووکان- چوارقوڕنە دەبینن.''
 
رێگەی دووکان–چوارقوڕنە یەکێکە لە رێگە ستراتیژییەکان کە بە سێ قۆناخ جێبەجێ دەکرێت، قۆناخی یەکەمی لە چوارقوڕنەوە تاوەکو پردی هیزۆپ 95٪ـی کارەکانی تەواوکراون، قۆناخی دووەم لە پردی هیزۆپەوە تاوەکو نزیکی خەلەکان 45٪ـی کارەکانی تەواوکراون، بەڵام پڕۆژەکە وەستاوە، قۆناخی سێیەمیش لە خەلەکانەوە دەستپێدەکات تاوەکو دووکان کە 10 کیلۆمەترە.
 
بەگوتەی دانا عەبدولکەریم، هۆکاری دواکەوتنی پڕۆژەکان نەبوونی نەختینەیە لە بانکەکان و دەشڵێت: ''یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی پارەی کاش لە بانکەکان، سیاسەتی دوو بەڕێوەبەریی داراییە کە تاوەکو رێکنەخرێتەوە و هەرێمی کوردستان نەبێتە خاوەنی گیرفانێکی یەکگرتوو، ئەم کێشانە بەردەوام دەبن.''