بانگەشەی هەڵەبجە بێ سكاڵایە

 
رووداو دیجیتاڵ 

12 رۆژە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە، بەڵام هیچ سکاڵایەک لەو پارێزگەیە تۆمار نەکراوە. 
 
رۆژی دووشەممە، 7-10-2024 سەلام بیلال، سەرۆک شارەوانیی هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "لەسەر بنەمای فەرمانی وزاریی لیژنەی باڵای ئارامیی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی وەزیری ناوخۆ، لیژنەیەکمان لە پارێزگەی هەڵەبجە پێکهێناوە بۆ چاودێریکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، رۆژانە دەگەڕێن و چاودێری بەربژێر و لایەنەکان دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا لیژنەکە هیچ سکاڵا و سەرپێچییەکیان تۆمار نەکردووە".
 
لە رۆژی 25-9-2024ـەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە و تاوەکو 15-10-2024 بەردەوام دەبێت، تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆن 46 سکاڵاى لەسەر پێشێلکارییەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردن وەرگرتووە، بەڵام هیچ یەک لەو سکاڵا و پێشێلکارییانە لە سنووری پاریزگەی هەڵەبجە نین. 
 
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە روونیکردەوە: "لیژنەکەم سەرپشک کردووە لەوەی سەرەتا بەربژێر و لایەنەکان ئاگادار بکەنەوە، لە ئەگەری هەر سەرپێچییەک تاوەکو پۆستەرەکانیان لاببەن، ئەگەر لایان نەبردن، ئینجا دەیانکەینە سکاڵا، چونکە پێموایە لیژنەکە هەموو بەربژێران دەناسن، نەمانویستووە یەکسەر سکاڵا تۆمار بکەین".
 
گوتیشی: "لەوەتەی ئەو لیژنەیە دەستبەکاربووە، چەند بەربژێرێکیان ئاگادار کردووەتەوە و داوای لابردنی پۆستەرەکانیان لێکردوون، ئەوانیش پۆستەرەکانیان لە شوێنە رێگەپێنەدراوەکان لابردووە و نەگەیشتووەتە تۆمارکردنی سکاڵا".
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە یەکی ساڵی 1992ـی پەرلەمانی کوردستان ژمارەیەک شێوازی سەرپێچی بانگەشە و جۆری سزای دیاریکردووە، لەوانە:
 
بەکارهێنانی باڵەخانە حکومییەکان بۆ هەڵواسینی پۆستەر قەدەخەیە.
 
بەپێی رێنوێنییەکانی وەزارەتی شارەوانی رێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی، نێوان شەقامەکان و نێو پاركە گشتییەكان.
 
رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتووچۆ و تابلۆ رێنیشاندەرەكان، یان هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەی ئۆتۆمبێل.