یەکێتیی مامۆستایان: بەهۆی بایکۆتەوە زیاتر لە 700 هەزار قوتابی بێبەشن لە خوێندن

07-10-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن دامەزراندن مامۆستایانی وانەبێژ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە زیاتر لە 700 هەزار قوتابی لە خوێندن بێبەشن. نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژیش دەڵێت، بۆ شکاندنی بایکۆت داوای وانەبێژان بە گرێبەست کردنیانە و مامۆستایانی میلاکیش مووچەی ئاب و ئەیلوولیان دەوێت.
 
لە هەرێمی کوردستان، 13ـی ئەیلوول، پرۆسەی خوێندن دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، مامۆستایان بایکۆتی دەوامیان کردووە.
 
رۆژی شەممە، 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هەرێمی کورستان نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابیان دەوامیان نەکردووە.
 
ئەحمەد گەرمیانی گوتی، "مامۆستایان داوای مووچەی ئەو مانگانە دەکەن وەریان نەگرتووە. ئێمە نامانەوێت مامۆستایان بە گوشار بگەڕێنەوە قوتابخانە و دەمانەوێت بە خواستی خۆیان بگەڕێنەوە."
 
مامۆستایانی ئەو ناوچانە جەخت دەکەنەوە، تاوەکو جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بایکۆت ناشکێنن. کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی وانەبێژان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "داواکاری ئێمە دامەزراندنمانە بەشێوەی گرێبەست بۆ ئەم قۆناخە کە پێشتر وەزارەتی پەروەردە خۆی بەڵێنی پێدابووین. داواکاری مامۆستایانی میلاکیش مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوولە."
 
بەگوتەی کارۆخ عەبدوڵڵا، لە 13ـی ئەیلوولەوە لە 13 پەروەردە بایکۆت راگەیێندراوە و هیچ قوتابخانەیەکی سنووری ئەو پەروەردانە دەوامیان نەکردووە.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە