شارەوانی کەرکووک: 102 ملیار دینار بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری تەرخانکراوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری شارەوانی کەرکووک رایدەگەیێنێت، 90 هەزار داواکارییان پێگەیشتووە بۆ تاپۆکردنی خانووەکانیان کە بەشێوەی زێدەڕۆ دروستکراون. دەشڵێت،"ئەمساڵ 102 ملیار دیناریان بۆ تەرخانکراوە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان."
 
ئەحمەد عومەر، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، گوتی، "ئەم ساڵ نزیکەی 102 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی کەرکووک تەرخانکراوە و ئەو پارەیە بۆ قیرتاوکردن و کۆنکرێتکردنی کۆڵان و گەڕەکەکان و دروستکردنی باخچە و شەقامەکان خەرجدەکرێت."
 
بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک دەشڵێت، "بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانیان، ئێستا گرفتێکیان هەیە ئەویش پرۆژەی ئاوەڕۆی کەرکووکە، بۆیە ناتوانن هیچ لەو پرۆژانە جێبەجێبکەن تاوەکو ئەو بابەتە یەکلانەبێتەوە، داوایان لە وەزارەتی شارەوانی کردووە لە قۆناخی یەکەم لەباشووری کەرکووک دەست بەو پرۆژەیە بکرێت و بۆئەوەی ئەوان لە باکووری شارەکە بتوانن پرۆژەکانیان جێبەجێبکەن."
 
لەبارەی ئەو پرۆژەیەوە ئاماژەی بەوەکرد، "پرۆژەی ئاوەڕۆی کەرکووک هەموو گەڕەک و کۆڵانەکان سەر لە نوێ تۆڕی ئاوەڕۆیان بەشێوەیەکی ستاندارد و نوێ بۆ دادەنرێت، چونکە ئەو ئاوەڕۆیەی ئێستا هەیە هی باراناوە. پرۆژەکە لە ناوچەی ترکەڵان لە باشووری کەرکووک وێستگەیەکی گەورەی پاڵاوتن دروستکراوە و ئاوی قورس دەپاڵێوێت و بۆ کشتوکاڵ بەکاردێتەوە."
 
بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمساڵ رێگەی سلێمانی، لە ئەندەرپاسی نەخۆشخانەی ئازادی تاوەکو پردی شەقامی بازنەیی فراوان دەکرێت."
 
"پێنج ملیار دینار بۆ گەڕەکە زێدەڕۆکان تەرخانکراوە"
 
لەسنووری شاری کەرکووک نزیکەی نۆ گەڕەک هەن کە بەشێوەی زێدەڕۆ دروستکراون. ئەحمەد عومەر، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک دەڵێت، "نزیکەی نۆ گەڕەک لەسنووری شارەوانی کەرکووک هەن کە بەشێوەی زێدەڕۆ دروستکراون و لەدوای بانگەواز بۆ پێشکێشکردنی داواکاری تاپۆکردن، لەقۆناخی یەکەمدا نزیکەی 90 هەزار داواکاری بۆ تاپۆکردن پێشکێشکراون."
 
بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک گوتیشی، "ئێستا وەکو قۆناخی دووەم، لیژنەی تایبەت پێکهێنراوە بۆ پۆلێنکردنی گەڕەکەکان و دیاریکردنی خاوەندارێتی ئەو زەوییانەی کە بە زێدەڕۆ خانوویان لەسەر دروستکراوە و تاوەکو دواتر بڕیاری لەسەر بدرێت."
 
لەبارەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بە ئەو گەڕەکانە گوتیشی، "بڕی پێنج ملیار دینار بۆ کۆنکرێت کردنی گەڕەکە زێدەڕۆکان تەرخانکراوە، ئەو گەڕەکە زێدەڕۆیانە نزیکەی 30٪ـی شارەکە پێکدێنن."
 
"بودجەی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک کراوەتە دووهێندە"
 
گرفتی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک و پاککردنەوەی نێو شاری کەرکووک یەکێک بووە لەو گرفتانەی هاونیشتمانییانی شارەکە گلەییان لە کۆبوونەوەی زبڵ لەنێو گەڕەک و کۆڵانەکان هەبوو.
 
ئەحمەد عومەر، دەڵێت، " لە ساڵانی رابردوو، ئەو بودجەیەی بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی شارەکە تەرخان دەکرا کەمبوو کە بڕی پێنج ملیار دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ بڕی 10 ملیار دینار تەرخانکراوە."
 
گوتیشی، "رۆژانە لەنێو شاری کەرکووک هەزار و 200 تۆن زبڵ و خاشاک لەلایەن تیمەکانی شارەوانی کەرکووک و کۆمپانیایەکی پاکەوانییەوە کۆ دەکرێتەوە و ژێر خاک دەخرێت."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کۆکردنەوەی زبڵی شارەکە نووسراویان بۆ پارێزگای کەرکووک کردووە بۆ ئەوەی کارگەیەکی ریسایکڵینی زبڵ لە کەرکووک دابمەزرێت و ئەو کۆمپانیای ریسایكڵینەکەی بۆ دەردەچێت هەرخۆی کاری کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی شارەکە بکات.
 
دەشڵێت،" لە بودجەی ئەمساڵدا، هەموو حاویەکانی زبڵ کە لەنێو شارەکەدا هەن، دەشاردرێنەوە و دەخرێنە ژێر زەویی."
 
"10 ملیار دینار بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی"
 
کەمی رێژەی سەوزایی یەکێکە لە دیارترین سیماکانی شاری کەرکووک و بەگوتەی بەڕێوەبەری شارەوانی شارەکە، رێژەی سەوزایی لە کەرکووک زۆر کەمە و لە ئاستی ستانداردا نییە.
 
ئەحمەد عومەر دەڵێت، "ئەم ساڵ بڕی 10 ملیار دینار بۆ بابەتی سەوزایی و زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە شارەکە تەرخانکراوە، بەشێوەیەک هەموو باخچەکانی نێو شاری کەرکووک نۆژەن دەکرێنەوە و باخچەی نوێ دروست دەکرێن، هەروەها ناوەڕاستی شەقامەکانیش سەوز دەکرێن."
 
بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک دەشڵێت، "ئێستا قۆناخی یەکەمی پرۆژەی سەوزکردنی چواردەوری خاسە لە جێبەجێکردندایە لە گەڕەکی غەڕناتە و لەقۆناخەکانی دیکە کاری زیاتریان لەسەر زیادکردنی رێژەی سەوزایی دەبێت لە شارەکە."