لە ئامێدی تیمێکی ڤێتەرنەری دوای سێ رۆژ بەرازێک لەنێو بیرێکدا رزگار دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

لە گوندى ئەلکیشکێی ناحیەی کانی ماسێ سەر بە قەزای ئامێدی، بەرازێک دوای سێ رۆژ مانەوەی لەنێو بیرێکی 11 مەتریدا لەلایەن پزیشکێکی ڤێتەرنەری سەر بە رێکخراوی کوردستان بۆ پاراستنی ئاژەڵان، رزگار کرا و گەڕێندرایەوە بۆ نێو سروشت.
 
رۆژی شەممە، 07-10-2023، د.سڵێمان تەمەر، ئەو پزیشکە ڤێتەرنەرییەی بەرازەکەی رزگار کرد، سەرۆکی رێکخراوی کوردستانیشە بۆ پاراستنی ئاژەڵان، بە رووداوی گوت، "لەلایەن دانیشتووانی گوندی ئەلکیشکێ ئاگادارکراین کە بەرازێک کەوتووەتە نێو بیرێکی 11 مەترییەوە، بە قسەی خەڵکی گوندەکە ئەو بیرە ئەم ساڵ بەهۆی بێ ئاوییەوە وشک ببوو، ئەمڕۆ دانیشتووانی گوندەکە بەرازەکەیان لەنێو بیرەکە بینیبوو، ئێمەیان ئاگادار کردەوە، راستەوخۆ چووینە گوندەکە و سەرەتا بە رێگای زانستی بەرازەکەمان بێهۆش کرد و دەرمانهێنا، پاش رزگارکردنی گەڕێنرایەوە دارستان." 
 
لەبارەی کەمبوونەوەی ئاژەڵی کێوی لە سنووری دهۆک، د.سڵێمان تەمەن، گوتی، "لە سێ ساڵی رابردوودا بەهۆی شەڕی بەردەوامی پەکەکە و تورکیا لە چیاکانی سنووری دهۆک، ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵە کێوییەکان شوێنیان گۆڕیوە یان لەنێوچوون، پێویستە ئەو ئاژەڵانە بپارێزین، تاوەکو ئەو باڵانسەی ئاژەڵان لەناو سروشتدا هەیە هەر بمێنێت."