کارنامەی هەڵبژاردنی گۆڕان زیاتر دواکەوت
رووداو دیجیتاڵ
دوای 12 رۆژ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هێشتا بزووتنەوەی گۆڕان کارنامەکەی بڵاونەکردووەتەوە. سەرۆکی لیستی گۆڕان لە سلێمانی دەڵێت "بەهۆی ئەم دۆخەی گۆڕان تێیکەوت، بڵاوکردنەوەی کارنەماکە دواکەوت".
رۆژی دووشەممە، 7-10-2024، چۆمان محەممەد، سەرۆکی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی و رێکخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەکە، بە رووداوی گوت: "پێشتر کارنامەی لیستی گۆڕانمان ئامادەکردبوو، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی تێیکەوتین، بڵاوکردنەوەی کارنامەکە دواکەوت".
لە 25-9-2024 ـەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە و 15ـی ئەم مانگەش کۆتایی دێت، تەنیا هەشت رۆژ لەبەردەم لایەنەکان ماوە بۆ بانگەشە و دواتر بانگەشەکردن قەدەخە دەکرێت.
چۆمان مەحموود ئاماژەی بەوەکرد، "ئێستا پێداچوونەوەی زمانەوانی بۆ کارنامەکە دەکرێت و لای ژووری رۆژنامەوانییە". بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رەنگە ئەمڕۆ کارنامەکە بڵاوبکرێتەوە.
هێمن شێخانی، سەرۆکی لیستی گۆڕان لە بازنەی پارێزگەی هەولێر بە رووداوی گوت: "ئێمەش چاوەڕێین و کارنامەکە لای برادەرانی سلێمانییە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچمان پێنەگەیشتووە".
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 20-10-2024 بەڕێوەبچێت، بزووتنەوەی گۆڕان بە 59 بەربژێر بەشداری لە هەڵبژاردن دا دەکات.