دابەشکردنی نەوت گەیشتە سەنتەری شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە

07-10-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شارەکانی هەولێر و دهۆک دەستیپێکرد، دوێنێ لە سەنتەری شاری هەڵەبجە دەستیپێکرد و چوارشەممەش لە سەنتەری شاری سلێمانی دابەش دەکرێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی چوارشەممە دابەشکردنی نەوتی سپی لە نێو شاری سلێمانی دەستپێدەکات و بەگوێرەی پلانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی شارەکە، دابەشکردن بەگوێرەی خشتەی بەردەستیان بەردەوام دەبێت کە شارەکە دابەشی چەند مەڵبەندێک کراوە.
 
لە هەڵەبجە دابەشکردن دەستیپێکردووە. بەرپرسێک لە نەوت و کانزاکانی هەڵەبجە ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت، دوای ئەوەی نەوت لە ناحییکانی سنوورەکە و دەڤەری هەورامان دابەشکرا، لە دوێنێوە لە نێو شاری هەڵەبجە دابەش دەکرێت و پڕۆسەکەش بەردەوامە.
 
کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە 02ـی ئەم مانگەوە دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شاری دهۆک دەستیپێکردووە و بەردەوامە.
 
لەبارەی هەولێریشەوە سەرەتای ئەم مانگە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، لە 29ـی ئەیلوولەوە دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شاری هەولێر دەستیپێکردووە و بەردەوام دەبێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 03-10-2024، 25 ملیۆن و 164 هەزار و 600 لیتر نەوتییان بەسەر نزیکەی 126 هەزار خێزاندا دابەشکراوە، کە زۆرینەی لە ناوچە شاخاوییەکان بووە.
 
وەزارەتەکە رایگەیاند، لە هەولێر شەش ملیۆن و 220 هەزار و 600  لیتر و لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چوار ملیۆن و 736 هەزار لیتر نەوت دابەشکراوە.
 
لەبارەی سلێمانی و هەڵەبجەوە وەزارەتەکە رایگەیاندبوو، لە سلێمانی شەش ملیۆن و 429 هەزار لیتر و لە هەڵەبجەش ملیۆنێک و 534 هەزار لیتر نەوت دابەشکراوە.
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان راشیگەیاندووە، لە دهۆک چوار ملیۆن و 600 هەزار لیتر و لە زاخۆش ملیۆنێک و 645 هەزار لیتر نەوت دابەشکراوە.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، دابەشکردنی نەوت ئەمساڵ لە 12ـی ئەیلوولەوە لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکردووە.
 
ئەو خێزانانەی لە دابەشکردنی نەوتی ئەم ساڵ تاوەکو 03ـی ئەم مانگە سوومەندبوون بەگوێرەی شارەکان بەمشێوەیەیە:
 
هەولێر: 31 هەزار و 103 خێزان نەوتیان وەرگرتووە، 383 هەزار و 937 خێزان ماون وەریبگرن.
 
سلێمانی: 32 هەزار و 145 خێزان نەوتیان وەرگرتووە، 486 هەزار و 855 خێزان ماون وەریبگرن.
 
دهۆک: 23 هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە و 202 هەزار خێزان ماون وەریبگرن.
 
هەڵەبجە: 7 هەزار و 670 خێزان نەوتیان وەرگرتووە و 23 هەزار و 330 خێزان ماون وەریبگرن.
 
سۆران: 23 هەزار و 680 خێزان نەوتیان وەرگرتووە و 64 هەزار و 833 خێزان ماون وەریبگرن.
 
زاخۆ: 8 هەزار و 225 خێزان نەوتیان وەرگرتووە و 56 هەزار و 775 خێزان ماون وەریبگرن.
 
نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت و بەرمیلی 100 هەزار دینارە و 3 هەزار بۆ کرێ و هەزار دیناریشی بۆ کارتی زیرەک دەچێتەسەر و بە 104 هەزار دینار دەگاتە هاونیشتمانییان.
 
ساڵی رابردوو بە هەمانشێواز و نرخ، نەوت درایە هاونیشتمانییان لە تەواوی هەرێمی کوردستان.
 
بە گوێرەی دوایین راگەیێندراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ساڵی رابردوو دابەشکردنی نەوت تاوەکو 27ـی ئاداری ئەم ساڵ بەردەوام بووە، لەو ماوەیەدا لە هەولێر 153 هەزار و 422 خێزان، دهۆک 77 هەزار و 899 خێزان، لە سلێمانی و هەڵەبجەش 120 هەزار و 200 خێزان بەشە نەوتیان وەرگرت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە