سوێد ژنێک بە تۆمەتی تێوەگلان لە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دادگایی دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بە تۆمەتی تێوەگلان لە تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، ئەمڕۆ لە سوێد دادگاییکردنی ژنێکی تەمەن 52 ساڵ دەستیپێکرد. 
 
لینا لاینا عیشاق هاووڵاتیی سوێدییە و تۆمەتبارە بەوەی لە ئابی 2014 تاوەکو کانوونی یەکەمی 2016 لە شاری رەققەی سووریا تاوانی بەرامبەر ژن و کچانی کوردی ئێزدی ئەنجام داوە کە لە لایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرابوون.
 
ئەمە یەکەم جارە لە سوێد کەسێک لەسەر دۆسیەی کوردانی ئێزدی دادگایی دەکرێت. 
 
چاوەڕوان دەکرێت دادگاییکردنەکە دوو مانگ بخایەنێت و داخراو بێت. 
 
داواکارێک بە ناوی رینا داڤگن دەڵێت، لە ژێر فەرمانڕەوایی داعشدا لە رەققە، ژن و منداڵانی کوردی ئێزدی "لە لایەن داعشەوە وەک کۆیلە بازرگانییان پێوە دەکرا، ناچار بە کۆیلایەتیی سێکسی و کارکردن دەکران، لە ئازادی بێبەش دەکران و لە دەرەوەی یاسا بڕیاری کوشتنیان بۆ دەردەکرا". 
 
داڤگن لە کاتی دەستپێکردنی دادگاییکردنەکە لە دادگەی هەرێمیی ستۆکهۆڵم گوتی، ئەو سکاڵایەی دژی ژنەکە تۆمارکراوە، باس لەوە دەکات، ژنە تۆمەتبارەکە لە ماڵەکەی خۆیدا لە رەققە، مامەڵەیەکی خراپی لەگەڵ کچان و ژنانی کوردی ئێزدی کردووە بەو ئامانجەی "بە تەواوی یان نیمچەیی لە لەنێوبردنی پێکهاتەی ئێزدییدا بەشداربێت". 
 
بە گوێرەی سکاڵانامەکە، عیشاق بۆ ماوەی 7 مانگ، 9 کەسی لەژێر دەستبەسەریدا هێشتووەتەوە، وەک کۆیلە مامەڵەی لەگەڵدا کروون و ئازاری داون. ژمارەیەک لەو کەسانە منداڵ بوون. 
 
عیشاق کە رەتیدەکاتەوە هیچ کارێکی هەڵەی کردبێت، بە ئازاردانی منداڵێکی ساواش تۆمەتبارە. دەگوترێت لە کاتی گریانی منداڵێکی تەمەن یەک مانگەدا دەستی خستووەتە سەر دەمی منداڵەکە بۆ ئەوەی بێدەنگی بکات؛ هەروەها تۆمەتبارە بە فرۆشتنی 2 کەس بە داعش، وێڕای ئەوەی زانیویەتی دەکەونە بەر مەترسی کوشتن یان دەستدرێژیی سێکسی. 
 
لە ساڵی 2017 کە خەلافەتەکەی داعش لە شکستدا بوو، عیشاق لە رەققە هەڵاتبوو و لە لایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)وە دەستگیرکرابوو، بەڵام دواتر رایکردبوو و توانیبووی خۆی بگەیێنێتە تورکیا.
 
لە تورکیا ژنەکە و سێ منداڵی دەستگیرکرابوون. یەکێک لەو منداڵانە لە سوێدەوە لەگەڵ خۆی بردبوویە سووریا، دووانەکەی دیکەی لە چەکدارێکی توونسیی داعش ببوون. پاشان لە لایەن تورکیاوە رادەستی سوێد کرابووەوە.
 
لەسەر بردنی منداڵە دوو ساڵانەکەی بۆ سووریا، پێشتر ژنەکە لە سوێد سزای 3 ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکرابوو. بە گوتەی خۆی، لە ساڵی 2014 بە باوکی منداڵەکەی گوتبوو، لەگەڵ کوڕەکەی بۆ گەشتکردن دەچنە تورکیا، بەڵام دواتر لە سنوور پەڕیبوونەوە و چووبوونە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی داعش. 
 
عیشاق ئێستا لە زیندانە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاردۆ محەممەد، رێکخەری ژووری پەرلەمان و حکومەتی بزووتنەوەی گۆڕان.

کاردۆ محەممەد: گۆڕان دوای هەڵبژاردن دەبێتە ئۆپۆزسیۆن

رێکخەری ژووری پەرلەمان و حکومەتی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، دوای هەڵبژاردن، بزووتنەوەی گۆڕان هەر ئەنجامێک بەدەستبێنێت، دەبێتە ئۆپۆزسیۆن و بەشداری حکومەت ناکاتەوە.